غوربەت دیوە دەرەکیە نەزانراوە تاریکەکەی نیشتیمانە. وێناکردنی ئەوبەر سنوورە جوغرافیەکان و پانتای پێدەشتەکانی خەیاڵ و ئارەزووە رەنگاڵەکانە بە یۆتۆپیایەکی نەناسراوەوە.
غوربەت بەردەبازێکی گەورەو خاڵێکی وەرچەرخانی کولتوری و پەڕینەوەو هەڵکەندنی جەستە و لە کۆڵ نان و کڕاندنی ئەو شتە رۆحیانەیە بە نیشتیمانەوە دەمانبەستنەوە.
کاتێک لە غوربەت ورد دەبیەوەو هەڵوەستە لەسەر کۆنتێکستی رووبەرە دەرەکیەکەی دەکەی، زیاتر لە جارێک فەزایەکی مەجازی لە پێش بینای چاوەکانت و پانتای خەیاڵتدا خۆی نمایش دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ماهیەتی ڕاستەقینەی چەمکی غوربەتت بۆ دەرناکەوێ.
غوربەت کەرەسەیەکی مەعنەوی نیە بۆ بۆنیادنانی رۆح و ئاراستەکردنیەوە بەرەو پانتای خەیاڵێکی پەرش و بڵاوەوە. هەروەک کەرەسەیەکی بیناسازیش نیە بۆ بیناکردنی کۆشکێکی رازاوە بۆ پشودانی خەیاڵ و داهێنانی شتە نامۆو سەیرەسەمەڕەکانی کایەی ژیان.
غوربەت بەردێک، گوڵێک، خواردنێکی بەتام و چێژ، ڤایرۆس یا یۆتۆپیا نیە بتەوێ لە رێگەی پشکنین و دیراسەو وردبوونەوە لێی، بە ناواخن و تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی ناویەوە بگەی.
سرووشتی غوربەت بەجۆرێکە بەردەوام هەڵگری هەستێکی نامۆی نافەرمی ناوەکیە بە دونیای دەرەوەی خۆیەوە.
ئەشێ ئەم هەستە لە چرکەساتێکی دیاریکراو یان بە رێکەوت خۆی بکات بە ژوورەوە و تۆی غەریب بە قوڵیەوە هەستی پێ بکەیت و بۆ ماوەیەکی کورت تووشی حەپەسانێک بیت، مانای ئارامی و ئاسوودەییت بیر بباتەوە.
ژیان لە غوربەت یەکسان نیە بە خۆشبەختی تەواوەوە، یان ژیان لە سەر ئەستێرەیەکی ترەوە، هەروەک یەکسانیش نیە بە تێپەراندنی کات و ساتەوەخت و رۆژ و مانگەکان بێ ئەوەی بیرت لای نیشتیمان نەبێ.
غوربەت دامەزراوەیەکی گەورەی کولتوری فرە رەهەندی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و خاوەن پێکهاتەیەکی بە رواڵەت یەکپارچە و فرە جەمسەرە، مرۆڤ تا ساڵانێک لەناویدا نەژیت و نەتوێتەوە و بە رۆح و جەستەو هەستەوە ئەزمونی نەکات، هەرگیز لێی تێناگات.
ژیانی لە نێو سیستەم و پێکهاتەیەکی لەمجۆرەی هەندەران ئەو دەرفەتەت بۆ دەرەخسێنێ، هەڵپەی توانای پێناسەکردنی پێکهاتەکانی ناوەوەو جۆری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و تایپی سیستەم و سیاسەت و ئابوری و کەشی ژیانی کۆمەڵایەتی و نەریتی باڵادەستی ناوەکی ناو ئەم دامەزراوەیە بکەی بە بنەمای پێناسەکردنی شوناسێکی تازەو جیهانبینیەکی نوێوە.
لە غوربەتدا دوای ساڵانێکی زۆر، خەرمانەیەک لە ئەزمون و زانست و زانیاری نوێ دەست دەخەی و هەر لەسەر بنەمای ئەم پاکێجەوە هەوڵی پێناسەکردنی کەسایەتی و گەڵاڵەکردنی پێناسێکی حەقیقی بۆ کەسایەتیت و دیاری کردنی خولیاو ئارەزوو و خواستە تایبەتیەکانت دەدەی.
شوناسێک رەنگە زۆر جیاوازتر بێ لەو شوناسەی جارانی نیشتیمانی دایک و ببێت بە بەشێک لە دونیابینی تازە و روانگەی فرەرەهەندی نوێ و بۆچوونی تایبەتی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی رەگەزە پێکهێنەرەکانی کۆی کایەی ژیانەوە.