فەوزای مێدیا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-04-23     574

شکاندنی تەوق و ئەو زنجیرەی سەرلەبەری دونیای هزرو روانین و بینینی حەقیقەتە سادەو مێژووییەکانی رووبەری هزری ئێمەی تەوق و لە خاچداوە، فکرو تازەگەری، دیدگای نوێ, مۆدێلی تازەی کارکردن، ستراکتۆری بەهێز، بەرەنجامی دیراسەکراو و خوێندنەوەی تێروتەسەل و وردی گەرەکە.

 

ئەم هەنگاوە پێویستی بە بوونی مەعریفەیەکی نوێیە. پێویستی بە خۆتەکاندنە لە تۆزوخۆڵی رابردوو، پێویستی بە بەخۆداچوونەوەو تێڕامانی قووڵە لەوەی بووە بە کۆمەڵێک پەندو وانە لە رابردوویەک،  ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ بەرهەمەکەینی. 

 

ترسی هەرە گەورەی مرۆڤی ئەم سەردەمە قەتیس مانی خودی مرۆڤە لە ئاست تەماعی بێ سنوور و خولیاکانی خودی خۆی و بارستای ئاڵنگاری و پێشهاتە چاوەروان نەکراوەکان و رووداوە کتوپڕەکانی دونیای دەرەوەی هزرو خەیاڵێکی بێ سنوورەوە. 

 

رووداوگەلێک رۆژانە لە رێگەی مێدیایەکی نابەرپرس و لغاوپچڕاوی بێ سەرووبەرو ئاڵۆزەوە تەنیا بۆ دەست خۆشیەک و دەست لە پشت دانێک و بە شان و باڵ هەڵدانێکی سوک و بێ نرخەوە، ئەرکێکی تر جگە لە نانەوەی پشێوی و فەوزای کۆمەڵایەتی لە خۆی شک نابات و بە پێچەوانەوەوە تەنیا خەمی بە پیرۆزکردنی خۆی و ماهیەتی خۆیەتی. 

 

وادێتە بەرچاو ئەم مێدیا داهێنراوەی زادەی خەیاڵی خودی مرۆڤ، زیاتر ئاڵۆزکردنی دونیای جوانیەکان و لەباربردنی ئاسودەیی دەروونی و هیوابڕین و باڵاکردن و زەق کردن و گواستنەوەی ململانێی پڕ ڕق و قین و رووبەرووکردنەوەو جەنگ و ماڵوێرانی و  دەرخستنی چەوتی و ناشرینیەکانی پانتای ژیان و رووبەری کۆمەڵگاو داڕووخانی باری دەروونی ئینسانەکان، بە ئەرکی لە پێشینەی خۆی  بزانێ و ئەوپەڕی هەوڵو تەقەلاو پەلەقاژە بۆ داتاشینی بڕوبیانووی تێکدان و داڕمان بخاتە رووەوە. 

 

چ تراژێدیایەکە مێدیایەک، لە هەرێمێکی بچوکی دەورەدراو بە دەیان کێشەو گرفت و دۆخی ئاڵۆزکاوەوە، هیچ سنوورو مەوداو هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و نیشتیمانی نەزانێ یا بزانێ و خۆی لێ نەبان بکات. 

 

چ خەمێکی قووڵە مێدیایەک بێ هیچ کۆت و بەندێکی یاسایی و عورف و بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی و  بەدەر لە گشت بەهایەکی گشتی یا گەردوونی، جاڕی پاڵەوان بوون بدات و چی بوێ دەستی بۆ ببات و ختۆکەی بدات و لەهەمووشی خراپتر جەمسەربەندیە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە بەرژەوەندگەراکان زەقتر کاتەوە،  بێ ئەوەی چرکەساتێک و تۆزقاڵێک بە تەنگ چاکەی گشتیەوە بێت و بیر لە دەرەنجامە درێژخایەنە خراپەکان بکاتەوە و بخرێتە بەردەم بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و پیشەییەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×