دەستوورەکەی رووبەری جەنگەڵستان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-05-19     382

موڵکو ماڵی نێو دارستان  هی هەمووانە و بۆ هەمووان و لە هەمووانە و هەمووانیش مافی بەکار هێنانیان هەیە بە بێ جیاوازی.

 

ئەو یەکدەنگی و یەکپارچەیی و یەکڕەنگی و هارمۆنیا و بێدەنگیەی لە ناو جەنگەڵدایە لە ناو شاردا بە حەیاتت نایدۆزینەوە.  تکایە جەنگەڵوانە بەڕێزەکان بە هاشوهۆش و چەقەنەلێدان و خۆبادان و سەربادان و سەرلەقاندن و  هاندان و ئاگر کردنەوەو فیتنەگێڕی و  کوڵاندنی سۆشیال مێدیای دارستان لەباری مەبەن و لەجوانی مەخەن و ناشرینی مەکەن.

 

ستەمی داگیرکاری و تەنگ پێ هەڵچنینی ئادەمیزادو ڕاوی ڕاوکەرەکان،  دەمێکە بەهەوڵ و خەبات و تێکۆشانی بێوچانی بەردەوامی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای دارستان سراوەتەوەو هەموو هاوجەنگەڵیە هاوببیروهاوپیشەو هاو هەناسە و هاوعەقڵەکان، بە قودرەتی قادر و دوعای ئەملاوئەولاوە  مافی ئاییندەی ژیانێکی پڕشکۆی پڕ لە رزق و رۆزی و تێری و زۆری و بۆری و لەوەڕگاو گژوگیاو ئالیکی بە فڕ و کەرامەتیان بۆ  مسۆگەر کراوە.

 

ئەسڵەن پێویستیمان بە دامەزراوەکردنی دارستان و  دامەزراندنی سیستەم و لێژنەو لێژنەکاری و پەرلەمان و دادگا و ئۆپۆزیسیۆن و پۆپۆلیست و هەلپەرەست و بەرهەڵستکار و نەیار و دوژمنکارو بەکرێ گیراوو رازی کردنی ئەموو ئەو لەسەر حیسابی هەمووان  و کۆبوونەوەو کۆربوونەوەو دانیشتن و چاوپێکەوتن و چاوشارکێ و چاوبەستنی دوو قۆڵی و شەش قۆڵی و دەست بادان و دەست گوشین و سازان و نەسازان و گرێدانی هاوپەیمانی و مۆرکردنی لێکتێگەیشتن و بەڵگەنامەی ستراتیژی و پاکێجی چاکسازی و لێژنە یەک لە دوایەکەکانی چاکسازی و چەکسازی و چارەسەرکردنی گەندەڵی لە دابەش کردنی ئالیک و رزقەوە نیە.  

 

پاشەکەوتی خواردن و لەوەڕو ئالیکی پێویست بۆ وەرزی زستان و بەفرو زریان و ڕەشەباو سەرماوسۆڵەو سەهۆڵبەندان و قاتی و قڕی،  چیتر ناخرێتە لیستی هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە. هەروەک سەپاندنی سیستەمی  فیفتی فیفتی و فۆرتی سیکستی  و ناینتی و  تێکەولێکەو لێخە ناخرێتە بواری جێ بەجێ کردندا. 

 

لە کایەی ئاڵۆزی دارستاندا هیچ کەس و زاتێک و ئاژەڵێکی بەئەمەک و بەرپرسیارو خاوەن هەڵوێست و هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەری و جەنگەڵ پەروەری و ئاژەڵایەتی، بە دەمامکەوە دەرناکەوێ و رووناکاتە مفتەخۆری و دوو ڕوو و سەد روو داپۆشراوو دەمامکدارێکی هەلپەرەست نیە. 

سەرباری ئەمەش هاورێ و دۆست ، لە ئێڵ و تەبار، لە یارو نەیار و دوژمندارو پلەداروپارەدارو مەزرەعەدار، جیا کراونەتەوەو چیتر رێگە بە گێرەشێوێنی و نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی و تەپوتۆزوهاشوهۆش و فشەفش و چەقەنەلێدان و تەپڵ لێدان و فیکە لە رووبەری  دەست لێنەدراوی دارستان بە هیچ بوونەوەرێک و  بەنی ئاژەڵێک و لایەنێکی دەرەکی و ناوەکیەوە نادرێت. 

