ئەوەی بە چەک و جبەخانەنەکرا، خەریکە بە دادگا دەیکەن

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-02-29     276

دەستەواژەی فیدڕاڵی بەلای نوخبەی حوکمڕانی ئێستای عێراق، دەستەواژەیەکی کرچ وکاڵ و بێ ناوەرۆک و کەرەستەیەکی ئیعلامیە،  تا سەرخستنی سیستەمێکی گونجاوی حوکمرانی . 

 

لای کورد سیستەمی حوکومرانی لە بەغدا فیدڕاڵیەو هەر بەم هۆیەوە کورد لەوەتەی رژێمی بەعس رووخاوە دەیان هیواو ئومێدی لەسەر ئەم دەستەواژەیەو رەهەندەکانی پیادەکردنی ئەم سیستەمەوە هەڵچنیوە. بەڵام بە لای عێراقیەکان سیستەمی حوکومرانی مەرکەزیەو فیدڕاڵی کەرەستەو هەوڵێکی جددی کوردە بۆ  رێگەخۆش کردن بۆ جیابوونەوەو هەڵەڵوەشاندنەوەی عێراق. 

 

هەرێمی کوردستان و دانیشتوان و نوخبەی رۆناکبیران و حوکومرانەکانی زیاتر لە بیست ساڵە بە هیوای پیادەکردنی سەرلەبەری رەهەندەکانی ئەم سیستەمەن. دەیان کۆڕوکۆبوونەوەو سمینار و دانیشتن و دیدارو چاوپێکەوتن بۆ گفتوکردنی شێوازی پیادەکردنی ئەم سیستەمە و نەهێشتنی ئاسەواری بەعس و دیکتاتۆری تائیفی و خۆفەرزکردن و نکۆڵی لێکردنی ماف و ئەرک و ئاییندەی کورد، رێکخران. 

 

زۆرترین تیشک خرایە سەر سرووشتی سیستەمە فیدڕاڵیە کار پێکراوەکانی گۆشەوکەناری جیهان و چۆنیەتی پیادەکردنی لەم عێراقەی تووندوتیژی و گرژی و ئاڵۆزی بووە بە پێناسێکی ناشرینەوە. 

 

لێ دوای بیست ساڵ لەم بینەوبەردەو گفتوگۆکردن و دیدارو چاوپێکەوتن، کورد ئێستاکە گەیشتووەتە تونێلێکی داخراوو ئاسۆیەکی نادیارو لێڵەوە. 

 

لە قالبدانی هەرێم لە لایەن دەستەبژێری حوکمڕانی ئێستای بەغدا، سەرباری کەموکورتی و باری لاری ناوەخۆی هەرێم، هێمایەکە بۆ حەقیقەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا دهەمبەر کوردستانەوە هەر لەسەردەمی حەجاجی کوڕی یوسفەوە بگرە تا بەمڕۆ دەگات. 

هەوڵدان بۆ لە قالبدان و کرچ و کاڵ کردنەوەو دواجار پەڕوباڵ کردنی هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی ئێستای بەغدا و مامەڵەیەکی تازە نیە. 

کورد هەموو جۆرەکانی سیستەمی حوکمرانی لە بەغدا تاوی کردووەتەوەو خەرمانەیەکی پڕ لە ئەزمونی لەگەڵ نوخبە یەک لە دوا یەکەکانی بەغداوە هەیە. 

ئەزمون و مێژووی  دەوڵەمەندی کورد لە عێراق،  هێمای  دەرخستنی عەقڵیەتێکی بە هەژمون و تێکەڵەیەکی ناسیۆنالیزمی  تائیفی و چەقبەستووە دهەمبەر پرسی کوردو ماف و ئەرکەکانی لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە بە زۆر پێکەوەلکێندراوەوە. 

ئەو دۆخەی لە ساڵی دووهەزارو چواردەوە بەرۆکی هەرێمی گرتووە،  ئەوەندەی رەگی لە مێژووی پڕ لە هەڵبەزودابەزو هەڵکشان و داکشانی پەیوەندیەکانی نێوان کوردو بەغداوە داکوتاوە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە موچەو بودجەو شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و نەوت و غازەوە نیە. 

 

بەداخەوە رووخانی بەعس، ئەو ژینگە سیاسیەی نەهێنا ئاراوە ببێ بە بنەمای یەکتر قەبوڵ کردن و پلۆراڵیزم و گەشەی وڵات و هێنانەدی خواست و ئومێدی عێراقیەکان.  

لە بری ئەمە چارەنووسی ئەم وڵاتە لە نێو گێژاوی ململانێ تائیفی و سیاسیەکاندا قەتیس ماوەو هەر رۆژەو بەدەست بەڵاو کارەسات و کێشەو گرفتێکی تازەوە دەناڵێنێ و لەم دۆخەشدا کورد کەتووەتە نێو بەرداشی هەژمونی چەندین دەوڵەت و هێزو جەمسەری بەرژەوەند خوازەوە. 

 

عێراقیەکان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە دوای رووخانی بەعس و ڕاماڵینی پاشماوەکانی هزری بەعسیسزم، بەهیوای هێنانەکایەی دەوڵەتێەوە بوون ڕەنگدانەوەی بەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانەوە هەبێ و حکومەتێکی دیموکراتی پلۆراڵ، بکارێ  لانی کەمی بنەماسەرەکیەکانی  ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات و گەلانی عێراق لەم بارودۆخە ئاڵۆزەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی باشتر و دڵنیاترو قۆناغ و وێستگەیەکی هیوابەخشترەوە.

جگەلەمەش عێراقیەکان هیواخوازبوون سەروەری یاسا، کۆمەڵێک دەرەنجامی باش و ئەرێنی  بەرچاوی لێبکەوێتەوەو نیشتیمان و کۆمەڵگا لە سایەی قانون و شەفافیەت و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ کردن و سەرخستنی شەراکەتی راستەقینەوە، رووەو ئاسۆیەکی گەش  و  پڕ لە دڵنەوایی و دڵنیایی و متمانەوە هەنگاو بنێت. 

 

لێ مخابن دەستی دەرەکی و هەژمونگەرایی هێزەهەرێمایەتیەکان  بە گشتی و نەمازە وڵاتێکی دراوسێی ئەم عێراقە تائیفیە، هەنوکە گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیارو وێستگەیەکی تا بڵێی ترسناک و پڕ مەترسیەوە. 

ئەم هەژمونگەراییە کارێکی  زۆر نەرێنی کردۆتە سەر سەرلەبەری پرۆسەی سیاسیەوەو یەکسانە بە تێکدانی دۆخی ناوەخۆی عێراق بە ئاراستەی پاراستن و زامن کردنی بەرژەوەندیە تائیفی، ستراتیژی و سیاسیە هەرێمایەتیەکانەوە. 

لەم دۆخەشدا باری خراپی ئابوری هەرێم و کاڵبوونەوەی ئینتیمای نیشتیمانی لای تاکی کورد و پەرتەوازەیی بێ وێنە و جەمسەرگەرایی هێزە سیاسیەکان، هێندەی تر هەرێمی خستووەتە دۆخێکی ناخۆش و ژێر فشارو دەرگای نائومێدیەکی کوشندەی بەروودا کردووەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×