گەڕان بەدوای شوناسێکی ون بوودا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-05-14     233

هەڵکۆڵین و گەڕان بە دوای شوناسێکی ونبوو، کنەو پشکنین بە دوای ئێسک و پرۆسکی مرۆڤە سەرەتاییەکان، لە ڕاستیدا گەڕانە بەدوای شوناس، گەڕانە بۆ رۆشن کردنەوەی مێژوو و بۆ پەی بردن بەو نهێنیانەی دوای ساڵەهای ساڵ لە هاتنی مرۆڤ بۆ پانتای سەرئەم دونیایە،  ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە مرۆڤ نادیارو لێڵ و  شاراوەن. 

 

حیکایەتی نیاندەرتاڵ هەرچی بێت، نە ئەفسانەو دەرەنجامی هۆنینەوەو دەرەدانی خەیاڵی خەیاڵدانی مرۆڤە و نە دروست کراوو بەرهەمی نووسین و هۆنراوەو چیرۆکی باپیرەو داپیرەو گێڕانەوەکانی ناو کتێبەکانی بەرهەمی دەستکردی مرۆڤە. نە فەلسەفەیەو نە ئایدیۆلۆژیاو نە یاسایەو نە دەستوورە. نە حزبی دەسەڵاتدارە و نە دەرەنجامی گرووپسازی و حزبسازی و جیابوونەوە و لیستی هەڵبژاردن و ئۆپۆزیسیۆن و  پێکهاتەو هەڵبژاردن و بینەوبەردەی میدیایی و دونیای ئاڵۆزو پڕلە گرژی و پێکدادانەکانی  سۆشیال مێدیایە. نە بەرهەمی مامەحەمەیی و  سنگ دەرپەڕاندن و خودئەوینی و خۆپەرەستی و نمایشی مێدیایی و شایەری و پیاهەڵدانی درۆیینەیە، نە رۆمان و شانۆنامەو خەمنامەو خەونامەو بەرهەمێکی  جیهانی دانسقەی ئەدەبی و شایستەی خەڵاتی نۆبلە. 

 

دۆزینەوەی کەلەسەرو ئێسک و پرۆسکی چەند هەزار ساڵەی مرۆڤ، پرۆسەیەکی ئاڵۆزو پڕلە وردەکاری و پێچ و پەناو حیساباتی وردە.  

 

دۆزینەوەی پاشماوەی  مرۆڤ  چەندە گرینگە، چۆنیەتی ئەنجامدانی خودی پرۆسەکە ئەوەندە جێی بایەخە. پرۆسەیەک، گەر لە لایەن خەڵکی شارەزاو  شوێنەوارناس و پسپۆڕو ئەکادێمیەوە ئەنجام نەدرێت، بۆی هەیە دەرەنجامی هەڵەو  ناڕاست وچەواشەکارانە بدات بەدەستەوە و سێبەری گشت ڕاڤەکردنێکی  بەرتەسکی مەزاجی و بەرژەوەندچیاتی بەسەریدا زاڵ بێت. 

 

کنەوپشکنینی شوێنەوارو پاشماوەکان، لە رووی زانستەوە کەرەستەیەکن بۆ  پەی بردن و گەیشتن بە نهێنی و  دەلاقیەکن بۆ زانینی وردەکاری چۆنیێتی ژیان مرۆڤەکان بەرلە دروست بوونی شارستانیەتەکان و نووسینەوەی مێژووی نووسراوی سەدەکانی رابردوو. 

 

ئەشێ نیاندەرتاڵ یا بابوباپیرانی ڕەچەڵەکی مرۆڤ،  هەڵگری  زۆرترین تایبەتمەندی بێت، سەبارەت بەو مرۆڤانەی لەسەردەمانێکدا ژیاون، مرۆڤ هێشتا وەک بکەرێکی عەقڵانی و خاوەن دیدو روئیا و روانگەو هێزی داهێنان و گۆڕانکاری و پێشخستنی کایەی ژیان، وێنای بۆ نەدەکرا. 

 

پشکنینی پاشماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ، تەنیا پشکنینێکی بێ ماناو رووت و سەرپێی و هەواڵێکی مێدیایی تێپەڕ نیە. ئەم دۆزراوەیە هێمایەکی گەورەو سەرەداوێکی بایەخدارە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین زانیارئ. ئەشێ پێمان بڵێ مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە رووی کۆمەڵایەتی چۆن ژیاوەو شێواز و جۆری خواردن و خواردنەوەکان و هەلومەرجی ژیان و جۆری ئەو نەخۆشیانەی دووچاری هاتووە، چی بووە و چەند تەمەنی کردووەو بە چی مردووە. 

 

بۆ گەلێکی دابەش و کەرت و پەرتکراوی لەچەشنی کوردەوە، بە حوکمی ژیانی ژێردەستەیی  و ئەو هەلومەرجە سەختەی بە درێژایی مێژووی نووسراوو نەنوسراویەوە دووچاری هاتووە،  کنەوپشکنینی شوێنەوارو پاشماوەی کەلەسەرو ئێسک و پرۆسکی وەک ئەوەی ناوی نراوە نیاندەرتاڵ، دۆزینەوەو روشنایی خستنە سەر مێژوو و رابردوویەکی چەندین هەزار ساڵەی تا ڕادەیەک لێڵە. 

دۆزینەوەو دەست نیشان کردنی رابردووی گەلێکە هێشتاو تەنانەت لە ئێستایشیدا بەدوای شوناس و پێناسێکی سەرتاسەری و  یەکانگیرەوە سەرگەردانە و  خاوەنی پێشینەیەکی ژیانی سیاسی و خەبات و تێکۆشان و تراژێدیاکانی سەدەیەکە لە ناهەمواری و هەڵکشان و داکشانەوە. 

 

نیاندەرتاڵ رەنگە نەتوانێ زۆرترین زانیاریەکانی پەیوەست بە هەلومەرج و بارودۆخی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکان بە گشتی و ڕەچەڵەکی کورد بە تایبەتی بدات بەدەستەوە. لێ دکاریت بەشێک لە نهێنیە دەست لێنەدراوەکانی ژیانی مرۆڤی کورد لە ئەزەلەوە تابەمڕۆ دەگات بخاتە روو و هەندێ لە دیوە تاریکەکانی رۆشن کاتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا ئەشێ  دواجار بەشێک لە شوناسە ونبووەکەی بۆ  دیاری بکات و بیخاتەوە سەر تەختەی شانۆی جیهانیەوە. 

زیاد لەمەش هەوڵێکە بۆ دەوڵەمەند کردنی هەگبەی مێژووی گەلێکی پارچەپارچەکراوو دابەشکراوو پەرتەوازەی دەرەوەی مێژووەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×