بکەری کارتۆنی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2020-07-12     892
کاتێک پەنجە ئەخەمە نێو " بوون" ەوە، بۆنی ھیچی و پوچی  و بێمانایی دەدات....
من کێم؟ 
تۆ کێی؟
ئەوانیتر کێن؟
ئەم جیھانە چ جیھانێکە؟ 
رۆڵێ منو تۆو ئەوانیتر تێیدا چ رۆڵێکە؟
چی بووین؟ ئێستا کێین؟


پوچگەرایی دەرەنجامی بیرکردنەوەو ھیوابڕاوی و دۆخی خەمۆکی و لێکدانەوەکانی  ھزری لغاوپچڕاوی ئینسانی مۆدێرن و شارستانیە...


ئەم دۆخە مرۆڤی ئەم سەردەمەی خستۆتەنێوان خاڵەکانی سەرەتاو کۆتایی و لەخرابترین حاڵەتدا بە چڕنۆکی خەمۆکی و دڕدۆنگیەوەو ناچاری کردووە قەبوڵی تاریکی و بێ ئیرادەیی و دەستەوەستان بکات و لە ئاست تەنگوچەڵەمەکانی رووبەری پڕ لە چەقەڵ و ھەورازو نشێوی ژیان دەستەوەستان،  بینەری نمایشی داڕمانی ھزرو فەرھەنگ و بونیادی کۆمەڵگاو  بێ ئیرادەیی و کوشتنی مەیلی گۆڕانکاری و چاک کردن بێت.


دۆخی ئێستای مرۆڤی ئەم سەردەمە، دۆخێکە ھەڵگری رەگەزەکانی دڕدۆنگی و خەمۆکی و دڵەراوکێ و بێ ئیرادەییە لە ھەمبەر  یۆتۆپیای بەختەوەریە رووکەشگەرا دوورەدەستەکانەوە. 


ئەمەش وادەکات بەشێکمان بەختەوەری و کامەرانی لە پارەوپوڵ و سەروەت و سامانی بێشومارو گیرفان و پڕکردنی ژمارە حیسابیە بانکیەکان بدۆزینەوەو بەشێکیتریشمان لە تەندروستی خۆمان و خێزان و کۆمەڵگەو دادپەروەری و یەکسانیدا بەدوای بەختەوەری و کامەرانیدا وێڵ بین و سەرەنجامیش نەگەین بە ھیچ.


بە واتایەکیتر ئەگەر بریارە ( نیقمەت) ناخۆشی  بۆ ھەمووان بێت،  لەھەمان کاتیشدا گەرەکە خێروبێری بارانی رەحمەتیش بۆ ھەمووان وەک یەک بێت و بەشێکمان نەکەوینە دۆخی تینوێتی و بێدرەتانی و حەسرەت و ئاھی قومە ئاوێک لە بەردەم چۆمە ئاوێکدا.


وێنەی نەگەیشتن بە بەختەوەری و نمایشی شکستەکانمان و نائامادەیی توانست و ئیرادە لە دۆخێکی تەواو بێ ئیرادەییدا، ھەڵگری  خەمێکی قوڵ و تەنفوچەڵەمەو زەحمەتیە بێ کۆتاکانی ئینسانی ئێستایە. 


ئەو دۆخەی  لە ئێستاماندا باڵی بەسەر کۆی گشتی  پانتای ھزروبیرکردنەوەو کایەی ژیاندا کێشاوەو تاکەکانی خستۆتە دۆخێکی تاقەتپروکێنی زاتیەوە، لە پاڵ دەرکەوتنی گەردەلولی ھێرشی ڤایرۆسەکانی ئیبۆلاو سارسی لۆکاڵی تا کۆرۆنای جیھانی وێرانکەرەوە، گۆڕانکاری بەسەر زۆر چەمک و تێگەیشتنەکانماندا ھێناو ئینسانی خستە بەردەم دنیایەک ئاڵنگاری و کێشەو سەرئێشەوە.


لێ کۆمەڵگا سەرباری رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ سەدان کێشەی کەمەرشکێنەوە، کەچی ھێشتا لە چنگ ھەلپەرەست و پاڵەوانە کارتۆنیەکانەوە رزگاری نەبووە.


