قسەی زۆر کراوە دەربارەی جیاوازیە بونیادیەکانی نێوان جیلی پێشوو جیلی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی سەرهەڵدان یا درووست بوونی ئەم جیاوازیانەوە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، ئێستاشی لەگەڵدابێ نەتوانراوە ئەم دوو جەمسەرە کۆمەڵایەتیە لە ڕووی فیکر و مەعریفە وجیهانبینیەوە لەیەک نزیک بکرێنەوە.
ئایا بوونی ئەم جیاوازیانە وەک چەند
زەروورەتێکی مێژوویی دەردەکەون و پێویستە هەبن؟ یا نا....جیاوازیەکان ڕووکەش و کڵێشەیین و بەو قەوارەیە نین، کۆمەڵێک ڕوشنبیر و توێژەر و نووسەر باسی لێوە دەکەن؟
بەڵام ئایا بەڕاستی جیاوازی هەیە لە نێوان ئە دوو توێژە کۆمەڵایەتیەدا؟
نکۆڵی لەوە ناکڕێت، لە زۆر رووەوە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەم نەوەیەی ئێستا کە لە سەرەتای بیست و سیەکانی تەمەنیدایە، لەگەڵ ئەو جیلەی لە پەنجا و شەستەکانی تەمەنیدایە. بەڵام ئایا جیاوازیەکان ڕادیکاڵی وبوونیادین؟ یا سوک و ساکارن؟
من پێم وایە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی لە ڕووی بیرو بۆچوون و هزر وباوەڕە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، تێڕامانی نێودەوڵەتی و پەیوەندی نێوان دووو ڕەگەزی جیا ( نێرومێ)، و ئامادەیی بوونی خەسڵەتی سەرکێشی کردن و ناڕەزایەتی دەربڕین و حەز وئاوات و خواستە تایبەتیەکان، ئەم دوو جیلە لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
نەوەی پێشوو هەڵگری کۆمەڵێک بەهای جێگری کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوری جێگر و ڕەسەن بوون و لە ژێر هەموو ئەو بارودۆخە سەخت و ناسک و ناهەموارانەی بەسەر گەلی کوردداهاتوون، توانیویانە خۆڕاگر بن و ساردی و گەرمی و ناهەمواریەکان، کاریگەری نەرێنی کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەریان و هەر ئەمەش بووە تا کو ئێستا بۆتە ڕەمزی مانەوەمان بە زیندوویی و نەتوانەوەمان لە ناو بۆتەی ڕگەزی داگیرکار بە هەموو فۆڕم و ناوەرۆک و ئامانجەکانیەوە.
لەمەش زیاتر، گۆشەنیگای نەوەی پێشوو بۆ بابەتەکانی وەک پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان گروووپ و تاکەکانی کۆمەڵگە، چۆنیەتی تێگەیشتن لە بابەتی خوێندن و خوێندەواری و بڕوانامەی زانکۆ و ئەکادێمی، پێک هێنانی خێزان و دەست گرتن بە بەها و داب و نەریتە ڕەسەنە جڤاکی و کولتوریەکان، شێوازی رەفتارکردن لەگەڵ دایک و باوک، تەواو جیاوازە لە هی نەوەی ئێستا.
ئەگەر لە رووی فەلسەفەشەوە لە جیاوازیەکان بڕوانین، گەرەکە ئەم پرسیارە ڕووبەرووی خۆمان بکەینەوە، کام جیل لەسەر حەقە و کام جیلیش لەسەر ڕێچکەی هەڵە یە؟ کامیان ڕێچکەی ڕاست و درووستی گرتۆتەبەر و کامیش لە سەر ڕێچکەیەکی چەوت و ناڕاستە ؟
بەدەر لە رووە فەلسەفیەکەی ئەم بابەتە، من پێم وایە جیلی پێشوو بە سادەیی بیری دەکردەوە، بە سادەیی دەژیا و هەر بە سادەییش سەری دەنایەوە و چاوەڕوانی لە ڕادەبەری لە ژیان و ئاییندە و دونیای ماتریاڵی و رەفاهیەتەوە نەبوو. بەڵام جیلی ئێستا،سادە بیر ناکاتەوە و ناشیەوێت سادە بژیت. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بە و مانایە نیە، جیلی پێشوو نەزان بووبێت و ئەمەی ئێستا زانا و دانا و حەکیم بێت.
جیلی ئێستا بە نەوەی کومپیۆتێر، دونیای مەجازی، فەیس بوک، سەتەلایت، ئینتێرنێت، گووگڵ و ئایفۆن و تەلەفۆن و وایرلێس ناسراوە. بە واتایەکی تر کاراکتەرو مەلەوانی ناو جیهانێکی پڕ لە شەپۆل و هەڵبەزو دابەز و پڕ لە ئیمکانیاتی جۆراوجۆری " پەیوەندیەکان" ە.
بۆیە زۆر ئاساییە جیلی ئێستا بە سادەیی نەژیت و بە سادەییش بیر نەکاتەوەو چاوەڕوانیەکانی لە کۆمەڵگە و ژیان و دەسەڵاتدار، زۆر لەوە زیاتر بێت، جیلی پێشوو بتوانێ لێی تێبگات و هەزمی بکات.
ئەم جیلە تێگەیشتنی لە جیهان و ژیان و پەیوەندی نێوان تاک و ڕگەزە پێک هێنەرەکانی کۆمەڵگە لە وانە دایک و باوک و خێزان وقوتابخانە و مامۆستا و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و پێک هێنانی خێزان و ......تەواو لە هی نەوەی کۆن جیاوازن.
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لە سەردەمانی پێشوودا، بۆ نمونە پەنجا ساڵ پێش ئێستا، جیهان سادە بوو، کاراکتەرەکان سادە بوون و هەلومەرجەکەش بەم شێوەیەی ئێستاکە نەبوو و کۆمەڵگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیش نەکەوتبوونە بەردەم زریانی وێرانکەری تێکنۆلۆژیا و تەوژمی شۆڕشی خێرای زانیاریەکان و بەها کۆمەڵایەتی و کولتوریەکانیش بە جێگری دەردەکەوتن و دەپارێزران. بە واتایەکی تر، کۆمەڵگەی کوردی زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێز و کۆنسێرڤاتیڤ دەچوو تا جڤاکێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و تەنراو بە تێکنۆلۆژیای زانیاریەوە.
پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا کاراکتەرەکانیش سادەبوون...یا سپی بوون یا ڕەش، یا خزمەتکارو دڵسۆزو پاک و بێگەرد بوون یا خیانەتکار و ئەڵقەلە گوێ و خۆ فرۆش ( جاشەکان)، یا هەموو سەرمایەی مادی و مەعنەوی خۆیان ئەخستە کار بۆ ڕزگاری و ئازادی، یا ئەوەتا پوڵ پەرەست و شێت و شەیدای پۆست و پلە و پایە و کورسی بوون.... چاکە و خراپە زۆربە ئاسانی دەکرا لە یەکتر جیا بکرێنەوە.
ڕابردوو و کاراکتەرەکانی وەک پەڕاوی ( هاتوو و نەهاتوو/ حازر و غایب) ی قوتابخانە بوون. چەمک و مەفاهیمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سیاسی پێویستیان بە شرۆڤەکاری و لێ وردبوونەوە نەبوو.....تەنانەت زۆر بە ئاسانی دەزانرا کێ چاکە کارە و کێش خراپەکارە، کێ خاوەنی کەسایەتیەکی پاکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نیشتیمانی بەرزە و کێش خراپەکاری و گەندەڵی و دزی و ناپاکی و درۆزنی و ریاکاری و قۆڵبڕی چۆتە ناو خوێن و دەمارەکانیەوە....هەموو ئەمانە بە هۆی سادەیی ژیان و هەلومەرجەکانەوە دەکرا زۆر بە ئاسانی و بێ ماندوو بوون لێک جیا بکرێنەوە.
بەدەر لەمانە، جاران کەس ناچار نەبوو مێشک و زهنیەتی خۆی بە شیتەڵ کردنەوەو تێگەیشتن لە چەمکەکانی دیموکراسی و ناسیۆنالیزم و کۆمۆنیزم و فاشیزم و ( نیزم) ەکانی ترەوە سەرقاڵ بکات یا بیەوێ بە ڕووکەش لاسایی وڵاتانی پێشکەوتوو بکاتەوە یا سیستەم و مۆدێلی حوکمڕانی نامۆ بە کولتور بەها جڤاکی و ئایینیەکان، بە بێ دیراسەکردنێکی ورد و ئەکادێمیەوە، لە کۆمەڵگەی کوردی پیادە بکات.
هەموو ئەمانە وایانکرد جیلی پێشوو ببێتە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بنەڕەتیەوە، کە من پێم وایە جیلی ئێستا نیەتی. لەوانە نەوەی پێشوو لە ژێر گشت دۆخێکدا هیواو ئومێدی خۆی نەدۆدۆڕاند و هەمیشە پڕ بوو لە ئومێد بە ئاییندەی گەش و لە شکست و نسکۆش ترسی نەبوو و بڕواو متمانەشی بە تواناکانی خۆی نەدەدۆڕاند.
ڕەەنگە نەوەی نوێ بڵێت، ڕاستە جیلی پێشوو خاوەنی ئەم تایبەتمەندیە بوونیادیانە بووە، چونکە ئەو جیهانەی تێیدا دەژیان، سادە و ساکار بوو، یا ڕەش بوو یا سپی. بەڵام ئەوەی راستی بێت لە ڕووی زانستی کۆمەڵناسیەوە ناکرێ کۆمەڵگەو هەل و مەرجەکان بەسەر دوو ڕەنگی ڕەش و سپیدا دابەش کەین و ئەم جۆرە دابەشکاریە تا ڕادەیەکی بەرچاو زۆر نازانستیە. ناکڕی بڵێین کۆمەڵگەی ڕەش و سپی، بەڵکو ڕەنگەکانی تریش پێک هێنەری سەرەکی جڤاکن و ناکرێ نادیدەیان بگیرێن.
بەشێکی سەرەکی لە واقعە کۆمەڵایەتیەکان نە ڕەشی ڕەهان نە سپی ڕەها. تەنانەت بە لادانی ڕەنگە ڕەشەکانیش ڕەنگە نەکڕی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی و مەدەنی درووست بکەین و پێشی بخەین ولە چەوتی و ناشرینیەکان پاکی بکەینەوە.
ڕەنگە سەرچاوەی بە سادەیی ژیان و هیوانەبڕاوی جیلی پێشوو بۆ " بە سادەیی" بیر کردنەوەیان بگەرێتەوە و " نائومێدی" نەوەی ئێستاش بۆ واقعبینی و واقعگەرایی و بەرزی ئاستی داواکاریەکانیان بگەرێتەوە. لەوانە کەڵەکە بوونی دەیان پرسیاری جۆراوجۆری بێ وەڵامی کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و ڕوناکبیری، زانستی و ئەکادێمی، کە ڕنگە جاران قەت بە زەینی نەوەی پێشوودا نەهاتبن و کەسیش بیری لێ نە کردبێتەوە.
لە کۆتاییدا پێم وایە نەوەی پێشوو بەرهەمی سەردەم و هەلومەرجی ژیانی ئەوکاتی خۆی بوو، و نەوەی ئێستاش بەرهەم و دەرەنجامی زەمەنی تایبەت بە خۆیەتی.
هەر بۆیەش جار ناجارێک دەبینین جیاوازیەکانی نێوان ئەم دوو نەوەیە بە هۆی تێڕامان و پەروەردە و بیروبۆچونە جیاوازیەکانیانەوە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەو جیهانی دەرەوە، بە زەقی دەردەکەون.
کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ژێردەستەیی و ستەمی دەسەلاتدارانی بەغداو خەباتی نەتەوایەتی گەلەکەی لە پێناوی ئازادیدا بە درێژایی هەشتا ساڵی ڕابرردوو و دامەزراندنی چەندین پارت و بزووتنەوەی سیاسی دژ بەیەک و بەرژوەندیخوازەوە، لە هەموو ڕووێک و بەهەموو پێوەرێکەوە، کۆمەڵگەیەکی ماندوو و شەکەت و هیلاکە.
ئەوەی بۆ ئێستای دەسەڵاتداران بە گشتی و ناوەندەکانی زانست و ئەکادێمەوە بە گشتی یەکجار گرینگە، تێگەیشتنە لە ڕەگەزە پێک هێنەرە سەرەکیەکان، بەرژەوەندیە دژ بە یەکەکان، بەرژەوەندی حزبەکان، پەیامی حزبەکان،ئاڕمانجی حزبەکان لە دامەزراندنیان، چین وتوێژەکان، داواکاری و خواستەکان، پێداویستیە مادی و مەعنەویەکان، ئاسۆی ئاییندە و گەیشتن بە حەز و ئاواتە تایبەتیەکان و خۆش کردنی زەمینەی گەیشتن بە ئاڕمانجەکانەوە، بە هاوکاری هەموو ئەوانەی لەم هەرێمە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و نفوز و خەمخۆری ڕاستەقینەن و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی گشت هەوڵ و کۆششێکیان خستۆتە گەڕەوە.