دوامەنزڵگەی ئەبەدی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-04-11     303

چەند کەسێکیان بە دەنگی بەرزەوە گریان دەرفەت و برستی قسەکردن و ئاخاوتنی لێ بڕیبوون…چەند دانەیەکیان  سەرقاڵی حزب حزبانێ و خزم خزمانێ و  سۆشیال مێدیاو لایک و کۆمێنت و سەوداو بازرگانی و کڕین و فرۆشتن و پرتەوبۆڵەو  گاڵتەوگەپ و نوکتەو پێکەنین و مامەڵەو کڕین و فرۆشتنی موڵکو ماڵ و ئوتۆمبێل و شتی گرانبەهایان بوون و ئەسلەن گۆڕستان و گۆڕو مەرگیان لە بیر نەبوو. ئەمان، تەنیا وەک نەریتێکی دینی یا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی یا ئینسانی و یا لە روانگەی برواداریانەوە لەگەڵ جەنازەکەدا هاتبووون و خوا خوایان بوو مەراسیمە زوو کۆتایی بێت و ئەمان بەرەو ژیان و رەوتی رۆژانەیان بگەڕێنەوە. 

 

ئەمیشیان چەند رۆژێک لەمەوبەر لەم گۆڕەتەسک و تاریکەدا ناشت و هەرچەندە هاواری کرد جێم مەهێڵن، بەڵام لەوپەڕی حەپەسان و سەرسووڕماندا  خۆڵیان کردە سەری و جێیان هێشت و بەرەو ماڵ گەڕانەوە. 

 

تاوێک بۆی گریان و خەفەتیان بۆی خوارد و تاوێکیتریش لەبیر خۆیان بردەوە و بەرەو ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیانەوە گەڕانەوە. 

 

ئێستا بۆنی  قوڕو لیتەو خاکوخۆڵی شیداری ناو گۆڕو کرم و مارو حەشەراتی زیانبەخشی ناو گۆڕ و بۆنی گەنیوی مەرگ کاسی کردووە و برستی لێ بڕیوو. 

 

ئازارەکانی ئێرە نەبڕاوەن و کۆتاییان نایەت. هەرچەندە بیری لێدەکاتەوە لەم مەتەلە تێناگات؟ 

تۆ بڵێی زیندووەکان رۆژێ تاقە جارێک بیرلە مەرگ و مردن  و ئازاری بێ سنووری ناو گۆڕ بکەنەوە؟ 

 

ئێرە دوامەنزڵگای هەمووانە…سنووری کۆتایی و دواخاڵ و وێستگەی فەلسەفەی ژیان و ماناو چەمکی بوونە. کۆتایی خەون و خەیاڵ و فانتازیاو خاڵی بوونەوەیە لە هەمووشت. 

نە ماڵ و سامانی دونیا، نە ناوو شۆرەت و ناوبانگ، نە پایەوپلەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و  ئابوری و خێل و  خێزان و حزب و خزموکەس و بنەماڵەو دۆست و هاورێ دادی کەس نادەن. 

 

ئێرە لوتکەی کۆتایی ژیان و تاریکستان و داڕزان و توانەوەو وێرانەیەکی ئەبەدیە. لێرە تەنیاییەکی جەرگبڕو کوشندەی بێ کۆتا شەوورۆژ وەک دێوەزمەیەکی ترسناک لە فەزایەکی تەواو تاریک و ڕەشدا، دەست دەخاتە سەر بینەقاقاتەوەو  چڕنۆکەکانی دەخاتە ناو گەرووتەوەو قورگت هەنجن بەهەنجن دەکات و بەزەیی پێتدا نایەتەوەو وازت لێ ناهێنێ. 

 

پانتای جموجۆڵ و جرت و فرتی ئێرە تا بڵێی سنووردارە، رووبەرێکی زۆر تەنگ و  نافرەوانە و هەرچەندە هاوار بکەی، بناڵێنی، بقیژێنێ، فریاد بکەی و بانگ هەڵدەی هیچ ئادەمیزادێک  و بوونەوەرێک دەنگ و سەداو ناڵەو نوزەو شین و گریانەکانت نابیستێ. 

