مۆتەکەی ترس

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-10-05     423

ترس هەستێکی سروشتیە لە چەشنی تووڕەیی, ئێرەیی و خۆشحاڵی و هەستەکانی تر. ترس پەرچەکردارو کاردانەوەیەکی سایکۆلۆجیە دهەمبەر هەموو ئەو شتانەی مایەی مەترسی و ترس و دڵە راوکێن.

مرۆڤ هەر لە دێرزەمانەوە واڕاهاتووە لەگەڵ ترس و ماهیەتی ترس ودڵەراوکێ و دۆخی نامتمانەییدا بژیت و رێ بکات. پانتاو فەزای ژیانی مرۆڤ پڕیەتی لە ترس و دڵەراوکێ و دڕدۆنگی و خۆدزینەوە لە ترس و لێکەوتە ومەترسیەکانیەوە. ترس لە ئێستا، ترس لە نەخۆش کەوتن، ترس لە مردن، ترس لە جەنگ، ترس لە لەدەستدان و هەژارکەوتن و ترس لە داهاتوو،  ترس لە ئەویترو ئەوانیتر وترس لە دەرەنجام ولێکەوتەکانی خودی ترس و بکەرو هۆکارو پاڵنەرو بەرهەمهێنەرانی ترس.

بەردەوامبوونی هەست کردن بەترس سەرباری ئەگەری داڕمانی دەروون و وێرانکردنی ناخ و سەرەوژێرکردنی ژیان و نەخۆش کەوتن و سەردەرهێنان لە تونێلێکی داخراوو تەسک وتاریکدا، کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنی و درێژخایەنی پێشبینی نەکراوی لێدەکەوێتەوەو مایەی  هەڵوەستەلەسەرکردن و نیگەرانیە.

ئەوەی مرۆڤ لێی ئەترسێ لە ناواخنیدا هەڵگری هیچ هێزێکی ناوەکی وێرانکار نیە. بەڵکو ئەوە خودی ماهیەتی " ترس"ە هەڵگری هێزێکی سیحراوی و نەبینراوو مەجازی و زادەی خەیاڵ وهەست ونەستی خودی مرۆڤە. ئەوە زیهنی مرۆڤە هەست بە ئامادەیی ترس و غیابی گیانی بەرەنگاربوونەوە دەکات و بەردەوام لە کارلێک و کردارو پەرچەکرداری پچڕپچڕ و بچووک یا گەورەدایە.

بە گشتی شتە نەبینراوو نامەلموسەکان هێزو توانستی لەمسکردنی ئێمەیان نیە. بەڵام دەتوانن پانتاو فەزای بیرکردنەوەو سایکۆلۆجیای مرۆڤ داگیر بکەن و لە ئێستای دایببڕن و لە حاڵەتێک و وێستگەیەکی دیاریکراودا بیچەقێنن. بە واتایەکیتر ماهیەتی ترسی مرۆڤ بە پێی قەوارەی هێزو ئەو پانتاو رووبەرەی ترس دەیخاتە ژێر رکێف وهەژمونی خۆی، وئەو بکەرانەی پێكهێنەری پانتاکەن، گۆرانکاری بەسەردادێت و جیاوازەو لە کەسێک و دۆخێکەوە بۆ کەس و دۆخێکیترەوە دەگۆڕێ ولە هەموو زەمەن و دۆخ و حاڵەتێکدا وەک یەک نیە.

هەرکاتێک مرۆڤ لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆیەوە خۆی رادەستی ترسەوە کرد، لە پەلوپۆ دەکەوێ و ئیرادەی جووڵەو هەنگاونان بەرەو پێشەوەو گەشەو گۆڕانکاریکردنی نامێنێ و تەواو ملکەج و سەرکزو بێ ئێرادە دەکەوێ و تەسلیم بە ترسو لێکەوتەکانیەوە دەبێت.

ترس وادەکات مرۆڤ لە رووی جووڵەوهزرو رەفتارو کردارەوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. مۆتەکەی ترس وامان لێدەکات چاوەڕوانی موعجیزە یا پاشهاتێکی دڵخۆشکەرو مژدەهێنەر یا وەرچەرخانێکی گەورەیا لۆکاڵی بین.  

ترس لە حاڵەتی گشتی نائومێدی بەرهەم دەهێنێ و دواجار تاک و کۆمەڵگا لە جووڵەو زیندووێتی و هەوڵ و تێکۆشان دەخات و دەیخاتە ژێر باڵادەستی و هێزو هەژمونی وێرانکاری و پەراوێزکەوتن و گۆشەگیریەوە.

 

(٢)

کورتبینی سیاسی

کورتبینی سیاسی و دەستکورتی عەقڵانی بۆ ئەو هێزە سیاسی وکۆمەڵایەتیانەی بێ پچڕان کار لەسەر ڕەتکردنەوەی هێزەکانیترەوە دەکەن، دەرەنجامی هزرودیدگاو تێڕامانێکی رووکەش و تەسک و نامەدەنی و ناعەقڵانی و پەرچەکردارو حەماسی بەگژداچوونەوەو رووبەرووبوونەوەیە.

