ژیان نانووسرێتەوە بەڵکو ئەزمون دەکرێ. ژیانی ئادەمیزاد لەو رۆژەوە دەست پێدەکات هەست بە بوونی مەلموس و فیزیکی خۆی لە نێو پێکهاتەیەک بکات ناوی نراوە دونیا.
پرۆسەی دەسپێک هەرلەو چرکەساتەی مرۆڤ دێتە ناو دونیاوە، لەدایک دەبێت. بە واتایەکی تر چەمکی ( دەسپێک) هەڵگری پرۆسەی سەرەتاو جوڵەی بەردەوام بوونە.
سرووشتی ( دەسپێک)ی ژیان هێمای ئەو حەقیقەتەیە کەوا شتێک دەستی پێکردووەو ناشێت لە ئێستادا پێشبینی بۆ بکەین.
کۆرپەی ناوسگی دایک ئەشێ بە بوونەوەرێکی مێتافیزیکی وێنابکرێ، هێشتا نەخزاوەتە سەر رووبەری دونیاو گشت پێکهاتە فیزیکی و مەلموسەکانی ناویەوەو جارێ نەیتوانیوە جیهان بە هەست و نەستەوە ئەزمون بکات.
هاتنە نێو دونیا، هەنگاونانە بەرەو دۆخە پڕ لە هەڵبەزو دابەزەکان، سەختی و ئاڵنگاریەکان، شکست و هەڵسانەوەکان، نیگەرانیەکان و هەڵپەی رۆژان و ساتەوەختە نەهاتووەکان و خۆپاراستن لە نەهامەتی و نەخۆشی و ناخۆشیەکان و ترس لە مردن.
لە دایک بوون پەڕینەوەیە لە قۆناغی چاوەروانی بەرەو دونیای دەرەوەو ئەزمون کردنی ژیانێک، رەنگە لە باشترین حاڵەت و فۆرمیدا هەرگیز خاڵی نەبێت لە ترس و نیگەرانی و نائارامی و دڕدۆنگیەکانەوە.
روحی گەڕان و گەڕیدەیی پیشەو وەزیفە نیە بە واسیتەو کەرەمی ئەموئەو پێت بدەن. گەڕان بەدوای نادیار لە ئەنجامی چەکەرەکردنی حەزو خولیایەکی ناوەکیەوە دێت. بۆیە دۆزینەوەی نادیار و پەیوەستە بە دۆخی سایکۆلۆژیا و جۆری کەسایەتی و پێکهاتەی کاراکتەر و توانای مرۆڤ خۆیەوە.
پێکهاتەکانی نێو ئەم دونیایە هەر لە دارودرەختەوە بگرە تا ئەستێرەو ئاسمان و خۆرو بوونەوەرو مرۆڤەکانی ناویەوە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر چوارچێوەو جۆری ژیان و فۆرمگرتنی کەسایەتی و شوناس و ئاییندە و چارەنوسی مرۆڤەوە.
مرۆڤ لە ئەنجامی کارلێکی سیستەماتیکی و خورسکی خۆیدا لەگەڵ پێکهاتەکانی ناو بۆتەی ئاڵۆزی ژیانەوە، دەبێتە خاوەن دونیابینی و شوناس و مەعریفەیەکی تایبەت بەخۆیەوە.
شوناسی مرۆڤ دەرەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنە.
شوناس هەر لە منداڵیەوە لە ئەنجامی دەسپێکی پرۆسەیەکی درێژخایەنەوە بەردی بناغەی فۆرم گرتن و گەڵاڵەبوونی دادەنرێ و دواتر وەک دەرەنجامی جموجۆڵەکانی مرۆڤ خۆی و کارلێکی بەردەوامی لە نێو کۆمەڵگاوە گەشەدەکات و باڵا دەگرێ.
بێگومان خوێندن و خوێندنەوەو حەزکردن بە زانست و شتە سەلمێنراوەکان لە گەشە و ئاراستەگرتنی ئەم پرۆسەیەدا رۆڵی کارا و کاریگەریان هەیە و ئەشێ تا دواساتەکانی ژیان لەسەر ئەم زەویەدا ئاوێتەی کەسایەتی و جۆری جیهانبینی مرۆڤ بێت و لە چەشنی کەرەسەیەکی مەعنەوی و مەعریفیەوە، مرۆڤ لە قۆناغ و ئاستێکی دیاریکراوەوە بگوازێتەوە قۆناغ و ئاستێکی بەرزترەوە.
گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتر، دەرفەتی گونجاوتر، هیوای تازەتر، ژیان و گوزەرانی ئاسودەتر و مسۆگەرتر، تەناهی و دۆخی دڵنیایی، بەشێکن لەو خەون و خولیایانەی مرۆڤی پێ دەناسرێنەوە.
ماهیەتی خەیاڵی مرۆڤ بە چەشنێکە حەزی لە لادانی گشت سنوورێک و کۆسپێکی بەردەمیەتی و هیچ بەربەستێک و تەلبەندێک توانای رێ گرتنی لە پەلهاویشتنی خەیاڵی ئەو بۆ بڕینی سنوورەکانی ئەوبەر فانتازیاو و تەلبەندەکانی مێتافیزیاوە نیە.
لەوەتەی مرۆڤ پێی ناوەتەوە سەر ئەم زەویە وێڵی دۆزینەوەی دەرفەتی باشترو گۆڕانکاریە لە دۆخە ئاساییە ماندووکەرەکان و گواستنەوەی ژیان بۆ ئاستێکی باشترو دڵنیاترەوە.
مرۆڤ گەڕیدە ئاسا بەردەوامە لە ڕاماڵینی بەدهزری و بەدکرداری و نائومێدیەوە، بە ئاراستەی زامن کردن و مسۆگەرکردنی ئاییندەو خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و کامەرانی و جوڵەکردن بەرەو دۆخی باشترو سەقامگیرتر و گرێ دانی خۆیەوە بە روحیەتی گەڕیدەییەوە.