باوک کێیە؟
شۆرش خالید ئاژگەیی
2021-06-24   8102
لە دونیای دەروون ناسی و سایکۆلۆژیادا باوک بە یەکێک دەگوترێ چوارچێوەو دیسیپلین بە ژیانت دەبەخشێ.
لە رووی بایۆلۆژیەوە باوک ئەو کەسەیە تۆ ھەڵگری نیوەی جیناتی ئەوی.
ئەگەر باوکێکی باش و بەرپرسیار و مێھرەبانت نەبووە، مانای ئەوە نیە تۆ ناتوانی مرۆڤێکی مێھرەبان و باش بە گشتی و باوکێکی ئەرکناس و خۆشەویست بیت بە تایبەتی.
گرینگ ئەوەیە تۆ چوارچێوەیەکی پتەو بە ژیانت ببەخشی و خاوەنی کۆمەڵێک ئاکارو رەفتارو ھەڵسوکەوتی جوان بیت و پابەند بیت بە کۆمەڵێک پرەنسیپ و نۆرمی جوان و بەھادارەوە.
باوک ئەو کەسەیە ئەشێ ئیلھامبەخشی تۆ بێت، یارمەتیدەر و دەست نیشانکەری رێچکەی گەیشتن بە ئامانجەکانت بێت، چەترێکی رووبەرفراوانی کۆکەرەوەی خێزان و چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی بەھێز و خاوەن پرەنسیپ و ئامانجی دیاری کراو بێت.
باوک ئەو بکەرە کۆمەڵایەتیەی ھەرەمی دەسەڵاتی خێزانە، کاتێک ئەندامانی خێزان پێویستیان پێیەتی ئامادەیی ھەیە. کاتێک یەکێک دەکەوێ، ھەڵیدەگرێتەوە، کاتێک بەرەو ئەنجامدانی تاوان و ھەڵەکردن ھەنگاو دەنێی لە ئاکامی ھەڵەکان ئاگادارت دەکاتەوە و رێگەت پێ دەدا دووبارە خۆت بدۆزیەوە.
باوک شکۆ و کۆلەگەی سەرەکی بنەماڵەیە...ئەو کەسەیە لە لوتکەی بێدەنگیدا نیگەرانی داھاتووتەو کاتێک دڵی دەشکێ، ھەست و ئازارەکانی دەشارێتەوە، بۆیەش ھیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزان ھەستی پێ ناکەن.
باوک ئەو ئینسانەیە کاتێک تۆ ئەسرین دەبارێنی، تووند تووند لە باوەشت دەگرێ تا تۆ فرمێسکەکانی ئەو نەبینی و ھەست بە ئازارەکانی نەکەی.
باوک ئەو مرۆڤەیە کاتێک تۆ سەرکەوتن بەدەست دێنی، ئەو بەھۆی تۆوە لە لوتکەی شانازیکردندا وەک ئەستێرەی مانگی شەوی چواردە ئەدرەوشێتەوە.
باوک ئەشێ ئەو کاراکتەرە چالاک و پاڵپشتە مەعنەویەی ژیان و خێزان و کۆکەرەوەی جیاوازیەکان و بەخشین و دابەش کردنی خۆشەویستی بێت بە گشت ئەندامانی خێزانیەوە بێ جیاوازی.
ھەڵبەت دەشکرێ باوکێکی نابەرپرسیارو توندوتیژ و دەمشڕو شەق وەشێن و دیکتاتۆرێکی دڵرەق و تاکڕەوو بێ موبالات و بەڵایەک بێت، ھەم بۆ خۆی و ھەمیش بۆ خێزان و دەورووبەرەکەیەوە.
باوک ئەو ئایکۆنە جوانە مەعنەویەی خێزانە، لە چەشنی یەکەیەکی باڵای ئیداری، توانای ئیدارە کردنی خاووخێزانی ھەیە و بۆ دابین کردنی ژیان و گوزەران و ھەلومەرجی گونجاوی ژیانی منداڵەکانی ئامادەی گشت قوربانیدان و فیداکاریەکە.
ئەگەر ئەوڕۆ بەھۆی سەرقاڵ بوونتەوەو بە ئاڵنگاری و تەنگوچەڵەمەکانی ژیان و دۆخی نالەباری دارایی و کۆمەڵایەتیەوە وەک پێویست باری سەرەنجت نەخستۆتە سەر باوکەوە، رنگە سبەی درەنگ بێت و فریای ھیچ گرینگی پێدانێک و دەربڕینێکی سۆزداری بۆ باوک نەکەویت یا وەک من لە غەریبیدا ھەواڵی کۆچی دوایی ببیسی و تا ئەبەد بەو خەفەتەوە بژی.
مرۆڤ لەھەر تەمەنێکدا باوکی بمرێ، ھەست بە ھەتیوکەوتن دەکات و بۆشاییەکی گەورە دەکەوێتە پانتای ژیانیەوە، بە ھیچ کەس و شتێک پڕ و قەرەبو ناکرێتەوە.