لەو کۆمەڵگانەریتیانەی باوەڕەسیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان لە ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی کامڵ و عەقڵانیەوە بەرهەم نەهاتوون و خاوەنی مێژوویەکی خوێناوی داگیرکاری، سەرکوت کردن و سڕینەوەی نەژادی و کاولکاری بوونەتەوە، هەمیشە قسەکردن لە سەر حەقیقەت و کایەی سیاسی و هۆشیاری رووبەرووی چەندین ئاستەنگ و ئاڵنگاریمان دەکاتەوە. لەم دۆخەدا بیرمان دەچێ حەقیقەت چەمکێکی فرەچەشن و فرە مانای گرێدراوی دۆخی کۆمەڵگاو راڤەو ئیرادەو خواستی بکەرویاریکەرە سەرەکیەکانی ناو کایەی سیاسی و پەیوەستە بە بارودۆخ و قۆناغە جیاوازەکانی کایەی ژیانەوە.

لەمجۆرە کۆمەڵگایانەدا ئەشێ کۆمەڵە هێزێکی پۆپۆلیستی لە بەرەنجامی ناڕەزایەتی و تووڕەیی وپەرچەکردارەوە، نەک خۆڕسک و ریشەدار، لە دایک ببن و هەوڵ وتێکۆشانەکانیان لە پێناو ڕەت کردنەوە یا سڕینەوەی هێزو بزاڤە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانی ترەوە یەکخەن وئاڕاستەی رووبەرووبوونەوەو بە گژداچوونەوە بگرنە بەر.

ماهیەت و شوناسی جەوهەری و پێکهاتەی ئەمجۆرە هێزانە فرە چەشنەو ئەشێ دەنگ وڕەنگ و ئاڕاستەی جیاجیا لە خۆ بگرن. ئەم هێزانە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ئامانجێکی کاتین و خاوەنی گوتارێكی یەکانگیرو چەترێکی کۆکەرەوە وبنەماو کۆڵەگەیەکی بەهێزو نەگۆڕ و دۆخی سەقامگیری ناوەکیەوە نین. ئەم تایپە لە هێزانە خاوەنی هەگبەیەکی دەوڵەمەندی ئایدیۆلۆژیاوکولتور وروئیای سیاسی و پارادایمی عەقەڵگەراو جێگیر نین. بەڵکو بە پێی کات وسات و دۆخەکانەوە گۆڕانکاری بەسەر درووشم و گوتاری سیاسیاندا دێت و گرێدراوی هیچ  دۆخێک و بەها ونۆرمێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی جێگیر نین.

ئەم تایپە لە هێزانە لێبڕاوانە ئیش لەسەر دروستکردنی جیهانێکی کامڵ و یۆتۆپیاو و دوورەدەستی دوورلە واقع و تەژی خەونە پەمەییەکانەوە دەکەن. هەربۆیەش بە بەرزکردنەوەی  کۆمەڵێک درووشمی گەورەوزادەی خەیاڵ و دەرهاوێشتەی کێشەکانی کۆمەڵگا، هێمایەکن بۆ کورتبینی سیاسی و نادروست و دیراسەنەکراو، بە ئاڕاستەی سەرقاڵ کردنی جەماوەرەکەیان بە بەڵێنەکانیانەوە و کەرتکردن ولەت کردن وپەرت کردنی جڤاکەوە.

 

(٣)

چاوەڕوانی بێ سیمایە

مرۆڤەکان هەمیشە چاوەڕوانن…لە چاوەروانیدا دەژین…چاوەروانیەکان هەرگیز کۆتاییان پێ نایەت و ئێمە هەمیشە لەو بەر سنووری هزروخەیاڵدا وێنایان دەکەین. چرکەساتەکانی چاوەڕوانی تاقەتپروکێنن.

چاوەڕوانی هاتنی یەکێک، روودانی رووداوێک، وەرچەرخانێک، موعجیزەیەک…هەواڵێکی خۆش و موژدەیەکی دڵخۆشکەر…نوێ بوونەوەی هەناسەیەک یا گۆڕانکاریێکی ئەرێنی یا دۆخێکی باشتر و بێ کێشەتر.

داهاتوو لە کەسەوە دیار نیە. داهاتوو روخسارێکی رۆشن و دیارو دڵنیاکەرەوەی نیە…چرکەساتێکی نەهاتووەو لێبڕاوانە لە زهنیەتی ئێمەدا لە جووڵە دایە…رەنگە ئەو رووداوە هەرگیز روونەدات یا ئەو کەسە هەرگیز نەیەت و دۆخەکە هەر وەک خۆی بمێنێتەوە.

داهاتوو وابەستەی دونیابینی و دیدگاو زیهن و سەرجەمی ئەو ئومێدو ئارەزووانەیە ئێمەی بە درێژایی تەمەن کردووە بە دیلی خۆیەوە.  

داهاتوو لە چەندین رەهەندەوە پێک هاتووە: 

رەهەندی فیزیکی، رەهەندی سایکۆلۆجی، رەهەندی سۆزوخۆشەویستی و وابەستەبوون و رەهەندی هێز. 

بۆ گەیشتن بەهەر ئامانجێکی دیاریکراو، پێویستە ئەم چەند رەهەندە بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراوەوە هەنگاو بنێن و ئەولاو ئەملا نەکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری هێزی ترەوە. 

مرۆڤ لە چاوەڕوانیدا وەردە وردە ئاوێتەی ناخ و دۆخی دەروونی خۆیەوە دەبێت و دواجار خۆی لێ ون دەبێت و دڵۆپ دڵۆپ و زۆر لە سەرخۆ لە قووڵایی ناخی خۆیدا دەتوێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×