دواقۆناغی یەکگرتنەوەی هەردو حزبی دیموکرات گەیشتە ئەنجام و هەریەك لەمستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان ڕێككەوتنی یەكگرتنەوەكەیان ئیمزا كرد.
ئاوێنه: هەردو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لەراگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "کاتێک لە (کانونی یەکەم/12) ی 2006 حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانیدا، توشی لێکدابڕان و جیابونەوە بو، ئەم ڕوداوە شەپۆلێکی گەورە لە نیگەرانی و بەداخبونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دۆست و دڵسۆزی ئەم حیزبەی بە دوای خۆیدا هێنا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ کات ددانی خێریان بەم لێکجیابونەوەیەدا نەنا و بە ڕەسمییان نەناسی، هیچ کات لە ڕەخنە لێگرتن و سەرکۆنەی ڕۆڵە دێموکراتەکانی خۆیان سڵیان نەکردەوە، هیچ کاتیش لە گوشارهێنان بۆ سەر ڕێبەران و تێکۆشەرانی هەر دو لای دێموکرات و وەبیرهێنانەوەی پێویستیی یەکگرتنەوە، ماندو و نائومێد نەبون".
ئهوهش هاتووه،" لەئەمڕۆ بە دواوە کۆتایی بە تێکۆشانی بەجیای هەردو لای دیموکرات دێت، ڕێکخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەردو حزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕێکەوتنە دو لایەنییەکان و ڕێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر ڕێنوێنی و چاوەدێریی ڕێبەرییەکی هاوبەشدا، لە ژێرناوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەکدەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەشدا ئەوە خراوهتهڕو، "حزبی دیموکرات لەمەودوا بەدەستوباڵێکی ئاوەڵاترەوە بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی ئامانج و پرۆژە نەتەوەیی و خەباتگێڕانەکانی، یەک لەوان پێویستیی پێکهێنانی هاوخەباتی و هاوپەیمانیی نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕوبەڕبوونەوەی ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکان هەنگاو دەنێت".