مرۆڤ و کاپیتالیزم

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2021-09-02     746
دونیای دەوروبەرمان پێکھاتەیەکە لە بەرھەمە دروستکراوەکان. بەرھەمگەلێک بە درێژایی زەمەن و قۆناغەکانی گەشەی عەقڵ و توانست و ھێزی لەبن نەھاتووی فانتازیای مرۆڤەوە رۆژبەرۆژ بەپێی تایبەتمەندی قۆناغەکانەوە گۆڕانکاریان بەسەرداھاتووە. 


ئێستاشی لەگەڵدابێ ھیچ کەس نەیتوانیوە سنوورێک بۆ پەل ھاوێشتنی ھێزی فانتازیاو توانستە فکریەکانی مرۆڤەوە دابنێت و ببێتە بەربەست لەبەردەم گەشەی ھێزەشاراوە سیحریە ئەفرێنەرەکەیەوە. 


لەپاڵ ئەم جیھانە دروستکراوەشدا  بکەرانی ناو جیھانەکە ھەرکامەیان لەھەوڵی بەردەوام و بێ پچڕان دابوونە زیاتر  گەشە بە ھەلومەرجەکانی ژیان بدەن و سنوورەکانی وەھم و خەیاڵ و فانتازیا ببەزێنن و دەسکەوتی زیاتر و گەورەتر بخەنە سەر پانتای ئەوبەر سنوورەکانی خەرمانەی دەسکەوتەکانی ترەوە.


بە پێی زانستی ئەنترۆپۆلۆژیا ئەو جیھانەی ئێمە تێیدا دەژین، نەمامگەو کێڵگەیەکی دروستکراوو گونجاوی بەرھەم ھێنراوە، تاکو مرۆڤەکان  بتوانن تیایدا بژین. شوناسی ئەم جیھانە لە ( شتەکان) ەوە پێک دێت و بریتیە لەو شتانەی رگەزە پێکھێنەرە سەرەکیەکانی ئەم دونیایەن. 


تەوژمی کاپیتالیزم یا سیستەمی سەرمایەداری  و گەشەی کۆمەڵگا لە پاڵ شۆڕشی تێکنۆلۆژیا، توانی کاریگەری بخاتە سەر پەیوەندیە ئینسانیەکانی مرۆڤەوەو  لە تایبەتمەندی رۆح و گیانی خۆشەویستی و  ھەستونەستەوە دەریان بێنێ و بیانخاتە نێو چوارچێوەیەکی وشک و ساردوسڕی ئەبستراکتی بێ رۆح و گیانەوە. 


بەو پێیەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە گیانی ھاوکاری و تایبەتمەندی پڕ کردنەوەی بۆشاییە سۆزداریەکان داماڵدران و مرۆڤەکان زیاتر بەرەو ( کاڵابوون) ھەنگاویان نا.


  بۆیەش خۆشویستن و سۆزی پێکەوەیی نێوان مرۆڤەکان گۆڕانکاری رادیکاڵیان بەسەرداھات و مرۆڤیان زیاتر بەرەو گۆشەگیری و دابڕان ھان داو تێکنۆلۆژیا باڵی بەسەر سەرلەبەری رووبەری جڤاک و  دنیای سۆزو ھەستی پێکەو بووندا داگرت. 


حاڵی حازر کاڵابوونی مرۆڤ گشت سنوورێکی ئەخلاق و باوەرو ئایدیۆلۆژیاکانیشی بەزاندووە. 


ئەم دۆخە وایکردووە سیستەمی کاپیتالیزم یا سەرمایەداری لە چەشنی ( کاڵا) لە مرۆڤەکان بروانێ. دیدگای سەرمایەداری لەم قۆناغەدا دیدگایەکە ھەموو ھەوڵی بە ئاراستەی کۆکردنەوی زۆرترین سەرمایەی مادیە لە رێگەی کرین و فرۆشتن بە ( کاڵا) کانەوە، بە مرۆڤەکانیشەوە. 


