کۆمەڵگای غەمگین هەڵگری شوناسێکە لە ترس و لەرزو دڵەراوکێوە سەرچاوەی گرتووە. ماهیەتی کۆمەڵگایەکی لەمجۆرە ترسە، ترس لە خود، تۆقینە لەوانیترو لە تەواوی رەگەو خەسڵەتە پێکهێنەرەکانی ئەم ترسەی سەرتاپای کۆمەڵگای وەک پەتاو ڤایرۆسێکی کوشندە تەنیوەتەوەو بۆگەنی کردووە.
لە کۆمەڵگای ترس ئەوەی بەرهەم دەهێنرێ مێژووی ترس و ناهەمواری و دڵەراوکێ و دۆخی نادڵنیایی و نائومێد کردنە. نادڵنیایی لە ئێستا و لە سبەو لە دابین کردنی ژیانێکی شایستە بەقەدا باڵای هەموو ماندووبوونێک و هەوڵدانێک و تێکۆشانێک.
ئەشێ بکەرانی کۆمەڵگای غەمگین لە هەموو چین و توێژێکەوە بن. لە مامۆستای سەرەتاییەوە بگرە تا دەگا بە پیشەوەران، کاسبکاران، رۆشنبیران، سیاسیەکان، حزبەکان، دەسەڵاتداران، بەرهەڵستکاران ( ئۆپۆزیسیۆن) و لەسەرووی هەمووشیانەوە راگەیاندکاران و نووسەران.
لە کۆمەڵگای غەمگیندا ئەوەی بەرهەم دەهێنرێ خەمە، خەفەتە، دڕدۆنگی و بێ بروایی و درۆو درۆسازی و پینەو پەڕۆی هەمان ئەو درۆیانەیە، دەرخواردی بەشێک لە کۆمەڵگا ئەدرێ و شەوو رۆژ پێیەوە سەقاڵ دەکرێ.
لە کۆمەڵگای غەمگین هەمیشە تەمێکی خەست و قورس وەک بارێکی گران و شەکەت هێنەر فەزای کایەی ژیان و ئابوری و رووبەری سیاسەت و دیوە کۆمەڵایەتیەکەی داگیر کردووە. لەم فەزا خنکێنەرەدا کەس گوێ لەویتر ناگرێ بۆ ئەوەی لێی تێبگات و ڕا بگۆڕيتەوەو بۆچوونەکان لە پێناو چاکەو خێری گشتی و بەرژەوەندی ژیان و ژیارو کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕ بکات.
کۆمەڵگای غەمگین خاوەنی سەتان شوناسی لۆکاڵی و ناوچەو دەڤەرە و کۆی ئەم شوناسانەش بە خێڵ و بنەماڵەکان دەبەسرێتەوە. ئەم جڤاکە بەوە دەناسرێتەوە خاوەنی دەیان کوێخاو ریش سپی و بەڕێزو جەناب و ئاغاو پیاوە خۆکردە ماقوڵەکان و ناماقوڵە هەلپەرەستە پارەپەرەستەکان و دەستەو گرووپ و تاقمی بەرژەوەندگەراو هیچ لەبارادانەبووی فس فس پاڵەوانی شاشەو رووبەری سۆشیال مێدیای بێ سانسۆرە.
لە کۆمەڵگای غەمگینی تەژی ترس و لەرزدا نائومێدی شوێن ئومێد و ناعەقڵانیەت و ڕق و قین، شوێن عەقڵانیەت و خۆشەویستی، خودئەوینی شوێن پەیوەست بوون بە کۆ و ئینتیمای نیشتیمانی گرتۆتەوە. کەسی یەکەم ئەوەیە کە زۆر قسە دەکات و زۆر لە شاشە دەردەکەوێ و بەردەوام بەخۆی و نمایشە دیجیتاڵیەکانی دونیای مەخازیەوە سەرقاڵەو لە قسە ناکەوێ و کۆڵ نادات.
لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا هەمووان گوێ دەگرن بۆ ئەوەی وەڵامی یەکتر بە تووندترین شێوە بدەنەوە، گوێ ناگرن بۆ ئەوەی لەیەکتر بگەن و لێک تێگەیشتنێکی عەقڵانی گەڵاڵە بکەن لە پێناو هەموواندا.
لە کۆمەڵگای غەمگیندا هەمیشە هێما بۆ وتەو نووسین و وتارو بەیاننانەو رونکردنەوەو وەڵام و وڵامکاری نەرێنیەوە دەبرێت و ئەم ئامرازانە وەک کارگەی بەرهەم هێنەری وشەو ڕستەو دەربڕینی غەمناک و گرژی دەخرێنە خزمەت ژرهراوی کردنی فەزای گشتیەوە. سۆشیال مێدیای کۆمەڵگای ترس و خەم لێخنێکی بێزارکەرو رووخێنەرو گەنەو تالێی دوور بکەویتەوە، زیاتر ئاسودەی.
لە کۆمەڵگای غەمگینی پڕلەترسدا، کولتورو عورف و دابونەریتێک بەسەر کۆی فەزای ژیان و رووبەرە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەیدا زاڵە، پێشتر وێنەی نەبووە. ئەم کولتورە وا تێکچڕژاوو تێکەڵ و پێکەڵ و بێ شوناسە، بە هەر پێوەرێک رەخنەبکرێ، هێشتا توانای شیتەڵ کردن و راڤەی بنچ و بنەوانی دۆخەکەی پێ ناکرێ.
لە جڤاکی غەمگیندا گشت ئامرازو کەرەستە مەعریفیەکانی دونیای روناکبیری و سیاسەت و مێدیای بینراوو بیسراوو نووسراو تەنیاو تەنیا لە پێناو شکاندنی یەکترو چاوسور کردنەوەو تۆڵەو دەرپەڕاندن و مسۆگەر کردنی سەرکەوتن و دەسکەوتی مادی و مەعنەوی و زاڵبوون بەسەر ئەوو ئەوانیتردا دەخرێنە کارەوە.
لەم کۆمەڵگایەدا نەوە دوای نەوە لە سەر بەرنامەو رۆحیەتی تۆڵەو مل شکاندن و خۆفەرزکردن و سوکایەتی کردن بە هەموو رەمزەکانی کۆمەڵگا و وێناکردنی بەشەکەی تری کۆمەڵگا بە دێوەزمەو ئەژدیهاو نەفام و گەمژەو خەوتوو و بکەری نەخوازراوو مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیە ژیاری و نیشتیمانیەکان وێنا دەکرێن و جار هەیە گشت سنوورەکانی ئەخلاقیشی تیادا دەبەزێندرێ.
لە کۆمەڵگای غەمگیندا ئاسۆی داهاتوو لە هیچ کەسەوە دیار نیە، لێ وێناکردنی ئاییندەش بە دۆخێکی باشتر و گونجاوترو ئاسودەتر تەنیا لە چوارچێوەی وەهم و هیواو نزاو پاڕانەوەکاندا دەمێنێتەوەو زۆر بڕ ناکات.