تارمایی هەڵگیرسانی جەنگێکی تر

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-04-12     332

ترس و قەیران و تەنگژەو دەرهاوێشتەکانی بۆ ئینسانەکانی ئەم بەشە لە جیهان،  فۆڕمی شوناسێکی پێوەلکێنراوی وەرگرتووە و بە جۆرێک مرۆڤەکانی ئەم سەرزەمینەی لە قاڵب داوە، مرۆڤی لە پێش بینی کردنی داهاتوو خستۆتە دۆخی دەستەوەستان و بێ دەسەڵاتی و دڕدۆنگیەوە. 

 

 نکۆڵی لەوەناکرێ ترسێکی داپۆشراوو پەنگ خواردوو لە ناخی خەفەکراوی دانیشتوانی ناوچەکە بە وتارو قسەوباس و لێدوان و لێکدانەوەو سیمایانەوە دیارە…هەرچەندە زۆربەیان هەوڵی هێورکردنەوەی یەکترو شاردنەوە و پەردەپۆش کردنی ئەم ترسە ئەدەن، لێ ترس لە گەورەبوونی رەهەندەکانی جەنگ، نەبوونی، هەژاری، گرانی، برسێتی و لەهەمووشی ترسناکتر جەنگی ماڵوێرانکاری ئەتۆمی و بایۆلۆژی لێرەولەوێ جارناجارێک دەکەوێتە بەر باسوخواسەوەو مووچرکە بە جەستەی مرۆڤدا دەهێنێ.

 

جەنگێک گەر بە جدی روو بدات و رەهەندی جیاجیای لێبکەوێتەوە،  ئەوەی ئاسەواری ژیانە بە ناوچەکەوە نایهێڵێ و ناوچەکە دەکا بە وێرانەیەک و کەلاوەیەکی وێران و داماڵدراو لە ئاوەدانیەوە. 

 

دواجار هەر مرۆڤە لە رێگەی گوتاری تووند و ئاگرین و خواستێکی ناوەکی شەڕەنگێزی و مەیلێکی شاراوەی ڕقاوییەوە، بەگژئەوانیتردا دەچێتەوەو هەم  دووبەرەکی و ڕق و قین و جەنگ و کاولکاری بەرهەم دێنێ، هەم ترسیش ئەکات بە هەڕەشەو مەترسی و موتەکە بۆ سەر کۆی کایەی  ژیان و لەناوبردنی ئاشتی و پێکەوەهەلکردن و ژیانەوە. 

 

ئا لێرەوە مێژوو بە رووقایمی بۆی هەیە خۆی دووبارە بکاتەوە. بەڵام ئەمجارە، لە دۆخێکی دەگمەن و کەشێکی ناجۆرو  لە بەرگێکی نوێ و  بە ئامادە بوونی رۆڵی بکەری تازەو کاراکتەری نوێوە هەنگاو  بنێت بە ئاڕاستەی نووسینەوەی خۆی بە خوێنەوە.  

 

ئەگەرێکی زۆرە دیسانەوە مەیلی خۆسەپاندن و هەژمونگەرایی  لایەنە ئاشکراو شاراوەکانی جەنگ، هانی خۆش کردنی ئاگری جەنگەکە بدەن و هیوای کۆتاێی جەنگ و بەرقەرار کردنی ئاشتی بە یەکجاری لەناو بەرن . 

 

تەپڵی شەڕو تۆڵە سەندنەوە فەزای گشتی و ژینگەی ژیانی تەنیوەتەوە. ژەنەراڵ و فەرماندەکانی جەنگ بە گوتارەئاگرینەکانی هەڵگیرسان و تۆڵەو تۆڵەکاریەوە پێشکەوتووترین ئامێرو چەک و تەقەمەنی و جبەخانە وێرانکاریەکانیان خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و دونیای مەجازی و ماس مێدیا شەڕەنگێزەکانیان بە بۆمبای وشەو موشەکی دوورهاوێژو بالیستی وێرانکارەوە پڕ کردووە. 

 

رەنگە دیسان ئایدیۆلۆژیای سەربە ئەمو ئەو قوتابخانە ببن بە کەرەسەی جەنگێکی درێژخایەنی سووتێنەر و دواجار لە فۆرمی دەرهاوێشتەیەکی مەترسیدار، جەمسەربەندی هێزوهەژمون و زاڵبوونی بەرژەوەندیە ستراتیژیە هەمیشەییەکانی لێبکەوێتەوە. 

 

رەنگە ئەمجارە دۆخێک بێتەوە پێشەوە تا ساڵانێک دەرهاوێشتە جەرگبڕو دڵتەزێن و کاریگەریە نەرێنیەکانی بە سیمای ناوچەو مرۆڤ و ئەم بەشەی دونیاوە بمێنێتەوەو دەیان ساڵ ژیان بۆ دواوە بباتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×