لە ژیانی ئێستای ئێمەدا هیچ شتێک نادۆزیتەوە بەرچاورونی و دڵنیاییت پێ ببەخشێ و وەک هێزو توانستێکی لەبن نەهاتووی مەعنەوی فاکتەری بەرەو پێشەوەچوون و هەنگاونان بێت بەرەو دۆخێکی باشتروجێگرتر.
دونیای ئاڵۆزی ئێستامان واقعێک نیە ئێمە دروستمان کردبێ و لە بەرهەم هێنانیدا رۆڵی سەرەکیمان گێڕابێ و بکەری سەرەکی و باڵادەست ئێمە بووبین.
دونیای ئێستای ئێمە دو دیوە.
دیوێکی ئەم دونیایە بکەرو مێدیای زەبەلاح و لغاوپچڕاوو و کێبەرکێکار و سۆشیال مێدیای پڕ لەهەژمونی بێ باک بە هەموو بەها جوانیەکان، دروستیان کردووەو دونیای دیکەشمان ئەو واقعەیە لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی ئێمە دروست کراوە.
لەم دۆخەدا ئێمە بەردەوام لەگەڵ هێزە ناوەکیەکانی ئەوم دوو دیوەدا لە کارلێک و ململانێ و جەنگی بەردەوامداین و لە رووی سایکۆلۆجیەو ئەهاڕێین.
هەر بۆیەش بەشێکی سەرەکی دڕدۆنگی ( قەلەقی) و کێشە دەروونی و فشارە سایکۆلۆجیاکانی ئینسانی کورد لەم سەردەمەدا زادەی کۆمەڵێک فاکتەرە. ئەم فاکتەرانە دۆخێکی پڕلە نامتمانەیی و دڵەراوکێیان وایان خولقاندووە، پێشتر وێنەی نەبووە.
هەژمونی ئەم بارودۆخە بە تەواوی پێکهاتەکانی ناویەوە، هێمایەکی گەورەی پرسیاری خستووەتە سەر سەرلەبەری ئەو پەیوەست بوون و بۆچوون و بیروباوەرە جێگیرانەی لە رابردوودا بەشێکی سەرەکی شوناس و ئینتیماو پێناسی تاکی کورد و مرۆڤبوون و گیانی بەرەنگاری و ئازادیخوازیەوە بوون.
لە دۆخێکی ئاڵۆزکاوی لەمجۆرەدا هەر نووسەرو پێنووس بەدەستێک و روناکبیرێک و دەستەبژێرێک پێویستە ئەم ڕاستیە لەبەر چاوبگرێت:
نووسین و قسەکردن لەسەر زانست، سیاسەت، فەلسەفە، هونەر، عەشق، ئەدەب و ئایین کاتێک بایەخی هەیە، بتوانێ خزمەت بە گەشەی ئەخلاق و فکرو کۆمەڵگاو کەم کردنەوەی کێشەو پەرەدان بە خۆشگوزەرانی و خێرو چاکەی گشتی و مرۆڤایەتیەوە بکات.
هەر پێنوس بەدەستێک و نووسەرێک و کاراکتەرێک گەرەکە بزانێت ئەگەر نووسینێک و قسەکردنێک نەتوانێ لە رووبەری کۆمەڵگادا ئازارەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا و لاری و چەوتیەکان بخاتە روو و چارەسەریان بۆ پێشنیار نەکات و هەڵگری روئیایەکی رۆشن بۆ چارەسەرکردنی تەنگوچەڵەمەکانی دونیای ئاڵۆزکاوی مرۆڤەکان نەبێت و بە ئاڕاستەی خێروچاکەوە هەنگاو نەنێت و قسەی خێری پێ نەبێت، بۆچوون و نووسینەکانی هیچ بایەخ و گرینگیێکی ئەوتۆیان نابێت.