لە ستایشی شارو شاخدا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-05-30     173

هەندێ دیمەنی سرووشتی هەن لە پاڵ شاردا بە هیچ وشەو ڕستەو دربڕینێکی ئەدەبی و هۆنراوەو کورتە چیرۆک و پەخشانێک وەسف ناکرێن. نە خەیاڵ توانای وێناکردنی هەن و نە پێنووس هەڵگری ئەو سیحری وێناکردنە نمونەییەیە، شایانی بێت و پڕ بە پێستی گەورەییەوە بێت. .

 

مرۆڤ لە دێرزەمانەوە بیری لە بونیادنانی شارو ئاوادەدانی لە قەدپاڵی شاخ و  سەرچاوەی ئاوی سازگارو بەرزاییە دڵڕفێنە سەرەنج ڕاکێشەکان کردۆتەوە. بەهرەو توانستی مرۆڤ لە دیزان کردنی شار بە شێوەی ئەندازەیی و ئیستاتیکی، بەهرەو هونەرێکی خواپێداویی و خورسکە. دروست کردنی شار لە تەک شاخ و بەرزاییەکانەوە، ئاوێتەکردنی دوو دیمەن و دەرەنجامی خەیاڵ و فانتازیاو هێزی داهێنانی مرۆڤە. 

 

مرۆڤ بەهۆی بەهرەمەند بوونی لە توانستی ئەزمون کردن و مەیلی ئەزمونگەرایی بە درێژایی مێژووی نووسراو و نەنووسراویەوە هەمیشە بە دوای ئەزمونی نوێ و داهێنانی تازەو و تازەگەری لە هەموو ئەو بوارانەوە بووە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیان هەبووە بۆ کایەی ژیان و هێنانە کایەی پێشخستن و گۆڕانکاری کردن لە ستراکتۆریەوە. 

 

بونیادنانی شار یەکێکە لەو داهێنانەی مرۆڤ لە دێرزەمانەوە بۆ بەهێزکردنی کایەی کۆمەڵایەتی و پێکەوەییەوە، دەستی بۆ بردووە. مەبەستی مرۆڤ لە بونیادنانی شار لە تەک شاخدا، دروست کردنی تێکەڵەیەکی ئێستاتیکی و چەکەرەی لوتکەی خواستی جوانگەرایی و  ئاوێتەکردنی  دیمەنی دەسکردە ( شار)ە لەگەڵ سرووشتێکی خوایی و دەست لێنەدراوەوە. 

لەم حاڵەتەدا شار  دەبێتە  هەڵگری تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی و جووڵەکانی رۆژانەو هێمایەک بۆ زیندووێتی و جموجۆڵی دانیشتوانیەوە. 

شاخ بە لێڕەوارو دارودرەخت و گوڵ و گوڵزار و داروبەرد و سەوزاییەکەیەوە لێرەدا دەبێتە تەواکەری جوانیەکەی شارەوە.  لێرەوە هەردووکیان پێکەوە  دەبن بە هێمایەکی ئێستاتیکی و  هەماهەنگ و هاوتەریب و هاوئاڕاستەو جوانکاری تابڵۆیەکی رەنگاڵە و شوناسی شوێنێک، ناوچەکەو ئاوادەنیەکەو شوێنە جوگرافیەکەی پێ دەناسرێتەوە. 

 

بە واتایەکی تر بەرزایی و شاخ بە گشت پێکهاتەکانیەوە،  لێرەدا هەڵگری مێژووییەکی دێرینی شاراوەو بە پیرۆزکراوی خەیاڵی شارنشینانن و دوای ماوەیەک دەبن بە بەشێک لە شوناسی شارو رۆحی زیندووی شارو دانیشتوانەکەیەوە. 

لێرەدا شار بۆ ئەوەی زیاتر هێمای هەژمون و باڵادەستی خۆی دەربخات و دواتر بەسەر شاخدا بیسەپێنێ، خۆی بە شاخەوە هەڵدەواسێ و دوای ساڵانێک دەبێ بە بەشێک لە شوناسی شاخ و  شاخیش بەشێکی دانەبڕاو لە شوناس و پێناسەی شارو دانیشتوانەکەیەوە. 

 

لێرە بەدواوە شاخ ئەشێ وێنای هەناسەو رۆحی زیندوو و پێناسی شاری بۆ بکرێ و وەک بەشێکی جیانەبووەوە لە شوناسی شار لە خەیاڵدانی دانیشتوانی شارەوەو جێگەی ببێتەوە. بەڵام شاخ هەرگیز تایبەتمەندیە زاتیەکانی شار وەرناگرێ و لە شوێن خۆی دەمێنێتەوەو ناڕمێت. 

هەڵدڕینی ناوسگی شاخ  و بنکۆڵ کردنی داروبەردو هەنجن بەهەنجن کردنی هەیکەل و ستراکتۆرە سرووشتیەکەی شاخ بۆ ئەوەی لە شار بچێ و خێری مادی بداتەوە، هەم شار لە جوانی و گەورەیی و بایەخ و زیندووێتی دەخات، هەمیش بەشێک لە شوناسەکەی وێران و تەفروتونا دەکات و بەشێک لە جوانیەکەی شاروئاوەدانی دادەبڕێ.  

 

شاخ و فەزای شاخ و تایبەتمەندیەکانی هەرگیز ناتوانێ لە شارو شاریش هەرگیز ناتوانێ لە شاخ بچێت. ئەم دووانە، سەرباری هەموو جیاوازیەکانیان،  وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو دوو دیوە جوانە دڵڕفێنەکەی دیمەنە ئێستاتیکاکەی خەیاڵدانی دانیشتوانی شار، تەواکەری یەکترو رۆحی زیندووی ئەو شوێنەن، دانیشتوانی شارو هەڵکەوتە جوگرافیەکەی پێ دەناسرێتەوە. 

 

دەست بردن بۆ وێران کردنی دیوە سرووشتی و شوناسەکەی شاخ، شێواندنی بەشێکە لە مێژوو و  خنکاندنی رۆحی زیندووی شارو لەبار بردن و سڕینەوەی ئەو  یاداوەری و بیرەوەریانەی، ساڵەهای ساڵە شاخی خۆراگر لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتوون و بە ئەمانەتەوە پاراستوونی و  بەشێکن لە کولتورو دابونەریت و پێناسی لۆکاڵی و گێڕانەوەی هەزاران بەسەرهاتی جۆراوجۆری سەردەمە جیاوازەکانی خەڵکی شارەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×