گشت سیستەمێکی سیاسی ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی جەوھەری و زاتیە لە ھەناوی خۆیدا.
سیستەمە سیاسیەکان لە ناواخنی خۆیاندا لە چەند مۆدێلێکی سیاسی پێک دێن.
ھەرکام لەم مۆدێلە سیاسیانە خاوەنی دوو رەھەندن:
- روانگەی سیستەم: ئەوکۆمەڵە پرەنسیپ و چەمک و ئایدێۆلۆژیا و دەستەواژە و مەفاھیمانە دەگرێتەوە، کۆی سیستەمەکە وەک یەکەیەک و مۆدێلێکی ئایدیۆلۆژی یەکانگیر پێکدەھێنن.
- روانگەی بکەر: روانگەی تایبەتی و پێشینەی سیاسی و عەقلیەت و بۆچون و ھزری و روناکبیری ئەو کاراکتەر و بکەرە سیاسیانە لە خۆ دەگرێ، لە رێگەی مۆدێلی سیاسیەوە ھەوڵی ئیدارەدان و بەرێوەبردنی ( حوکمرانی)کۆمەڵگاوە دەدەن.
زانستی کۆمیۆنیکەیشن و تیۆری ھێرمێنیوتێک (زانستی شرۆڤە، رەگەزێکی بنەڕەتی زانستی کۆمیۆنیکەیشنە) پێمان دەڵێن ھەرجۆرە کێماسی و بێتوانایی و ناکارامەیی لە بواری کۆمیۆنیکەیشن و ئاڵوگۆری زانیاری و گەیاندن و لێدوان و ناردنی پەیام بە کۆمەڵ، بواری ھەڵە تێگەیشتن، تێنەگەیشتن، چەواشەکاری، بەلارێدابردن و ھەڵەتێگەیاندن بەھێز دەکات و دۆخێکی ئاڵۆزی بێ متمانەیی و بێ بروایی لە نێوان ئۆرگانەکانی حکومەت لە لایەک و ئەندامانی کۆمەڵ لە لایەکی دیکەوە دێنێتە کایەوە.
لەم حاڵەتدا جەماوەر لە دۆڵێک و حکومەت لە دۆڵێکی تردان و ھەرکامەیان بە ئاوازێکی جیا دەخوێنن و بڕواومتمانە دەگاتە خوارترین پلە و دۆخێکی ناھەمواری پڕ لە کێشەو پشێوی و دڕدۆنگی و ئاڵۆزی و بێ متمانەیی، باڵی خۆی بەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگادا دەکێشێ و کێرڤی نارەزایەتی و نیگەرانیەکان بەرز دەبێتەوە.
بونیادنانەوەی متمانەی دۆڕاو و لەدەستچوش، کاتو ھێزو وزەیەکی لە رادەبەدەری گەرەکەو زیاتر بە کردار و ھەوڵە جددیەکانەوە بەندە، تا ئاخاوتن و دروشم و گفت و بەڵێنەکانەوە.