خودی چەمکی “ مەحاڵ” هەڵگری مانای مەحاڵ و کردەیەکی نەزۆکە، بەوەی لە غیابی تایبەتمەندیە زاتیەکانی ناوەکی و بێ هێزیەکەیەوە توانای مانابەخشین و دروست کردنی هێزی شکاندنی “ مەحاڵ” و “ مەحاڵەکان” ی نیە.
گەر دامەزراوەکانی جیهان بە گشت پێکهاتەکانیانەوە، پانتای ژیان بە گشت بکەرەکانیەوە، سیحری ئایدیۆلۆژیا بە هەموو رەهەندو تایبەتمەندیەکانیەوە، دونیای ئابوری و سەربازی بە گشت تواناو دەسەڵات و کاراکتەرو هێزە شاراوەکانیانەوە و ویژدان بە هەموو رەهەندەکانیەوە، توانای گۆڕینی واقعێکی سەپاوو بەرهەم هێنانی دونیایەکی تازەیان نەبوو و لە جوانی و دەسەڵات کەوتن، ئیتر “ مەحاڵیش” دەبێ بە شوناسی کۆمەڵگاو دوا خاڵی گشت جووڵەو پرۆسەیەکی خۆرسک و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگاوە.
کۆمەڵگایەکی لەمجۆرە هەرگیز ناتوانێ ڕچەشکێن بێت. ئەم کۆمەڵگایە ئەشێ هەم لەگەشە کردن بوەستێ، هەمیش وەک پاشکۆی دوێنێیەکی ناشرین لە شوێن خۆیدا بکەوێتە دۆخی چەقبەستووییەوە.
دونیایەکی لەم تایپە، درەنگ یا زوو داهاتوو و بکەرەکۆمەڵایەتیەکانی دەخاتە ژێر کاریگەری و رکێڤی خۆیەوەو بەرهەم هێنانەوەی کۆپی کراوی خۆی دەکا بە نەریتێکی باوو قەبوڵکراوەوە .
هێماکانی ئاڵۆزی
کاتێک سەرلەبەری کۆمەڵگا نەخۆش دەکەوێ و هێڵنج دەدات، ڕشانەوە و سەرئێشەو هاشوهوشی مێدیایی و برەودان بە زمانی هەڵەشەیی و ناشرین کردنی ئەوان و ئەویتر دەبنە دیاردەیەکی ئاسایی کۆمەڵایەتی و پەڵەیەکی ناشرینی جڤاکی.
پێ گرتنی کەسایەتی مرۆڤ و ئاستی هۆشیاری و بەرزراگرتنی رۆحیەتی ئینسان بوون و گەیشتن بە لوتکەی ئامانج و روئیا دوورە دەستەکان، بەندە بە دەروونێکی ئارام و تەندروست و پەروەردەی خێزانی و نۆرمی کۆمەڵگاو ئەو ژینگەیەی تیایدا گەورە دەبین و کەسایەتیمان لە ناویدا فۆرم دەگرێ و باڵا دەکات.
کاتێک سەرلەبەری دوونیای پەروەردە و پرەنسیپ و بنەماکانی، کاتێک کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان، یا ئایدیۆلۆژیاو ئاستی هۆشیاریمان، هەر لە خێزانەوە بیگرە تا دەگاتە ژینگەو کۆمەڵگاو نیشتیمان، لەسەر بنەماو رۆشنایی بەرژەوەندپەرەستی و خۆدەوڵەمەندکردنی نائاسایی و نایاسایی و ئێرەیی و ململانێ و و ڕق و قین هەڵگرتن لە یەکترو تۆڵەکردنەوەو کوشتن و بڕین و بڵاوکردنەوەی ترس بونیاد دەنرێ، قسەکردن لەسەر دوارۆژی پرشنگدار، زۆی کۆمێدی و پێکەنیناویە.
هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان، زمانی قسەکردن و دۆخی سایکۆلۆژیان، دەرهاوێشتەی پێشینەی فەرهەنگی و عەقڵیەت و جۆری بیرکردنەوەو دیدگاو ئەو پەروەردەیە، تاک لەسەری راهاتووەو ئاوێتەی بووەو ناتوانێ دەست بەرداری بێت.