سێربیەکان قسەیەکیان هەیە دبێژیت:
“کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێ سیاسەتمەدارەکان گوللە، دەوڵەمەندەکان پارە و هەژارەکانیش منداڵەکانیان دەنێرنە بەرەکانی جەنگەوە.
کاتێکتش جەنگ کۆتایی پێ دێت، سیاسیەکان دەستی یەکتر دەگوشن، دەوڵەمەندەکان نرخی شتومەک بەرەو هەڵکشان دەبەن و هەژارەکانیش بە هەناسەساردیەوە بەدوای گۆڕی منداڵەکانیاندا وێڵ و سەرگەردان دەبن”
جەنگ هەڵگری مانای ماڵوێرانیە بۆ ئەوانەی لە بەرەکانی جەنگدا خەریکی دەستەویەخەی یەکترن رووبەرووی یەکتر دەبنەوە.
دەرەنجامەکانی جەنگ بۆ بکەرانی هێڵەکانی پێشەوە، کوژران یا برینداربوون یا پەککەوتەیی و مەینەتی و بەدبەختی و کاولکاری و دەیان دەردو بەڵای بێ چارەسەریە.
بۆ ئەوانەی بریاری هەڵگیرسانی دەدەن، چ لە کاتەکانی بەرلە جەنگ و گەرمەی چەنگ و تەنانەت دوای جەنگ، هیچ شتێک ناگۆڕێت و گۆڕانکاریەکان بۆئەمان ئیجابی دەبن.
بریاردەرانی جەنگ دواتر و پاش کۆتایی جەنگ، سەردانی یەکتر دەکەن و بەدیداری یەکتر شاد دەبن و هەمیشە لەبەردەم مایک و شاشەو مایکرۆفۆن و جەماوەردا دەم بە بزەو خەندەو پێکەنینن و نوێترین نوکتەو مەتەل بۆ یەکتر دەگێڕنەوە.
بۆ بکەرانی بەرەکانی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ هەستێکی بارگاوی کراوی پەنگخواردووی ڕقاوی و داپۆشراو بەردەوام هانیان دەدات پەلاماری سەنگەرەکانی یەکتر بدەن و بە دڕندەترین شێواز بکەونە گیانی یەکتر و یەکتری لەناو ببەن.
لەناوبردنی یەکتر و ئەوانیتر ئامانجی سەرەکیانە و لە هەندێ چرکەساتدا خوێن بەری چاویان دەگرێ، بێ ئەوەی ساتێک بۆ عەقڵ و مەنتیق و لۆژیک بگەڕێنەوەو پرسیار لە خۆیان بکەن، بۆ چ ئامانجێک شەڕ دەکەن و دوای جەنگ و کوشت و کوشتار چارەنووسی خۆیان و خێزان و ژیان و گوزەرانیان چۆن دەبێت!
ئایاڕێزیان لێدەگیرێ و ژیانێکی شکۆمەند دەکەن یا هەناسەسارد و پڕ لە ئازارو خەفەتبار سەر دەنێنەوەو کۆچی دوایی دەکەن!
بەرلە جەنگ و دوای جەنگ بەرپاکردنی هەموو جەنگێک، گوتارەکان تووند دەبن ، زمانی قسەکردنەکان و لێدوانە رۆژنامەوانیەکان و هەڕەشەکان زبر دەبن و فەرماندە بودەڵە شیروپسکیت خۆرو ژەنەراڵە داڵ و تانج و ئەستێرە لەسەر شانەکان بە گوتارە تووند و ڕقاوی و حەماسیەکانیان ، زۆرترین شەڕکەر و جەنگاوەر ی تووڕەکراوو پڕکراو بە ڕق و قین، رەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکەن.
ئەم جەنگاوەرانە دەبن بە سووتەمەنی ژمارە یەکی جەنگ و دواجار جگە لە ماڵوێرانی و هەناسەساردی و بەدبەختی هیچیتر ناچننەوەو هیچ دەسکەوتێکیان پێ رەوا نابینن.
کەچی لەولاوەو دوای جەنگ، کۆمەڵە مرۆڤێکی هەلپەرەست و ترسنۆک و بێ شەهامەتی بەرژەوەندچی و زمان لووس و خۆمەلاسدەر و تەنانەت ( جەماعەتی پەت پەتێنی سیاسی و سەنگەر گواستنەوە)ی تەختەی شانۆگەری و یاریە سیاسیەکان، خۆیان دەکەن بە پاڵەوانی جەنگ و لە بەرهەمی جەنگەکە دەخۆن و شاشەو رووبەری مێدیا و کۆمەڵگا داگیر دەکەن.