مۆدێلی ناشرینی پەت پەتێنی سیاسی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-07-08     207

دونیای سیاسەت و سیاسەتبازی تابڵێی دونیایەکی ئاڵۆزو پڕ لە نهێنی و رەمزو ڕاز و هەڵکشان و داکشانە. لەوەی سەیرتر ئەو بکەرەو کاراکتەرە سیاسیانەن بە شارەزایی و لێزانیەوە هەر رۆژەی لەسەر پەتێک یاری دەکەن و ئەسپی خۆیان تاو دەدەن و بەدوای دەسکەوت و  پارەوپوڵ و ئیمتیازات و مسۆگەرکردن ئێستاو داهاتوویانەوەن و سڵ لە سەنگەر گواستنەوەو پەت پەتێنی سیاسیەوە ناکەن. 

 

ئەمان هیچی ئەرێنیان بۆ کۆمەڵگا لەهەگبەدانیە بەردەوام لە بازاڕی بۆرسەی کڕین و فرۆشتنی هەلپەرەستیدا  بەدوای دەرفەتێکی گونجاوەوەن نرخ بۆ سەنگەرگواستنەوەی خۆیان دابنێن و یاری بە نرخەکانەوە بکەن و قەرەبووی زەمەنێک و رابردوویەکی تاریک و بێ ئیمکانیاتی خۆیان بکەنەوەو لە کەنارکەوتوویی و پەراوێزکەوتن خۆیان بپارێزن. 

 

ئەم توێژە حازرخۆرو، نانخۆرو، تێرنەخۆری سەرسفرەی حازری دونیای سیاسەتن و لەسەر کەوڵی خەڵکانی ترەوە باش دەڵەوەڕێن و رۆژبەرۆژ قەڵەوتر و فووتێکراوتر دەبن و سڵ و شەرم لە هیچ هەڵسوکەەت و دەرکەوتنێک ناکەنەوە. 

 رۆژێک بن دیوارن رۆژێکی تر سەردیوارن، رۆژێکی تر کاربەدەست و بەرپرس و بەرفلسی نووسینگەو دامەزراوەیەک ئەهلی یا حکومی یا حزبین و بەردەوام بەدوای ئەوەوەن لە سەکۆیەک و پلاتفۆڕمێکی گونجاوی دونیای راگەیاندن و ماس مێدیاو دونیای مەجازی و سۆشیال مێدیای لغاوپچڕاوەوە دەربکەون و لێدوان بدەن و بە شان و باڵ و کلکی ئەم و ئەوەوە هەڵبدەن و خۆیان نمایش بکەن. 

 

ئەمجۆرە لە بکەرانە بەهۆی ئەو دەم دەمی بوون و گۆڕانکاریە خێرایانەی بەسەر ستراکتۆری بیرکردنەوەو فکرو ئایدیۆلۆژیاو کەسێتی و بیروبۆچوون و دونیابینیەکانیان دادێت، بێ متمانەترین و بێزراوترین و نەفرەت لێکراوترین تاکی کۆمەڵگاو پانتای کاری سیاسین.  تەنانەت کاتێک پەیوەست بە بابەتێک و پرسێکی هەستیاری کۆمەڵگا و دونیای سیاسەت و رۆشنبیری یا ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە لە رووبەری کۆمەڵگا قسە دەکەن و لێدوان دەدەن، کەمترین هاوڵاتی بڕوا بە لێدوان و قسە و گفت و لفتەکانیان ناکات و گوێیان لێ ناگیرێت و بە نەفرەت دەکرێن. 

 

ئەوانەی لە نواندن و شایەری بە توانان، هەمیشە لەوەدا سەرکەوتوون لە هەموو لایەکەوە بخۆن و ئەسپی گەنی قاچ شکاوی شەلی خۆیان تاو بدەن و یاری بە عەقڵی عەوامەوە بکەن لە پێناو گەیشتن بە خەون و خەیاڵ و خواستە بێ سنوورو ئارەزووە فرەرەهەند و بەرتەسکەکانیانەوە. 

 

ڕاستە دونیای سیاسەت دونیایەکی ئاڵۆز و پڕ لە نهێنی و هەڵکشان و داکشان و گرژی و ئاسوودەیی و رەنگاڵەیە، لێ  ڕاستگۆیی و دروست کردنی پردی بڕواو متمانە و رایەڵی لێ تێگەیشتن لەگەڵ هاوڵاتیان دیوە جوانەکەی سیاسەتە و ناکرێ بەهۆی خەڵکانی بەرژەوەندپەرەست و نەفس نزم و خۆبەرەوپێشەوەبەرو  شایەرو هیچ لەبارادا نەبووی هەلپەرەست، متمانەمان بە سیاسەت و دیوە جوانەکەیەوە نەبێت. 

 

سیاسەت هونەرو شارەزایی و پسپۆرێتی بەرێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگایە. سیاسەت  بە هەموو فۆڕم و مۆدێلەکانیەوە واتا هێنانەکایەی کۆمەڵگایەکی ئارام و ئاسودەو دروست کردنی هەلومەرجی گونجاوی گەشەسەندنی ئابوری و پێشکەوتن و سەقامگیری و  تەندروست. 

ناشێ بەهۆی کردەو کرداری ( بەشێکی کەم) لە بکەرە هەلپەرەست و یاریە سیاسیەکانی ئەمان و ئاڵۆزی بەردەوامی کۆمەڵگاو دابەشکاری و ململانێکانەوە،  هاونیشتیمانیان قێز لە سیاسەت و سیاسیەکان بکەنەوەو سەرلەبەری تایبەتمەندی و دیوە جوانەکانی ئەم بوارە بخەنە بەر نەفرەت و قێزەوەو بە هۆی هەژمونگەرایی و باڵادەستی  بکەرە هەلپەرەستەکانەوە، دۆخی بێ ئومێدی روویان تێ بکات و دونیا بە ڕەش یا سپی ببینن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×