رۆحی زیندوومانەوەی کۆمەڵگا 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-06-02     197

کاتێک رۆح لە دەرگای ویژدانی تەندروست ئەدات، مرۆڤ لە خەوی بێ ئاگایی و خۆش خەیاڵی و خەیاڵ پڵاویی و ساویلکەییەوە خەبەری دەبێتەوەو دێتەوە هۆش خۆی و لە شوێنێکی دڵخوازدا لەنگەر دەگرێ و لە قووڵایی فکرەوە بەخۆدا دەچێتەوە. 

 

ئەم خەبەرهاتنەوەیە لە چاوتروکانێکدا روو نادات…لە پڕ و لەناکاو نایەتە کایەوە….بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەن و قووڵ و بونیادیە و بۆی هەیە چەندین کۆسپ و ئاستەنگی فکری و ئەخلاقی و بیروباوەری جێگرو تەنانەت دەمارگیری و عینادیش ببڕێ. 

 

ئەم پرۆسەیە بە چەندین قۆناغی جیاوازی فکری و کەشی جڤاکی و  فەزاو کایەی ژیان و ژینگەی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێ و لە بناغەوە فۆرمێکی جیاوازی بیرکردنەوەو وردبوونەوەو هەنگاوهەڵێنان بەرەو پێشەوە لە کایەی ژیان بە سەرجەم رەهەندەکانیەوە بەرهەم دەهێنێ.  

ئامادەیی هۆشیاری، زامنی مانەوەی کۆمەڵگایەکی یاساپارێزو ماف پارێزو پارێزراوو خاوەن سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە. 

 

ئەم پرۆسەیە لەچەشنی شادەماری زیندووێتی بەوە دەناسرێتەوە خۆی و رەگەزە ناوەکیەکانی دووبارە ناکاتەوەو دونیابینیەکی نوێ و دیدگایەکی تازەی جۆری و و فرە رەهەندو فەلسەفی و بکەرو کاراکتەرێکی نوێ و پراگماتیک ( واقعگەرا) دروست دەکات.  لە پاڵ ئەمەشدا لە سەر رووبەرێکی فراوانی فکری و لڤینی خودێکی سەرکێش،  لە جموجۆڵ و چالاکی و جوڵەدا دەبێت و بۆ دواوەو دونیا کۆنەکە ناگەڕێتەوە و خۆی گیرۆدەو وابەستەی ئەگەرومەگەرو هۆکارو ئاڕاستە چەوتەکان ناکات. 

 

هۆشیاری لە ڕاڤەیەکی کورت و سەرپێیدا یەکسانە بە خەبەر هاتنەوە و خۆ تەکاندن لەو فکرو ئایدیاو خەیاڵەی بە درێژایی کایەی ژیان و مێژوو نەیتوانیوە هۆکارێکی یارمەتیدەر بێ بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوویی و پێنگاڤ نان بەرەو داهاتوویێکی رۆشنترو مسۆگەرتر. 

هەروەک  ئەشێ بتوانێ لە دەست نیشان کردنی ئاڕاستەیەکی تری پڕلە مەعریفەو  ماناو ئاگایی و رووکردنە پارادایم و گوتارو عەقڵانیەتێک، ئاسۆیەکی رونتر بخاتە بەردەم مرۆڤەوەو هەلومەرجێکی بابەتی نوێ بێنێتە پێشەوەو خاڵی بێت لە ئاستەنگ و کۆسپ و تەنگوچەڵەمە فکریەکانەوە. 

 

سیستەمە سیاسی و حوکمڕانیەکانی دونیای سەرمایەداری هەڵگری کۆمەڵێک بەهای لەمجۆرەی جووڵەو چالاکی فکری و بەهای دیارن. ئەم بەهایانە لە چەشنی چەند پاکێجێکی فەلسەفەی جۆرێتی و چۆنێتی حوکومڕانی کردنی زۆرینە،  بەرهەمی چەندین ساڵ خوێندنەوەو دیراسەی وردو هەڵسەنگاندن و هەڵاوێردکردنی دیوە باشەکانی ئەو پرەنسیپ و فکرورێبازە فکریەکانی ئەو حوکومڕانیەن، کۆیەکی هۆشیار و ئەرکناس هاوڕاو پشتیوانیەتی و پیادەکردنەکەی، بە تەنیا رێگەی سەرفرازی و پێشکەوتن و بەختەوەری و سەقامگیری وێنا دەکا و هەوڵی شێلگێرانە بۆ دەست پێوەگرتن و زیندوو هێشتنەوەو بەردەوامیدانی دەدات.

 

دیوێکی تری ئەم واقعە گرێدراوی ئەو هۆشیارە یاساییەیە، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایانەیە دوای بڕینی چەندین قۆناغ لە ململانێی فکری چەپ و ڕاست و ریفۆرم و گۆڕانکاری و چاکسازی لە یاساو رێساکان پێی گەیشتوون و بە کردار پێیەوە پابەندن و هەوڵ بۆ سەرخستنی دەدەن. بەم پێیە یەکەم و دوا بریار لای یاسایەو هیچ تاکێک و گرووپێکی فکری، کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابوری و سیاسی لەسەرووی یاساوە نیە. 

 

لەم کۆمەڵگایانەدا یاسا و دەستور وەک دوانەیەکی بەهادار رەگیان لە ناو بونیادی کۆمەڵگادا داکوتاوە. دەستور وەک سەرچاوەی هەموو یاساکان لەسەرووی سیستەم و بکەرو گرووپ و سیاسیەکانەوە، چاوێکی زیندووە بەسەر جڤاکەوەو هەر یاساو رێسایەک پێچەوانەی بەندو پەرەگراف و رۆحیەتی خۆی بێت، رەت دەکرێتەوەو ناچێتە بواری جێ بەجێ کردندا. بەڵام بۆی هەیە بە هۆی بارودۆخە تایبەتیەکانەوە لە هەندێ حاڵەتی زۆر دەگمەندا هەموار بکرێتەوەو لەگەڵ دۆخی تایبەتی کۆمەڵگا هاوتەریب بکرێت. 

 

جگەلەمەش یاسا وەک رۆحی زیندووێتی کۆمەڵگا، پاڵپشتیێکی بەهێزە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆی ئەوکێشەوگرفت و ئاستەنگ و قەیران و رووداوو پێشهات و تەنگژانەی بەرەو رووی کۆمەڵگا دەبنەوەو دەبنە هۆی پاشاگەردانی و وەستان لە قۆناغێکدا.

 

بەم پێیە یاساگەورەترین و بەهێزترین  پاڵپشت و زامنی  چارەسەری سەرجەم گرفتەکانە و گەڕانەوە بۆ یاسا بەشێکی دانەبڕاوی کولتورو بەهاو باوەڕە جڤاکی و یاسایی و سیاسیەکانە. 

یاسا زامنکار و رۆحیەتی زیندووی کۆمەڵگایە و رۆڵێکی ئێجگار گەورە لە ئیدارەدانی کۆمەڵگادا و رێگەگرتن لە ستەمگەری دەگێڕێ و لە هەموو حاڵەتێکدا بە یەکسانی، بە بێ لەبەر چاوگرتنی پێشینەو پێگەو پۆست و پلەو پایەوە،  بەسەر تاک بە تاکی جڤاکدا جێ بەجێ و سەروەرو سەردار دەکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×