ئەو پرسیارە بونیادیەی ئا لێرەدا رووبەروومان دەبێتەوە ئەمەیە:
ھەلپەرەستی چیە و ھەلپەرەست کێیە؟


شوناسی ئەم جۆرە کاراکتەرە، شوناسێکی نادیار و تەماویە...
ئەم جۆرە کاراکتەرە یەکێکە لە ئەندامەکانی کۆمەڵگە...ڕەنگە هاوسێ و دراوسێی من وتۆ بێت...ڕەنگە دوکاندارەکەی سەری کۆڵان یا نانەواخانەکەی کۆڵان و گەڕەکی ئەو لاتر بێت... ڕەگ و ڕیشەی نیە، بونیادی کەسایەتی دیار نیە...


نە خەڵکی ڕۆژهەڵاتە و نە پەیوەستە بە ڕۆژئاواوە...لە ڕووی مادیە وە هەژار نیە... وەک دەڵێن شەق لە پارە دەدات...بەڵام لە ڕووی مەعریفەوە هەژارێکی داماوەو وا پیشان دەدات هەموو مەعریفەیەک لای ئەو گل دراوەتەوە و  زانست زانێکی دانسقەی دانایە...


بنەماڵە وڕەچەڵەک لای ئەم کاراکتەرە لە سەرووی گشت بەهایەکی کۆمەڵایەتی و پیرۆزی بەتەوەیی و ئایینیە...حزب لە دونیای  تێگەیشتنی ئەو، شوناسە، پێوەرە..ئامرازە.....ستراکتۆرێکی بەهێز و پتەوو دانەبڕاوی کەسایەتیە...


ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی لای ئەو پەیوەست بووونە بەو حزب یا لایەن سیاسیەی ئەو لە سەرووی هەموو بەهایەک و پیرۆزیەکەوە دایناوە...


لە ڕووی بیری سیاسی و ئازادی بیرکردنەوە، زەلیل و سەرگەردان و نامۆیە بەو واقعەی تیایدا دەژی...ئامادەیە لە پێناو سەرخستنی باوەڕەکانی سەر بنێتەوە،ھەروەک ئامادە نیە تۆزقالێک چیە لە پڕەنسیپەکانی حزب لا بدات...بەڵام ئامادە نیە  یەک زەڕەش لە پێناوی بەرژەوەندی خاک و وڵات سازش بۆ نەیارەکانی بکات...


خێڵ و بنەماڵە و دابو نەریت لای ئەو، کۆمەڵە ئامرازێکن بۆ پێاسەکردنی ئەو لەو دونیا جەنجاڵیەی کۆمەڵگای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە...


ئەم جۆرە کاراکتەرە وەک بڵێی دووچاری هەڵامەت بووبێت، هەر ڕۆژەو تاوولەرزی شتێک ئەیگرێ...لە ڕووی تەمەنەوە دەکرێ لە سەرووی بیستەکانوە بێت، ڕەنگیشە خۆی لە شەست ساڵیش دابێت و تازە گۆڕانکاری لە هزر و عەقڵیەتی ئاسان نەبێت و مەحاڵ بێت...


جوانیەکانی نیشتیمان لای ئەم کاراکتەرە، گشتی لە سەرکەوتنی ئەو لایەنە سیاسیەی ئەو پێی سەرسامە، کۆ بۆتەوە...ناشرینەکانیش هەمووی لای نەیارانە...لای عەوامە...


دەبەنگی مۆدێڕن یا بکەری قورمیشکراو لە رووی ھزرو بیرو بۆچوونەوە، بوونەوەرێکی فول کۆنسیڕڤاتیڤ و مێشک وشک و نەریتپارێکی دەمارگیرەو بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆی فکری لەگەڵدا ناکرێت...ڕەنگە لە ناو سیستەمی حوکمڕانیدا کاربەدەستێکی( باڵا دەست) بێت و دەست کورتی چینی هەژاران بەلایەوە هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نەبێ و ئەم حاڵەتە لای ئەو بە دینامیکیەتی کۆمەڵگە لە قەڵەم بدرێت...


