نووسینەوەی مێژوو ئەمانەت و بەرپرسیارەتیە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-04-29     652

مێژوو بە پێچەوانەی بۆچوونی فۆکۆیامی روناکبیر،  ھێشتا کۆتایی نەھاتووە و لە مەرگی ناوادەی خۆی نزیک نەبۆتەوە. 

 

بەم پێیە تا مرۆڤ کاراکتەرو بکەری سەرەکی رەوتی نێو مێژووە و تا مرۆڤیش لەم گۆڕەپانەو پانتا بەرفراوانەدا وەک بکەرێکی چالاک رۆڵ بگێڕێ، مێژووش بە زیندوویی دەمێنێتەوەو جارێ نامرێ.

 

راڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی دیرۆکی دوێنێ و ئێستامان ھەمیشە بە ئەرکێکی مێژوویی و بەرپرسیارەتیەکی ھەستیار زانیوە.

 

ئێمەی پەرت و پەرتەوازە مێژوومان بەجۆرێک نووسیوتەوە بیانیەکی ئەکادێمی و پراگماتیک لە یەکەم خوێندنەوەی راڤەکردنەکەیدا بۆی دەردەکەوێ، ئێمەی بکەرو کاراکتەری نێو رووداوەکان ھەرگیز ئامادە نەبووینە بەش بە حاڵی خۆمان بەرپرسیارەتی شکست و نشوست و پاشەکشەو ترازانەکان لە ئەستۆ بگرین. 

بەڵکو لە ھێنانەوەی پاساوی برواپێکراویش بۆ شکستەکانمان سەرکەوتوو نەبووینە و تەنانەت نەمانتوانیوە قەناعەت بە یەکتریش بکەین. 

 

مێژوو وەک یەکەیەکی ئەدەبی و تەنانەت رۆشنگەری، ھەمیشە لە ھەناوی خۆیدا رووداوگەلێکی پێش بێنی  کراوو و پێش بینی نەکراوی ھەڵگرتووە و تۆماری کردوون و ئەشێ ئێمە لە ئاراستەکردن و کەوتنەوەو دەرەنجامەکان رۆڵێکی بەرچاوو چالاکمان ھەبێ و لە دوورەوە  بینەری ناچالاک نەبین و خۆمان نەخەینە دەرەوەی چوارچێوە سرووشتیەکەیەوە. 

 

بەڵام بەومەرجەی بە ئیرادەوە بەسەر ئەو دەیان کۆسپ و کێشەوتەنگوچەڵەمانەی زەمەنێکە بە ھۆی کۆمەڵێک کێشەی بونیادی و زاتی و ناوچەیی و عەقڵ و خوێندنەوەی سیاسی و تەنانەت گرێدراوی فرەکوێخاییەوە بەرۆکی گرتوویندا، زال بین.

 

مێژوو بیرۆکەیەکی ھزری، سیاسی، فەلسەفی و ئابوری و دەسکەوت چنینەوە نیە، بەڵکو تۆمارکردنی رووداوەکانی ناخی کۆمەڵگایە بە سود وەرگرتن لە زانستەکانی کۆمەڵناسی، سیاسەت و ئابوریەوە. مێژوو پرۆسەیەکە تا مرۆڤ لە چالاکی نەکەوێ ناوەستێ و ھیمیشە رەوتێکی بەرەوپێشەوەچوویە و ناگەڕێتەوە دواوە. بەڵکو بە تۆمارکردنی رووداوەکان ئەشێ ئێمەی خوێنەر بگەڕێنێتەوە دواوە بە مەبەستی ھەڵوەستەلەسەرکردنی ئەو قۆناغانەی کەم تا زۆر پەیوەستن بە دۆخی ئێستاو  چۆنیەتی رەنگرێژکردنی داھاتوومانەوە.  

 

ھیچ کات وامەزانە بتوانی  ھەموو مێژوو بە ئەمانەت و بە دیدێکی زانستی و بێلایەنەوە بنووسیەوە.

 

نووسینەوەو تۆمارکردنی چەند پەڕەیەک لە مێژوو بە ئەمانەت و لە چوارچێوەی زانست و لە گۆشەنیگای خۆتەوە دەکرێت ببێت بە بەشێک لەو سەروەریە نەنووسراوانەی ساڵەھایە لە قوڵایی ناخی خۆت ھەڵتگرتوون و بۆ کەست نەدرکاندوون...بەڵام دڵنیابە ھیچکات ناتوانی وەک کۆمەڵێک حەقیقەتی رەھا بیانخەیە نمایشەوەو  وەک کەرەسەیەکی بەردەست، وێنای جوانیەکانی خۆتی پێ بکەی. 

 

گەرەکە نووسەر بەرلەھەلێنانی ھەر ھەنگاوێک ھەڵگری دیدێکی قوڵی کۆمەڵناسی و مرۆڤ ناسی و تێگەیشتنی سیاسی بێت. 

 

نووسەر پێویستە لە رێگەی مێتۆدەکانی  توێژینەوەی مەیدانیەوە ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی و دۆخی ئابوری کۆمەڵگا بناسێت و ئاشنایەتی لەگەڵ پەیوەندیە جڤاکیەکانەوە ھەبێت و تا بۆی بکرێ خۆی لە لایەنداری و دەمارگێری خێڵ و عەشیرەت و باوەرە لۆکاڵیەکان و لایەنداری و لایەنگری ئایدیۆلۆژیاو شەخس پەرستی کوێرانە بپارێزێ.

 

نووسەر دەبێت ھەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری ئەو پەیوەندیە فرە رەھەندانە بەسەر کۆی گشتی گۆڕانکاریە سیاسیەکانەوە بکات ، بەدرێژایی زەمەن کۆمەڵیان خستۆتە ژێر ھەژمونی خۆیانەوە. 

 

دواتر پێویستە دەرەنجامی خوێندنەوەکان لەگۆشەنیگای توێژینەوەکەی خۆیەوە، نەک وەک فاکت و حەقیقەتی رەھا، بخاتە بەردەم دیدی خوێنەرانەوە و بریاردان لەسەر باشی و خراپی و چەوتی مێژووە تۆمارکراوەکە بۆ نوسەران جێ بھێڵێ. 

 

دواجار نووسینەوەی مێژوو  ھەوڵێک نیە بۆ سەپاندن و فەرزکردن و گشتاندنی ئایدیا، ئایدۆلۆژیا، ناسیۆنالیزم، کاراکتەر، حزب و گرووپ و دەستەیەکی دیاریکراوەوە بەسەر کۆمەڵگا یا باڵادەست کردنی تەوژمێکی دیاریکراو یا جوڵانەوەیەکی فەرھەنگی، سیاسی، ئابوری، جڤاکی یا ئایینی بەسەر کۆی گشتی بونیادی فکری کۆمەڵگاو  دونیای تاکەکاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×