باشترین و رێزلێگیراوترین تاک بە پێی ئەم مۆدێلە، ئەو تاکە بێ ئیرادەیەیە،  بە بێ گوێدانە بەھاکان و پرەنسیپە ئینسانیەکانەوە جوانترین و زۆرترین و گەورەترین سەرمایە بۆ ئەم سیستەمە بێ بەزەییە وەدەست بخات و  بۆ گشت کونج و کەلەبەرێکی کۆمەڵگا پەل بھاوێژێ و بیخاتە ژێر چنگ و رکێفی خۆیەوە. 


فەلسفەو فکری پشت ئەم جیھانبینیە دروست کردنی مۆدێل و دونیایەکی تەواو ماتریالیستی ئەبستراکت و بێ رۆح و گیان و ساردوسڕو بێ بەزەیی و ھەستو سۆزی ئینسانیە، لە پێناو کۆکردنەوەی زۆرترین مادەو دەسکەوتدا. 


ئەو دونیابینیەی وەک داینەمۆی جووڵێنەرو فاکتەری ھاندەر لە پشت ئەم فکرەوەیە، ھەم سوود لە ئایدیۆلۆژیا وەردەگری ھەمیش سوود لە دژە ئایدیۆلۆژیا.  
بکەرانی پشت ئەم سیستەمە کۆمەڵە کاراکتەرێکی سەرمایەویست و قازانج ویستن بە بێ گوێ دانی دۆخی کۆمەڵگاو ئاستی ژیان و گوزەران و  دۆخی ئاڵۆزی نێوان پێکھاتەکان و جیاکاری و بێدادیەکانی ناو ھەناوی جڤاکەوە، عەوداڵی زیاترو زۆرترین دەسکەوت و بەرکەوتن. 


ئابوریناس و نووسەری  دیاری سەربی( برانکۆ میلانۆڤیچ) لە کتێبی (کاپیتالیزمی تەنیا) ئاماژەی داوە بەوەی: 


" سەرلەبەری کۆمەڵگا گیرۆدەی دەستی تەوژمی کاپیتالیزمە. ئەم ئایدیۆلۆژیایە دۆخێکی ھێناوەتە ئاراوە، ئەو کاروپیشەو ئەرکانەی جاران لە کۆمەڵگا نەریتیەکاندا بە گوێرەی ھەلومەرجەکانەوە ئەنجام ئەدران، ھەنوکە بۆن و بەرامەیەکی تەواو جیاوازیان وەرگرتووەو لە تایبەتمەندی ( خێزان)  کەوتوون بوونەتە کۆمەڵێک ئەرکی بە سیستەم کراوی بێ رۆح و گیانەوە. 


ناوبراو ھەروەھا پێی وایە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە سۆزوسۆزداری و رۆحی جڤاکی کەوتوون و وەک کاڵایەکی بازاڕیان لێھاتووە و رۆحیەتی ئینسان بوونیان لەدەست داوەو کرچ و کاڵ بوونەتەوە. 


ئەم تایبەتمەندیەش وایکردووەو مرۆڤەکان بۆ دەست خستنی زیاترین سەرمایەی مادی گشت رێگەو مێتۆدێک تاقی بکەنەوەو بەڕێزەوە ( لە پێناو لەدەست نەدانی سەرمایە و ھاوبەشی بازرگانی) مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن و رووە ئینسانیەکەی دونیای بیزنس و سەرمایە بخەنە ژێر پێ و خانەی فەرامۆشیەوە.  


بەواتایەکیتر  لەم دونیابینیە نائینسانیە بەرژەوەندگەرایەدا، ڕێز نواندن و سەرەنجدان و گرینگیدان بەرامبەر بە ھابەشی تیجاری، مەرجی مانەوەو زەمانەتی سەرمایەگوزاری و چۆڵ نەکردنی گۆڕەپانەکەو زیندوومانەوەیە لە ئاییندەدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×