ئەو زمانەی ئێمە لە مناڵیەوە فێری بووین و دواتر باڵای کرد و لە هەرەتی لاوەتیدا گەشەی سەند و فێری بووین قسەی پێ بکەین، بنووسین و پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەمانەوە بکەین، ئەمانەتێک بوو دەشبوایە بیپاریزین.
زمان بۆ ئێمەمانان کەرەسەیەکی بەهێزبوو بۆ تێگەیشتن لە یەکتر، لە کۆمەڵگاو لە دەورووبەرمانەوە. فەزای پانتای ژیانی سەردەمی مناڵی فەزایەکە بە دەیان نهێنی و تاریکی و خاڵی نادیارو وێستگەی داپۆشراوەوە ئاخێنراوە.
تێگەیشتن لە ماهیەتی ئەم فەزایە، تێگەیشتنە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی ئەم قۆناغەی زۆر خێرا تێپەرین. هەلومەرجی قۆناغەکە پێویستی بە زمانێک بوو یارمەتیمان بدات و ئەو توانایەمان پێ ببەخشێت وەسفی نهێنیەکانی ناخ و شوناسی کەسایەتی خۆمان و کایەی ژیان و کاراکتەرەکانی نێو فەزاکە و ژینگەی ژیانی پێ بکەین.
زمان کەرەسەیەک نیە بۆ ئەوەی ناختی پێ کۆنترۆڵ و هەستەکانتی پێ لە چوارچێوە بدەی و سنووری بۆ دابنێی. زمان لە چەشنی نیعمەتێکی خوایی ئامرازێکە بۆ پەی بردن بە نهێنیەکانی ئەم دونیایە، کەرەسەیەکە بۆ ئاڵوگۆڕو پەیوەندی کردن بە دەورووبەرەوە. کەناڵێکە تا لەوێوە بچینە ناو کۆ و لە کارلێکی رۆژانە و جوڵەی ژیان و چەقی کۆمەڵگادا ئەسپی خۆمان تاو بدەین و لە چەشنی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی چالاکی بنوێنین و لەپاڵ پرۆسەی ژیان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین.
زمان بەردی بناغەی بونیادنانی گفتوگۆو دانوستاندن و دروست کردنی هەلومەرجی لێکتێگەیشتن و پێک گەیاندن و گەرەنتی تێگەیاندن و لادانی هەورو تەمومژی لێک ناحاڵیبون و رێڕەوی راستەقینەی گەیشتنە بە حەقیقەتەوە.
زمان بە گشت تایبەتمەندیە ناوەکیەکانیەوە، چەکێک نیە بۆ هەڵگیرسانی شەڕەجنێو، ئامرازێک نیە بۆ سەنگەرلەیەکتری گرتن، کەرەستەیەک نیە بۆ ئاڵۆزکردنی فەزای پێکەوەبوون و پێکەوەژیان و هێزێکی مەجازی نیە بۆ دابەزاندنی بەهائینسانیەکان و بن کۆڵ کردنی بنەما ئەخلاقیەکان و لە ناوبردنی یەکتری و شکاندنی کەرامەتی ئینسانەکان و ژێرپێ خستنی شکۆی کۆمەڵگاو نەریتە گشتی و ئەخلاقیەکانەوە.
زمان حورمەتی هەیە. ئەشێ هەم وەسفی جوانیەکان و ستایشی ئاکارە جوانەکانی پێ بکرێ هەمیش جوانیەکانی پێ ناشرین بکرێ و وەک چەکێکی کوشندەو وێرانکەر، دەروونی مرۆڤەکانی پێ وێران بکرێ و کۆمەڵگا لە هەموو بەهایەک دابماڵێت.
کۆنترۆڵ نەکردنی ناخ و هێنانە سەرزمانی دەرهاوێشتە وێرانکەرەکانی ناخێکی ئاڵۆزو تووڕەو سەغڵەت، تاریکی بەرهەم دەهێنێ و روناکیەکان لێل دەکات و جوانیەکان دەشێوێنێ و لە ماهیەتی حەقیقەتی ئینسان بوون دوورمان دەخاتەوە.
زمان ئامرازێکە گەرەکە بە ئەمانەتەوە بەکاربهێنرێ، نەک بکرێ بە کەرەسەی خاوی کارگەکانی بەرهەم هێنەری جنێوو دەمشڕی و دەم بەهەراشی و داهێنانی خراپترین سوکایەتی کردن و لەکەدارکردنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و پیس کردنی ژینگە و رووبەرووکردنەوەی دیوەتاریکەکەی کۆمەڵگا بە دیوە روناکیەکەیەوە.
لەم سەردەمی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ناخی مرۆڤەکان و پانتای کۆمەڵگاکانیان زۆر بەهێزەوە داگیرکردووەو هەمووانیان خستۆتە ژێر هەژمون و کاریگەری نەبڕاوەی خۆیانەوە، کەسانێکی شەهەوانی ناشرین کردنی کەلام و وشەی وا هەن جاران لە پەراوێزی کۆمەڵگاکاندا سەرقاڵی لە جوانی خستنی زمان و ئەدەبی نووسیندا دەست و دەمیان لە هیچ نەدەبوارد.
بەڵام بەداخەوە لە سایەی گەشەی خێراو سەرسووڕهێنەری تێکنۆژیاوە زۆر بێ بەزەییانە کەوتوونەتە وێزەی جوانیەکانی جڤاک و نانەوەی ئاژاوە گرژی و گێژاوێکی ناکۆتایان دروست کردووە، حاڵی حازر دەربازبوون و تێپەڕاندنی زۆر ئەستەم دەنوێنێ، ئەگەر مەحاڵ و نەکردەیی نەبێت.