لە چەپەوە بۆ ڕاست

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-06-10     296

ترس لە ئاییندە، لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاپاگیر. لە گەورە بوونی جەنگی ئۆکرانیا و پەل هاوێشتنی بۆ ئەوروپا و پرسی کۆچبەران و سەرلەبەری ئەو شتانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەران و ئاسایشی وڵاتانیانەوە هەیە، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دەرەنجانەکانی ئەم هەڵبژاردنەی یەکێتی ئەورووپادا هەبووە. 

 

خەڵکی ئەورووپا لە دوای دووەم جەنگی جیهانیەوە هەموو هەوڵێکی خۆیان و ئابوریەکەیان خستەگەڕ بۆ دروست کردنی ئەوروپایەکی پانتافرەوانی خۆشگوزەران و بەهێز لە رووی ئابوری و گەشەو پێشکەوتنەوە. 

لە دەرەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی سیاسیەکانی ئەوروپا یەکێتی ئەوروپا لە دایکبوو و کەوتە سەرپێوەو کرا بە هێمایەک بۆ پاراستنی شکۆی ئەوروپایەکی رۆژئاوایی و یەکپارچەو فرەدەنگ و فرە رەنگ. 

لەپاڵ ئەمەشدا بیرۆکەی دروست کردنی هاوپەیمانیەکی سەربازیان هێنا ئاراوەو لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا پەیمانی باکوری ئەتلەسی، ناتۆیان دامەزراند و وەک جەمسەرێکی سەربازی و یەکسان بەرامبەر بە پەیمانی وارشۆی سەر بە بلۆکی سۆشیالیستی رووسیە، ناتۆ هاتە سەر تەختەی شانۆی رووبەری پڕ لەململانێ سیاسی و سەربازیە جیهانیەکانەوە. 

 

دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە گشتیە پەرلەمانیەی وڵاتانی ئەوروپا دەریخست،  خەڵکی ئەوروپا دوای کۆرۆناو جەنگی ئۆکرانیا زیاتر بە تەنگ پاراستنی  سنوورو بەرژەوەندیە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خۆیانەوەن و  نایانەوێ چیتر وەک چەتری پاراستنی بەرژەوەندی و شکۆی یەکتر لەسەر هەمان ڕێچکەی هەفتا ساڵی رابردووی یەکێتی ئەوروپاو دامەزرێنەرانی  بمێننەوە. 

 

بەلای ئەوروپیەکان جیهان تا دێت لە ئاشتیەکی سەرتاسەری  دووردەکەوێتەوەو جەمسەربەندی و ململانێکانی نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵات و چین و ئەمریکاو روسیەو  بەتایبەت بە بن بەست گەیشتنی پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڕاستەی دۆخێکی درێژخایەنی ئەمنی و سەربازی و ناسەقامگیری ئابوریەوە هەنگاو دەنێت و ئاماژەکان دڵخۆشکەر و هیوابەخش و دڵنیاکەر نین. 

 

ڕای گشتی ئەوروپیەکان  سەبارەت بە ئامادەیی ئومێد بە ئاشتی و ئاشتەوایی دوای جەنگی ئۆکرانیا، لە ترس و دڵەراوکێیەکی شاراوە پەیوەست بە ئێستاو ئاییندە و ژیان و گوزەران و رەفاهیەت و بەردەوامیدان بەم ئاستەی ژیان کردنەوە سەرچاوە دەگرێ.  

ئەم ترسە دۆخێکی پڕ لە نیگەرانی و شڵەژانی دەروونی و دڕدۆنگی سەبارەت بە ئاییندەی ئەوروپا هێناوەتە ئاراوە. 

بڕێکی ئەم ترسە گرێدراوی لێشاوی بە تەوژمی کۆچبەران و هەژمونی پرسی  چارەسەرنەکراوی بێ پچڕانی کۆچبەریە،  لەسەر کولتورو دابونەریت و  شارستانیەت و ئایین و رەگەزو ئەو دونیایەی ئەوروپای پێ دەناسرێتەوە. 

ماهیەتی ئەم ترسە، ترسە لە خودی ترسە. ترسە لە بە چارەسەرنەکراوەیی هێشتنەوەی هۆکاو پاڵنەرەکانی ترس. 

 ترس لە ئاییندەو کرچوکاڵ بوون یا هەڵوەشانەوەی بەها ئەوروپی و پرەنسیپە دیموکراسی و  گەردوونیەکانی گەلانی ئەوروپا و لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی رەگەزو خێزانی ڕەسەن و کلاسیکی ئەوروپی،  گەر جاران ترسێکی شاراوەو دەمامکدار و  بزر بوو بووبێت، لە ئێستای رووبەری ئەم جەمسەرەدا رەهەندی تری لێکەوتۆتەوەو تادەشهێت بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت. 

 

ئەم ترسە ئەشێ لە ئاییندەدا فۆڕمی مۆتەکەیەکی ترسناکی  هەمیشەیی ناوەکی و وێرانکەری دۆخی سایکۆلۆجیای تاکەکان وەربگرێ و رێگاکانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و رەفاهیەت و بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە لە ژیان کردنە، بخاتە ژێر کاریگەری و ئاکارە نەرێنی و دەرەنجامە ترسناکەکانی خۆیەوەو تا ماوەیەکی درێژ بخایەنێ. 

سەرکەوتنی بەرەی ڕاستڕۆکان بە تایبەتی لە لە هەردوو وڵاتی فەرەنساو ئاڵمانیا بەم قەوارە گەورەیە و بەرزکردنەوەی دروشمی “  ئەوروپایەکی بچوکتر” ، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر کرچ وکاڵ کردنەوەی سەرلەبەری ئەو بەهاوئاکارانەی ئەوروپای پێ دەناسرێتەوەو پەیامێکی بەهێزیشە بۆ ئەو سیاسیە کلاسیکیانەی بەدەست گرتن بە رابردووەوە دەیانەوێ قۆناغی ئێستا تێپەڕێنن و هەنگاو بەرەو دروست کردنی داهاتوویەکی نادیارەوە بنێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×