ئەم کەسایەتیە قاچێکی لەم لایە و قاچێکی تری لەو لای سنوورەکانی کۆمەڵگایە ( هەلپەرەستە)...جاری واهەیە وەک گولە بەڕۆژە وایە، خۆر لەهەر لایەکەوە دەرکەوێ، مەیلی بۆ ئەو لایە....زۆر جاریش لە چەشنی گەردیلە لە ناو بۆشایی هەوادا بۆ خۆی دەخولێتەوەو ئامانج و ئاراستەی کار کردن و فەزای چالاکیەکانی دیار نیە..


چونکە لە قوڵایی کۆمەڵگەوە نەهاتووە، بۆیە لە کۆمەڵگە دابڕاوە...نە پەیوەستە بە ڕابردووەوە، نە ڕۆیایەکی ڕۆشنی بۆ ئاییندە هەیە...لێرە دەژی و بۆ ئەوڕۆ هەوڵ دەدات و کۆشش و تەقالاکانی گرێدراوی بەرژەوەندیە شەخسی و تایبەتیەکانی خۆیەتی، نەک مسۆگەر کردنی چاکەی گشتی و زامن کردنی بەرژەوەندیە گشتیەکان.


گەمژەی مۆدێڕن لە هەڵسوکەوتەکانی وەک خاڵێکی بچوک و ھێزێکی لە ھێزداماڵدراو وایە کە هیچ کاریگەری لەسەر دەورووبەر و رەوتی ڕووداوەکانەوە نیە، لێ بە هۆی ئەو دەسەڵاتەی بە حوکمی قودرەتی قادر و دوعای مادەر ( دایک) پێی بەخشراوە، لە زهنیەتی خۆیدا وا دەزانێ هەموو شتە...بڕوای بە هیچ نیەو جاری واش هەیە زۆر بە بڕواداری خۆی نمایش دەکات...


دەڵێن هەر پوشێک بە هۆی سووک بوونیەوە زۆر بە ئاسانی سەر ئاو دەکەوێ، بۆیە ئەویش لە چەشنی ئەم پوشکەیەوە زوو سەر کەوتووەو هونەرمەندێکی بە تواناو دەست ڕەنگین و زمان لوس و بێ شەرم و حەیاو بێ عزت نەفسە بۆ بەرەو پێشەوە بردنی بەرژەوەندیە زۆرو زەوەندەکانی خۆی و گەیشتن بە لوتکەی ئەو شوێنەی ئەم مەبەستێتی، سڵ لە هیچ ناکاتەوە.


بێ بڕوایە...بێ نەریتە...هەر ڕۆژەو سەماکەری ئاهەنگ و مێلۆدی سەمفۆنیایەکی سیاسیە...هەر ڕۆژەی لەسەر ئایین و بیرو بڕوایەکە...هەم سەردانی مزگەوت دەکات، هەم کەنیسە و پەرستگای ئایینەکانی تر بەسەر دەکاتەوە...هەم دەچێتە قومارخانە و هەم سەردانی کلوب  ونادی و گازینۆ و شوێنی سەماو خۆبادان دەکات....هەم لە مەیخانە مەی دەخواتەوە، هەم ئاوی زەمزەم نۆش دەکات....


هی ئەوە نیە لە ڕۆژی تەنگانەدا پشتی پێ ببەسترێ، چونکە بە پێی بەرژەوەندیەکانی جوڵە دەکات و هیچ کاتێک لە ئاگر یا چاڵی هەڵکەندراو نزیک نابێتەوە...ترسنوک و بێ جەرگە و لە کاتی تەنگانەدا خۆی لە کونێکدا حاشار دەدات و لە کاتی بەشینەوەی دەسکەوتەکانیشدا، کامێرای سێڵڤی گرتنی ئامادەیە و لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خۆی بە پاڵەوان دەردەخات و لەیەک چاوتروکاندنێکیشدا هەزاران کەس لایکی دەکەن.


ئاخر ئەم جۆرە کاراکتەرانە هەمیشە بە هۆی دەست ڕۆیشتوو بوونیان و پێگەیان لە ناو سیستەمی سیاسی و ستراکتۆری حوکمڕانی و زمانی لوس و شارەزاییان لە پیاهەڵدان و مەدح و سەنای سەرووی خۆیانەوە، لە نازو نیعمەتدا دەژین...