 

لە نێو دارستاندا پێویستیمان بە ئایدیاو مێدیاو بیرۆکەو ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی و دوکانی سیاسی و ململانێ و  دەست لە ملانێ و باوەش و باوێشک و کێ بەرکێ و هەڵبژاردن و  هەل بژاردن و برژاندن و هەڵاوێردکردنی بەربژێر و بێژەر و کاندید کردنی کورەپورو خاڵۆزاو ئامۆزاو کوڕەزاو وشکاندنی مل و فەقەرات و ئێسقانی یەکتر و بێ رێزی کردن بە بابوباپیرانی ناو دارستان نیە. لەمەش زێدەتر خۆپەرەستی و خودئەوینی و خوشویستن و خۆشووشتن و لەکەدارکردنی مێژوو و رابردوو و ئێستاو داهاتوو و  بەهاو کەسایەتی سەرۆک و سەرکردەکانی سەربە ڕەچەڵەکی فەرماندە شێری ناو دارستان،  رێگەپێدراو نیە. زیاد لەمەش مۆڵەتی کەمپەین و هەڵمەت بردن بۆ لەجوانی خستن و ناشرین کردنی عورف و یاساورێسا سرووشتیە نەنووسراوەکانی ناو دامەزراوەی دارستان بە هیچ شێوەیەک نادرێت. 

 

کەشو هەوای سەقامگیری دارستان تا بڵێی دڵخوازو سازگارو بێ تۆزو غوبارەو جۆرێک لە دڵنەوایی و رۆحنەوایی و ئاسوودەیی رۆحی و جەستەیی و هەستەوەری و دەروونیمان پێ دەبەخشێ و گەرەکە هەموو چین و توێژو بێژەرو بانگخوازو رەگەزەکانی ناو دارستان بیپارێزن و بەهەردوو دەستیانەوە تووند تووند بیگرن و……بەری نەدەن. 

 

رێنماییە ژیاری و ئیداری و  یاساکانی جەنگەڵ ئاشکراو دیارو رون کراوەن و لە نامیلکەیەکی قەوارە بچووکدا لای جەنابی مام رێوی دەست دەکەون و بە شەوێک و کون فەیەکونێکەوە بریارەکان گۆرانکاریان بەسەر دانایەت و مەزاجی ئەهلی سیاسەت و خوار سیاسەت و ئەملاوئەولای سیاسەت و  ڕاست و چەپی عەوام و رەعیەت و ئەم و ئەو، ڕۆڵی تێدا نابینن و بەرلەدایک بوونیان پووچەڵ دەکرێنەوە.

 

دەستوورێکی جوان و نەنووسراوی مەعنەوی لەبەرکراوی سەروو هەموو کەس، لە ناخی هەموو ئەندامانی دارستاندا بارگاوی و سەروەر و سەردار کراوەو لەلایەن چاکەکارانەوە بە کردار هەموو بوونەوەرەکان ڕەچاوی دەکەن و رێزی لێ دەگرن و  بە موویەک لێی لانادەن و جێ بەجێی دەکەن و  رێگەیان پێ نادرێ بۆ بەرژەوەندی شەخسی بیخەنە خزمەت بەرژەوەندی خۆیانەوە. 

 

یاساکانی دارستان بە یەکسانی بەسەر هەموواندا جێ بەجێ دەکرێن و هیچ کەس و لایەنێک و بێ لایەنێک و سەربەخۆیەک و لایەندارێک و هەلپەرەستێک و هیچ لەبارادانەبوو و ئاست نزم، بەهۆی  ڕەگەزو نەژاد و قەومیەت و رەچەڵەک و  خزم خزمێنەو رەنگی پێست و چاوو جۆری خوێن و ناوقەدو بەژن و باڵاو پێشینەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و خێزانی و پاشخانی هۆز و پێگەی ئابوری و سیاسی و دەست رۆیشتووییەوە ڕەپێش ناخرێت و ناخرێتە پێشەوەو لە چاوتروکانێکدا نابرێتە کەشکەلانی فەلەکەوە.

 

لە جەنگەڵستاندا هیچ بەنی ئاژەڵێکی چوارپێ  لە پڕێکا نابێ بە کوڕێک و هیچ ئاژەڵێک بە هۆی هونەرو توانست و بەهرەی پیاهەڵدان و مامەحەمەیی و زمان لوسی و پانکردنەوەوە، بە شەوێک نابێ بە خاوەنی هەموو شتێک.

 

هونەرو کەرتی پیشەسازی مامەحەمەیی لە نێو دارستان بەکەڵکی ژیانی جەنگەڵەوان و جەنگەڵ نشینانی چواپێوە نایەت و ڤایرۆسیەکەشی لە هەڵمەتێکی سەراتەسەری و چڕ وپڕو قڕکردندا،  بە فەرمانی خاوەن شکۆ جەنابی مامە شێر لە خانەدانی پیاوەماقوڵەکانی ناو دارستان و هەوڵ و گوشین و تێکۆشان و تێکوشینی و تێ هینی مامە رێوی فێڵباز،  دەمێک ساڵە ریشە کێش کراوە و  لە پێناو چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی و  تاموچێژی گۆشتیدا،  فەزاو ژینگەی جەنگەڵستانی لێ پاک کراوەتەوە. 

