ئێمە لە دونیای باوەڕە جێگرەکان و دونیای ڕاستەقینەی دەرەوەی فانتازیاو خەیاڵ تادێ دوورتر دەکەوینەوەو لەگەڵ جوانیەکان نامۆتر دەبین و لە شکۆمەندیەوە دەکەوین.
جیهان بەهۆی سەڕەۆیی و بێ باکیەکانی ئێمەوە بەرامبەر بە سروشت و ژینگەو کەشووهەواوە بە گشت پێکهاتەو بوونەوەرەکانیەوە تا دێت زیاتر لێمان دوور دەکەوێتەوە و بە نامۆییەوە دەردەکەوێ و بە جێمان دەهێڵێ.
لەسەردەميکدا دەژین هەرکام لە ئێمە سەرقاڵی رازاندنەوەو پشکنین و دروست کردنی دونیایەکی تایبەت بە خۆیەتی، هەستی ئارامی و بەختەوەری و ئاسودەیی پێ ببەخشێ .
دونیای سەوداوبازرگانی، دونیای ئایین و ئایینپەروەری، دونیای بیزنس و پارە، دونیای سیاسەت، دونیای ئەدەب ونووسین و رۆژنامەگەری ، دونیای بەرژەوەندی و کەوتنە دوای خەون و خەیاڵ و ئاواتە بێ سنوورو لە بن نەهاتووەکان.
ئەو دونیایەی واقع و ڕاستەقینەی تیایدا دەژین چیتر نەئەو بەشێکە لە ئێمەو نە ئێمەش بەشێکین لە ئەو.
ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە بەو هەموو تواناو عەقڵ و بیری داهێنەرانەی هەمانە لە نهێنیە شاراوەکانی ئەم دونیا فرە رەهەندە سیحراویە جەنجاڵە تێبگەین و ئەو بە بەشێک لەخۆمان بزانین و خۆشمان بە بەشێک لەو.
ئەو دونیایەی ئێمە پێی وابەستەو گرێ دراوین، چیتر ئەو دونیایەی دەرەوەی خەیاڵی ئێمە نیە. دونیایەکە هەر ڕۆژەو بە جۆرێک دەردەکەوێ و بە رەنگێک خۆی وێنا دەکات.
ئێمە گیرۆدەو دیلی ئاوات و خەون و خەیاڵە بێ سنوورەکان و بەندکراوو دەستەمۆکراوی پلان و ئارەزووەکانی ناو دونیا دەسکردە مێتافیزیکیەکەی زادەی تێفکرین و خەونە رەنگاڵەکانی خۆمانین…بێ ئاگا لەوەی لە چرکەساتێکی چاوەروان نەکراودا هەردوو دونیای خەیاڵ و دەرەوەی خەیاڵ بە جێ دێڵین و بنەوبارەگا بۆ جیهانی ئەبەدی دەپێچینەوەو خامۆش دەبین.
ئێمەو دونیای واقع، رێگاکانمان جیا کردۆتەوەو لە خراپترین دۆخدا ئێمە ئاڕاستەیەکی تەواو پێچەوانەی یاساکانی سروشت و گەڵاڵەکراوی مرۆڤایەتیمان گرتۆتە بەر.
جیهانی واقع بەمە دەناسرێتەوە:
تادێ خۆشەویستیەکان کرچ و کاڵ و پەیوەندیە جڤاکیەکان لەرزۆک و بێ ماناو عەشقەکان لە چوارچێوەیەکی سنوورداری بێ رۆح و خاڵی لە هەست و نەستی ئینسانی و سۆزداری، قەتیس دەمێنن و لە جوڵە و چاڵاکی و نوێبوونەوەو گەشەی سرووشتی دەکەون.
دابڕان لە دوێنێ لە پێناو ئێستاداو قوربانی کردنی داهاتوو بۆ ئەمڕۆ، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەک بخاتە ناو کایەی ژیانمانەوە، بێ ئەوەی ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ دۆخێکی ئاسودەتر، ئاڕاستەی ژیانمانی گۆڕیوەو بە هۆیەوە دەیان هێزی هەژمونگەرا دەورەمانی داوە.
هەر ئەم واقعەی لە چەقی پرۆسەی نۆژەن بوونەوەدا چەقی بەستووەو لە جوڵە وەستاوە، ئێمەی خستۆتە دەرەوەی گشت هاوکێشەیەکی ئەو فەزایەی وەک بڵێی لە ئەزەلەوە زۆر بۆی تێکۆشاین و قوربانیمان بە ژیان بۆی دا و کەوتینە دۆخێکەوە هیچ شتێک لەخۆی و ماهیەت و شوناس و رەنگ و روخساری جارانی ناچێ.