پچڕانی زەمەن

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2021-11-24     689
زۆربەمان واخەیاڵ دەکەین ئەشێ لە هەموو دۆخێکدا لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەینەوەو لە سەرەتاوە دەست پێ بکەین.


هەندێکمان لامان وایە بژاردەکانمان لە رووبەری ژیانماندا شوناسی کەسایەتیمان دیاری دەکەن. 
شوناسی هەر کام لە ئێمەمانان هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی زاتی و پەروەردەیی و پێشینەی خێزانی و دەرهاوێشتەی رووداوەکانی پانتای ژیانە. 


شوناس وەک یەکەیەکی یەکانگیری زاتی، دەرخەری سایکۆلۆژیای رەفتاری و هێمای کاراکتەرو و ئەو بکەرە کۆمەڵایەتیەیە، ئێمەمانان خوازیارینی و لە داڵانی هزروبیرماندا لە ئەنجامی کارلێکی کۆمەڵایەتیەوە لە قوڵایی ناخماندا چەکەرە دەکات و بووە بە ئایکۆنی کەسێتیمان لە پانتای کۆمەڵگادا.  


مرۆڤ بە گشتی بوونەوەرێکی تەواو ئازادە لەوەی کام لا و کام رێگاو کام ئایدیۆلۆژیا و کام مۆدێلی ژیان هەڵدەبژێرێ و کام بەها بەلایەوە شوێن بایەخ و گرینگی پێدان و  شایستەی پێڕەوی لێکردنە. 


ژیان لە چەشنی دەرەنجامی پرۆژەیەکی بەڵێندەرایەتی نێوان چەندین هێزو توانستی مەعنەوی خۆی بە فۆرم و ناوەرۆکی جیاوە دەردەخات. هەر لە دەرەنجامی ئەو کارلێکەشەوە دەرفەتمان بۆ دەرەخسێ لە هەوڵداندابین خودی خۆمان و رەسەنایەتی ناخمان بدۆزینەوەو بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین. 


دونیای ئەمڕۆمان پێکهاتەیەکە لە شتە بەهادارەکان، بایەخ پێدراوو بایەخ دارەکان و ئەرک و بەرپرسیارەتی و مافە بنەڕەتیەکانەوە. 


ئێمە توانایی دەستبەردار بوونمان لە کردارەکانی پێشتر و هزروفکرو وابستەبوونەکانی پێشوو نیە و بۆ هەموو کێشەیەک بەدوای چارەسەردا وێڵ و پاشاگەردانین، بێ ئاگا لەوەی هەندێ کێشە دواچارەسەریان نیەو ناچارین لەگەڵیاندا هەلبکەین و بە شێوازو مێتۆدێکی عەقڵانیەوە رێ لە تەشەنە کردنیان بدەین، بەر لەوەی لەناومانداو بەرەو رووماندا بتەقنەوە. 


ئینسانی ئەم زەمەنە پابەندی هیچ شتێکی نەگۆڕو  خاوەنی سایکۆلۆژیایەکی جێگیر نیەو  پەتی ئەم وابەستەبوونە مێژوویەی رابردووی دەمێکە پچراندووەو  لە رووبەری کارو چالاکیەکانیدا خۆی بە هیچ پیرۆزیەکەوە پابەند نابینێ و  خاوەنی خووێکی سەرەڕۆو ئامانجگەراو دژە رووکەشگەراییە. 


مرۆڤەکانی ئێستا لەم رەهابوونە کۆمەڵایەتی و هزریەدا تاسەر خۆیان بەهیچ ئایدیۆلۆژیاکەوە نابەستنەوەو ئامانجی سەرەکی و باڵایان پچڕاندنی گشت وابەستەبوونێکی فکری و مێژوویی و سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیە. 


ئەم هەوڵەش دواجار لە زۆر حاڵەتدا گێژاوێکی بێ کۆتاو دۆخێکی ئاڵۆزکاوی پڕ لە تانەوتەشەرو ململانێ و پێکدادانی بەردەوامی نێوان هێزە کارلێکەرەکانی رووبەری ململانێی دوێنێ و ئەمڕۆی لێدەکەوێتەوە و درێژە بە  دۆخی نائومێدی و دڕدۆنگیەوە دەدات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×