سەرقوفڵانەی ملهوڕی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-08-03     192

دوای ئەوەی ئاسەواری ژیانیان لەسەر گۆی زەوی وێران و کەشوھەواکەشیان ژەھراوی و مرۆڤەکانیشیان کرد بە کۆیلەی بەرھەمە ماتریالی و فکری وئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی حوکمڕانی و  تەکنۆلۆژیەکانیان،  حاڵی حازر زلھێزەکان بەربوونەتە گیانی مەریخ و بۆشایی ئاسمانەوەو لە کێ بەرکێیەکی بێ وێنەدا بەدوای ئاسەواری ژیان و ئاوو ئاوەدانیدا وێڵن و ملیارەها دۆلار بۆ داگیرکردنی بۆشایی ئاسمانیش تەرخان دەکەن. 

 

ئەمان مەبەستیانە ئەوێش لە چەشنی گۆی زەوی وێران و داروبەردو ئاسمانەکیشی لە نێوان خۆیاندا دابەش کەن و بیکەن بە موڵک و تاپۆی خۆیانەوەو وەک کەرەستەیەکی شەڕەنگێزیی جەنگی جەمسەرەکان و تاڵان و بڕۆی بێ سنوورەوە بیخەنە خزمەت بەرژەوەندیە ناکۆتاکانیانەوە. 

دواتر کۆمەڵە رژمێکی دیکتاتۆرو ملھوڕو بێ ویژدان و تاکڕەوو بەدکاری بەدکردار بەردەنە گیانی بۆشایی ئاسمانەوەو بۆگەنی کەن و ناوی بنێن عەولەمە( جیھانگەرایی) لە پێناوی مرۆڤایەتی و پێشکەوتن و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی و مافی مرۆڤ و چاکەی گشتیدا…!!!

 

ململانێی زلهێزەکان لە ململانێی سەختی سەرخستنی ئایدیاو ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینیەوە تێپەڕیوەو ئێستاکە فۆڕمێکی تا بڵێی قێزەوەن و وێرانکەری وەرگرتووە. زلهێزەکان لە پێشبڕکێیەکی سەرسووڕهێنەری دروست کردن و بەرهەم هێنانی دوا داهێنانەکانی بواری سەربازیدا و وێرانکاریدا، گشت سنوورێکی ئەخڵاقی و عەقڵانی و ئایینی و ئینسانیان بەزاندووە.  لەم ئاڕاستەیەی گرتوویانەتە بەر حیساب بۆ هیچ بەهایەکی  ئایینی و ئاسمانی و ئەخلاقی و ئینسانی و عورف و یاساو رێسایەکی نێودەوڵەتیەوە ناکەن. 

نائامادەیی هەستی مرۆڤدۆستی و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی  بە ئاکارو کردارەکانیانەوە دیارە و لەم چوارچێوەیەدا سڵ لە هیچ کردار و هەنگاوو هەوڵێک ناکەنەوە بۆ گەیشتن بە مەرام و ئامانجە ستراتیژیی و ملهوڕیەکانیان. 

 

بەرەیەکیان بە ناوی دیموکراسی و حوکمی زۆرینەو دەسەڵاتی خەڵک بەسەر خەڵکەوە، ئەویتریان بەناوی پاراستنی بەهاو شکۆی نەتەوایەتیەوە و ئەمیتریان بە ناوی پێشکەوتن و پاراستنی گەورەیی و شکۆی زیاتر لە یەک ملیارد کەسەوە، لە دیمەنێکی دڵتەزێن و سەرسووڕهێنەردا سەرقاڵی داهێنانی دوایین داهێنانەکانی دونیای تێکنۆلۆژیای سەربازی و پیشەسازی سایبری و پێشخستن و  سەرخستن و گۆڕانکاری کردنن لە کۆی سیستەمی کایەی ژیان و جینات و کۆپی کردنه مرۆڤ و  کەشوهەواو رووبەری ئەو دونیایەی چیتر وەک ئەمانەت و بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقی هێمای بۆ ناکرێت. 

 

لەم وێنا دڵتەزێنەدا ئەمان سەلماندوویانە لە کوێ با بێت لەوێ شەنی خۆیان دەکەن و لەکوێ بە قەد سەرە دەرزیەک بەرژەوەندیان هەبێ، ئامادەی قوربانیدانن و تاسەر دۆستی هیچ کەس و گەل و نەتەوەیەک و لایەنێک نین و دروشمە باقوبریقەدارە لاستیکیەکانی پۆست مۆدێڕنەشیان دەسکەڵایەکە بۆ سەپاندنی دیدگاو پرەنسیپ و کولتورو هەژمونی خۆیان بەسەر نەتەوەکانی تردا. 

 

لەولاشەوە  دەستیان گرتووە بەسەر سەرچاوەی ژیان و گوزەرانی گەلانی جیهانی سێهەم و سەرقاڵی تاڵان و بڕۆو جەردەیی ژێرخان و سەرخانیانن و کردوویانن بە کۆیلەی دەست و زمان و چاو بەستراوی خۆیان و کۆمپانیاکانیا زەبەلاحە تێرنەخۆرە ئەژدیهاکانیانەوەو لە لووش کردنی دونیا بە ناوی جیاجیاوە بەردەوامن.

 

لەمەش زیاتر وڵاتانی  هەژارو بێ دەرەتان و بێ دەسەڵاتی جیهانیان لە رێگەی پشتیوانی کردن لە کۆمەڵە سەرۆک و سەرکردەی سەرشۆڕو سەرکزو بەکرێگیراوو ئەڵقە لە گوێی بێ کەڕامەتەوە، کردووە بە چاولەدەست و بەکرێ گیراوو دەروێشی تەکیەی ئایدیۆلۆژیا و گۆێرایەڵی مەفاهیمە فەلسەفیەکانی حوکمرانی و چەمکە ئایدیۆلۆژیەکانی قوتابخانە فکری و فاشلەکانی تایبەت بە خۆیانەوەو وەک کۆمەڵە “ ئایدیایەکی پیرۆز” ( خۆڵەمێشی) بە گەلانی جیهانی دەفرۆشنەوە و خۆیانی پێوە بادەدەن و دیدگای خۆیانیان بەسەردا  دەسەپێنن و باکیان بە هیچەوە نیە. 

 

دیمەنەکانی شانۆی سیاسی و سەربازی و ختوکەدانی سەرۆکی روسیە، هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراین و  دۆزی فەڵەستین و کۆمەڵکوژیەکانی خەڵکی سڤیلی غەزە بە بەرچاوی جیهانەوە، مشتومڕەدیپلۆماسیەکانی ئەم جەمسەرانە سەبارەت بە پێناسی مافی مرۆڤ، دیموکراسی، شوناسی نەتەوەیی، سەربەخۆیی، شکۆی نەتەوایەتی، مرۆڤدۆستی و ویژدان و مافی گەلان، دەمامکی لەسەر سیمای چەواشەکارانەی سەرجەم ئەو هێزانەوە هەڵماڵی، ساڵەهایە بازرگانی و مامەڵە بە مرۆڤە ژێردەستە و دەستەمۆکراوەکان و  و ژیان و مافەکانیانەوە دەکەن و سەرقوفڵانە لە رژێمە داپلۆسێنەرە ملهۆڕەکانەوە وەردەگرن لە پێناو پاراستنیانی بەرژەوەندیەکانیەوە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×