 

لەهەمووی ئازاربەخشتر، جەرگبڕتر و پڕناسۆرەتر ئەوەیە، ئاسۆی دیدو دیدار و دوارۆژ و چارەنووست نادیار و نارۆشنە و خۆزگە بە گەڕانەوە بۆ ژیانی سەر دونیا و دەرفەتێکی تر سات بە سات لەگەڵتە. 

 

لێرە ئومێد بۆ ئەنجامدانی چاکەیەک و قسەیەکی خێر و دەست پاکی و داوێن پاکی و زمان پاکی و پەرێزپاکی وەک نمایش و گرتەیەکی ڤیدیۆیی بێ پچڕان شەوورۆژ بۆ ساتێکیش لەبەر چاوەکانت ون نابن و ئازارت ئەدەن. 

 

لێرە هیچ کەس پرسیاری بروانامە و ئاستی خوێندەواری, ئینتیمای شارو وڵات و ناوچەو دەڤەرو حزبایەتی و هەستی نەتەوایەتی و نەژاد و ئایدیۆژیاو پۆست و پلەو پایەی ژیانی سەر دونیا و سەروەت و سامان و کۆشک و تەلار و موچەو جۆرو ژمارەی ئوتۆمبێل و براندو مارکەی جلوبەرگ و ژمارەی کۆمپانیاو حیسابی بانکی و زەوی و زارو خانوبەرە و ژمارەی کتێبەکان و شتە تایبەتیەکانت لێناکات. ئەسلەم ئەم شتانە لێرە مەوزوع نین. 

 

شەوانی ئێرە تا بڵێی ساردو سڕو تاریک و بە هەیبەت و ترسناکن، نە هاورێیەک، نە دۆستێک و نە ناسیاوو خێزان و منداڵێک شک نابەی. 

مردووانی ئێرە لە ژێر تەنێک خۆڵ و قوڕولیتەی گۆڕەکانیاندا برست و  هەناسەیان لێ بڕاوەو  نقەیان لێوەنایەت و لەوپەڕی دۆخی ماتی و کڕی و بێدەنگیدا راکشاون و جوڵەیان نیە. لێرە هیچ کام لە ئەندامانی ئەم یەکەیە گلەیی لە جۆرو شوێن قەبارەو فۆڕمی گۆڕەکەی ناکات و کەوتۆتە خەوێکی قووڵ و بێ ڕاڤەوە. 

 

ئا لێرەدا گشت خەون و  خەیاڵ و ئارەزوو و خواست و ئومێدەکان کۆتاییان دێت و هیچ دەرفەتێکت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوەو ژیانی سەر دونیا و دەسکاری کردنی چارەنوس و ئاراستەی ژیان و خۆنمایش کردن و سنگ دەرپەڕاندنت نیە.  نەپاسەوانێک، نە دەرگەوانێک نە براو کەسوکارو خوشک و دایک و باوکێک، نەهاوڕێ و دۆستێک، هیچیانت لێ دیار نین و لە ناخی خۆتدا پەنگ دەخۆیتەوە. 

 

لێرە هەمووان وەکو یەکن.  پاشاو گەدا، داراو نەدار، هەژارو دەوڵەمەند، سیاسی و ناسیاسی، ساغ و نەخۆش و گەورەوبچوک،  هاوئاست و هاوشوێن و هاوشان و هاوپلەو هاوچارەنوس و نیشتەجێی یەک مەنزڵگا و یەک بارەگا و تاکە چارەنووسن. 

 

لێرە رۆژ هەڵاتن و رۆژئاوابوونت لێ دیار نیە. بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارەت وەک یەکن. بۆ تۆ رۆژەکانیش هەر شەون و خامۆشیەکی ترسناک باڵی بەسەر فەزای ناو گۆڕتدا کێشاوە. 

 

لێرە تەنیایی کۆتایی نایەت و سات بە سات خۆزگە دەخوازی خۆزیا هەرگیز مردن بوونی نەبوو و نەدەگەیشتی بە ئێرە. 

ئالێرەدا، لەم دوا وێستگەیەی ژیان و هەناسەداندا،  مرۆڤ ئاوێتەی ناخی خۆی دەبێ و لە هێزو و گەورەیی و جوانی کەوتن دوا دیاری ژیانی ئەو دونیایەیە، سەردەمانێک خۆی پێوە بائەداو مەستی خۆشی و چرکەساتە لە بیرنەکراوو لەزەتەکانی ناویەوە بوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×