جەنابی راوێژکار
شۆرش خالید ئاژگەیی
2020-06-14   940
راوێژکاری ئەرک و بەرپرسیارەتیە، نەک پلەوپۆست و چاخواردنەوە و پرس پێ نەکردن و پەراوێز خستن.
راوێژکار ئەرکی پیشاندانی چارەسەرو لێک جیاکردنەوەی رێگەو کوێرە رێگەیە.
راوێژکار ئەرکی پێدانی راوێژو باس کردن و شرۆڤەی واقعی دۆخی ئێستاو دارشتنی پلان و دانانی ستراتیژی رووبەرووبوونەوەی پیلان و چارەسەری دۆخی تەنگەتاوی و بێ متمانەیی و ئاڵۆزیە، نەک ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکان و بەرەو ھەڵدێر بردنی پرۆسەی سیاسی.
راوێژکار ئیشی چەقین و سنگ دەرپەڕاندنی بەردەم کامیرا و رووبەری شاشە نیە...
راوێژکار گەرەکە ئەو شتەت بۆ باس بکات تۆ خۆت خەیاڵت بۆی ناچێ و بەھۆی سەرقاڵیتەوە دەرفەتت نیە بپرژێیتە سەری.
راوێژکار پێویستە خوێندنەوەی خێراو ئەکادێمی و شرۆڤەی وردی بۆ رووداوەکان، ھەنگاوەکان و ئاڵنگاریەکانەوە ھەبێ و لە دارشتنی ستراتیژی و گوتاری سیاسی و وتاری ئەدەبی شارەزاییەکی باش و دەستێکی نووسینی بەھێزی ھەبێ و لە زمانی بازاڕی دوورکەوێتەوە.
راوێژکار گەرەکە ھەموو بەیانیەک زووتر لە ھەموو کەس لە خەو ھەڵسێ و بەرچاوروونی ھەبێ بۆ دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵات.
گەرەکە راوێژکار وردبینتر لەھەر کەسێک بۆ ئەو رۆژەی کارکردن پلانی لە پێش دارێژراوی ھەبێ و بە ئەرکی وەزیفی خۆی ھەڵسێ.
راوێژکار گەرەکە رەوان نووس و شارەزایی تەواوی لە دارشتن و نووسینی بەھێز دا ھەبێ و دیوی ئێستاتیکای نووسینیش لەبەرچاو بگرێ و بتوانێ بە زمانێکی سادەی رێکورەوان و بێ گرێ و گول و پێچ و پەناو تۆکمەوە بنووسێ و دەستەواژەو مەفاھیمی وشەکان لە شوێن و کاتوساتی گونجاوی نێو چوارچێوەی نووسینەکەیدا بەکار بێنێ.
دەبێت راوێژکار لە زمانی تووند و بەکارھێنانی دەستەواژەی سەقەت و پەرت کەرو ورووژێنەر و چاندنی تۆی رق و قین و نانەوەی دووبەرەکی دوورکەوێتەوە.
راوێژکار گەرەکە دووربین و لەسەرخۆو ھێمن و وردبین بێت.
راوێژکار بە ھیچ شێوەیەک نابیت لێدوانی فەرمی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدات، چونکە ھیچ کاتێک دوا بریار لای ئەو نیە و قەت نابێ دوابریارلای ئەوبێت.
راوێژکاری پیشەی فرۆشتنی کاڵەک و شووتی و لەخشتەبردن و رون کردنەوەو چەواشەکردن و لێدوانی حەماسی و تاودانی ئەسپی خۆبردنە پێشەوەو پاڵەوان بازی و مامەحەمەیی و پان کردنەوە نیە....
ئەرکی راوێژکار خاوکردنەوەی گرژیەکان و دەرھێنانی پرۆسەیە لە دۆخی چەقبەستوییەوە بۆ دۆخی کرانەوەو دارشتنی ئاراستەیەکی گونجاو ە بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن.