پەروەردەی دروست بەردی بناغەی تاک و کۆمەڵگایەکی پەروەردەکراوە. ھۆشیاری تەندروستی بنەمای کۆمەڵگایەکی تەندروستە. ھەروەک ھۆشیاری سیاسی مەرجی ئینتیما و بەرپرسیارەتیە، ھۆشیاری ئایینی و کۆمەڵایەتیش گەرەنتی پاراستنی ئەخلاق و جڤاکێکی ساغلەم و تاکێکی جوان کردارە.
تێکڕای ئەمانە زامنی نیشتیمانێکی جوان و ھاونیشتیمانیانی بەرپرسیارو کۆمەڵگایەکی خاڵین لە کێشەو ئاڵۆزی و پێکدادانەوە.
شۆڕشی تێکنۆلۆجیا و وەرچەرخانە سەرسووڕھێنەرەکانی زانیاری و لە دایک بوونی دونیایەکی دیجیتالی سەروو دونیا فیزیکیەکەی ئێمە، ساڵانێکە گۆڕانکاریەکی ڕادیکاڵی بەسەر کۆی باوەرو دیدگاو دابونەریت و تێگەیشتنەکانی نەوەی ئەم سەردەمەدا ھێناوە.
نەوەی ئێستا دەروێش و موریدی دونیای مەجازی و رووبەری ئاڵۆزی سۆشیال مێدیایە و لە بڕینی سنوورەکانی ئەم دونیایە ھیچ بەربەستێک توانای راگرتن و ئاستەنگ دانانی لە بەردەم ئەم نەوەیەدا نیە.
نەوەی ئێستا عەودالی زانینی نھێنیە پشت پەردەو شاراوەکانی ناو دونیای دیجیتالەو بروای بە کۆمەڵێک مەفاھیم ھەیە، پێشتر وێنەی نەبووە. ئەم، خۆی بە ھەمووشت زان وێنا دەکات و ھەمیشە دژی دابو نەریت و باوەرەکانی کۆمەڵگا دەجولێتەوەو دەیھەوێ گۆڕانکاریان بەسەردا بھێنێ و لەگەڵ باوەڕە نەگۆڕەکانی تەریبیان بکاتەوەو بیانگونجێنێ.
ئەم نەوەیە سڵ لە ھیچ بەربەستێکی مەجازی ناکاتەوەو ھیچ سنوورێکی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و ئایینی ناتوانێ بیوەستێنێ و بەردەوام لە گەڕانی بێوچاندایە بۆ زانینی شتە شاراوەو بڤەو قەدەغەکراوەکان و دەیھەوێ ھەموو قەدەغەکراوێک تاقی بکاتەوە و ئەزمونیان بکات.
خۆی بە ھیچ سنوورێکی جوگرافی دیاریکراوەوە نابەستێتەوەو بێ پچڕان عەوداڵ و گەڕیدەی زانینی شتە شاراوەکان و رووداوەکانی ئەو دیو سنووری وەھم و خەیال و بەربەستە دەسکردەکانە. ئەم نەوەیە خۆی بە ھیچ ئایدیۆلۆژیایەک و قوتابخانەیەکی فکری و فەلسەفی و کاراکتەرێک نابەستێتەوەو زیاتر بە تەنگ مسۆگەرکردنی ژیانێکی خۆشگوزەرانە تا پابەند بوون بە ئاڕاستە سیاسیەکان و چەمک و مەفاھیمە جڤاکیەکان و دابونەریتە باوەکانی کۆمەڵگا.
ھەرلەم روانگەیەشەوە لەھەموو شت و لە گشت روداوو بوێەرەکانی ژیان و کاراکتەرێک بەدگومان و بەگومانەو یاخیەو حەقیقەتەکانی ژیان بە پێی زیھنیەت و عەقڵی خۆیەوە ھەڵ ئەسەنگێنێ و شەن و کەویان دەکاو ھەوڵی بڵاوکردنەوەو گەیاندنیان دەدات.
زیھن بەلای ئەم نەیەوەیە بەندیخانەیەکی گەورەیە، بە سەتان باوەڕو نەریت و پەروەردەی کلاسیک و ماوەبەسەرچووەوە بارگاوی کراوە. ئاگایی و ھۆشیاری بەلای ئەم، دەرچوونە لەو بەندیخانەی فکر و پچڕاندنی تەوق و زنجیرە دەسکردەکانی زەمەن و ھەڵوەشاندنەوەی نەریت و گەشت و گەڕان بە دوای شتە نەبینراوو نەزانراوەکان.
گەورەترین داھێنانی ژیان لە پانتای فکروخیاڵی ئەم نەوەیە، ھۆشیاری گشتیە. ھۆشیاری بەرامبەر کایەی ژیان و کایەی سیاسی و دۆخی کۆمەڵگاو پەی بردن بە ڕەمزوڕازو نھێنیەکانی گەشەی تێکنۆژیاو داھێنانە خێراکان.
لەدۆخی لەمجۆرەی کۆمەڵگادا، ئەگەر کاربەدەستان و داڕێژەرانی سیاسەت و بکەرە سیاسی و دامەزراوە جڤاکی و ئایینی و پەروەردەییەکان بە دارشتنی سیاسەتێکی واقعگەراو دیراسەکراوو زانستیەوە فریای کۆمەڵگا نەکەون، تاکەکانی ئەم نیشتیمانە ھەنگاو بەرەوھەڵدێر دەنێن و زیاتر لەو پرەنسیپ و چەمکانە دوور دەکەونەوە، زامنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو و ھێمن و ئاسودەو خۆشگوزەرانن.