 

لەنێو دارستاندا هیچ بوونەوەرێک بۆ هێشتنەوەی دۆخی زۆری و بۆری و تێری و پڕی و پۆشتەیی خۆی و ئەملاو ئەولای و پەرەپێدان بە سنووری دەسەڵات و قەڵەمرۆیی خۆیەوە، پەلاماری ئەولاوئەملا نادات و سنووری خۆی دەزانێ. 

هیچ بوونەوەرێکی چوارپێ دووچاری دڕدۆنگی نەبووە و بە شڵەژان و دڵەراوکێ و دڵەکزەو ماعیدەی ترشاوەوە رۆژ ناکاتەوە و کەم خەوو هەراسان و هیلاک و نیگەران نیە و دوای عەسران بە ئاسودەییەوە لە ژێر سێبەری دارودرەختە چڕوپڕەکاندا پاڵ دەکەوێ و سەرەخەو دەشکێنێ و خەوو خۆراکی پارێزراوە. 

 

لە نێو جەنگەڵدا بوونەوەرەکان بە گوێرەی پێداویستی رۆژانەیان( شتەکان) بەکار دەهێنن و زێدەرۆیی لە بەکارهێنانیاندا ناکەن و چاویان لە نەوەی داهاتووشە. کار بە پڕەنسیپی هی خۆم بۆ خۆم و هی تۆش دەخۆمەوە ناکەن. ئەگەر ئەم زێدەرۆییەشیان کرد، جەنابی مام شێر بە بێ جیاوازی لێیان قەبوڵ ناکات و ئەیانخاتە بەر غەزەب و توورەیی و نەفرەت و  چڕنۆک و ددانە تیژەکانیەوە.

 

لە نیشتیمانی دارستاندا هیچ بوونەوەرێک بۆی نیە لە پێناوی مانەوەی خۆیدا جەنگەڵەکە وێران و کاول و کەشوهەواکەی ژەهراوی و ژینگەو ئاوو هەواکەیشی پیس و پۆخەڵ و ئەوانی تر بێ لانە و کاشانە و دەربەدەرو ماڵوێران و بێ ناز بکات.

 

فەزای ناوەوەی دارستان، فەزایەکی دلرفێن و سرووشتی و تا بڵێی ئاسایی و یاسایی و دەست لێنەدراوەو دۆنمە زەویەکان و دارو درەختە سەرکەشە ناوقەد ئەستوور باڵا بەرزەکان و گژوگیاوگوڵ و گوڵزاری هەمەچەشن و سەوزەی ناو جەنگەڵ و قەدپاڵی چیاکان و بەرزاییەکان، موڵکی هەمووانەو تاپۆی هیچ ئاژەڵێک و گرووپە ئاژەڵ و ڕانەمەڕو مێگەل و  و دەستە و تاقم و کۆمەڵێکی دیاری کراوەوە نیە لۆگۆ و ماک و  مۆرک و هێماو نیشانەو ئاڵای تایبەتی هیچ کەس و گرووپ و دەستەیەکی پێوەوە نیە.

 

دەوروو بەری دارستان سیم و پەرژین نەکراوەو بە دیواری کۆنکرێتی و شوورەی چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵاوە دەور نەدراوە.

ئاوو هەوای نێو جەنگەڵ پاک و خاوێن و بێ تۆز و غوبارە لە مادە ژەهراویەکان و مرۆڤە ژەهربیر و تووندڕۆو تێکدەرو گێرەشێوێنەکانەوە.

 

ئەهالی دارستان پێویستیان بە کارەبای دەروجیران و هاوسێ و دراوسێ و نیشتیمانی و حکومی و موەلیدەو چراوفانۆس و لامپاو خێرو سەدەقەی ئەموو ئەوو ئامپێر و کارەبای ڕاکێشراوی قاچاق نیە. 

کەس بۆی نیە  بە هەواو هەوەسو و خواست و روانگەی تایبەتی خۆیەوە کڕین و فرۆشتن بە جەنگەڵ و پێکهاتە و دانیشتوان و هاوجەنگەڵیەکانەوە بکات و ئاسایشی ژیان و نیشتیمان  و گوزەرو گوزەرانیان لێ تێکبدات و  یاری ماڵە باجێنەو  ئاسن بە دارو درەخت و شکۆی دارستان و تخوب و سنووری جوغرافیەکەیەوە بکات و ئاسایشی نیشتیمانی دارستان بشێوێنێ و  شەقامی لێ هان بدات و لە رێگەی سۆشیال مێدیای جەنگەڵەوە بیخاتە مەترسیەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×