ترسی لە تەنیا بووونە...تەنانەت لە سێبەری خۆشی ترسی هەیە...هەمیشە گەرەکیەتی لەناو جەماوەری چەپڵەلێدەریدا بێ..لە هەموو شوێنێکە و لە هیچ شوێنێکیش نیە!!! هەڵبەت خاوەن ڕاو بۆچونی خۆشیەتی...بەڵام هیچ کات بە لای پرسیارە گەورەکانی کۆمەڵگەدا ناچێ و هەموو هەنگاوێکی لە چوارچێوەی زامن کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی...خەمی خەڵک و جەماوەر هی ئەو نیە...ئەو خەمی خۆیەتی و هەموو کەمو کورتیەکانی کۆمەڵگەو خەمەکانی هاو نیشتیمانیان بە لای ئەو شایانی باس کردن و چارەسەرکردن نین...ئەو بیانوو پاساوی بۆ گشت چەوتیەکانی جڤاکەوە پێیە و بەردەوامیش سەرقاڵی ڕازی کردنی زاتی خۆی و سەرووی خۆیەتی و بۆ ئەم مەبەستەش سڵ لە هیچ ناکەتەوە...


ئەم بوونەوەرە هیچ نیە و هەموو شتیشە...لە قسەکردن ناوەستێ و وەک مەقەس توانای هەیە سێ کاتژمێر قسەت بۆ بکات و قسەکانیشی هەمووی مەدح و سەنای ئرو شتانەی بروای پێیانەوە ھەیەو سەرسامە....چونکە سەربە هیچ کام لە قوتابخانەکانی فکری نیە....ئەسڵەن فکر لای ئەو مردووە...تازەگەری خنکێنراوە...شارەزاییەکی باش و توانایەکی لە ڕادەبەدەری هەیە بۆ ئاخاوتن...لە هەر شوێنێ قەرەباڵغیەک هەبوو، دەچێت شوێنی خۆی دەکاتەوەو بزانە ئەوە ئەمە خەریکی قسە کردن و دوووبارە کردنەوەی دووبارە بووەکان و لێدانەوەی قەوانە سوواوو کۆنەکان و ماوە بەرسەر چووەکانە وبیر و ئایدیا و بیرۆکەیەکی تازەی پێ نیە...قسەکانی بۆنی هیچیان لێ دێت و وەڵامدەرەوەی ئاڵنگەریەکانی ئەم قۆناغە نین....


ئەم پاڵەوانەی شاشە، ڕەنگە خوێندەواریشی هەبێ و چەند ساڵێکی تەمەنیشی بە خوێندنە کلاسیکەکانەوە تێپەڕاندبێ، لێ چاک دەزانێ لەم سەردەمەدا ناکڕێ بۆ بەرەو پێشەوە بردنی خۆت وو بەرژەوەندیەکانت، تەنیا پشت بە یەک بڕوانامەوە ببەستی... 


خۆی پۆشتە و پەرداخ و پاک و ڕێک و بۆن خۆش و ڕوو سوورو گیرفان گەرم بێت، عەوام چۆن و بە  چی دەژین، یەک زەڕە کارناکاتە سەر مەزاجی و ویژدانی ناجوڵێنێ...هەمیشە دەم بە پێکەنین و خەندە و بزەیە و ئیسراحەت و پشوودانی خۆی بە هیچ شتێکی ئەم دونیایە ناگۆڕێتەوە...ئاخر ئەو هەموو شتی هەیە....!!!!


ئامادەیی ئەم بێ خەمیە لای ئەو، هی دوێنی نیە، هی ئەمڕۆیە وئاییندە لای ئەم هەر لە ئێستاوە مسۆگەر و زامن کراوە...


ئەم کاراکتەرە خەونی گەورەی هەیە، لێ خەونەکانی هەڵگری خەمەکانی جڤاک نین و لە شوێنێک و لە وێستگەیەکدا قەتیس ماون و لە جوڵەکەوتوون...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×