(ئەگەر پێتان وایە خەرجی زانین زۆرە، ئەوا ڕۆژێ دەبێت بەناچاری خەرجی نەزانین بەرز بکەینەوە)
  2025-02-07       440       

هێمن عەبدولقادر

................................

ئەگەر پێتان وایە تێچووی خوێندنگا و مامۆستا و خوێندکار و پەروەردە زۆرە ، ئەو کاتە ناچارین ئەبێت تێچووی زیندان و تاوانبار و دادگا و بنکەکانی پۆلیس بەرزکەینەوە

ئەگەر پێتان وایە تێچووی شادی و دڵخۆشی زۆرە ئەوکاتە ناچاری تێچووی دڵتەنگی و ئازار و دەرمانخانەکان زیاد بکەین

ئەگەر پێتان وایە تێچووی ژینگە و درەخت و سەوزایی و ئاژەڵ و مرۆڤ بوون زۆرە ، ئەو کاتە ناچاری تێچووی گەرما و بێ ئاویی و بەبیابان بوون بەرز کەیتەوە

ئەگەر ئەترسن لەوەی بودجە بۆ کتێبخانەکان دابین بکەن ، ئەوکاتە ناچارن ئەبێت بودجە بۆ شێتخانەکان زیاد بکەن

ئەگەر پێتان وایە خەرجی هاوڵاتی و هاونیشتمانییەکانی خۆتان زۆرە و بەرزە ، ئەو کات ئەبێت خەرجی و باجی دوژمنەکانتان بەرز بکەنەوە و هێشتا لێشتان ڕازی نابن

................

خەرجی زانین زۆر نییە چونکە لەوسەرەوە یەک دونیا سەرمایەی ژیانکردنت بۆ دەگەرێنێتەوە ، خەرجی نەزانین زۆرە کە نازانیت چی لەو هەموو مرۆڤە شێت و بەد بەختانە بکەیت ، کە ئەو کراسی بوکێنییەکەی کە بەدڵی خۆی هەڵی گرتووە دەدرێنێت لەسەر ئەوەی ، خوشکی مێردەکەی وای گووت ، یان دایکی ژنەکەی وای گووت !!

ئاهەنگەکان جمەیان دێت لە بازنی خلیجی و شەکراوی گرانبەها و هۆڵی ڕاقی و مارەیی هەزار لیرەیی ، وەلێ دادگاکان سیخناخن لە جیابوونەوە ، چونکە دەستئاوەڵاویی و پارەمان لەو شتانەدا خەرج کرد کە پێویست نەبوون ، رەزیلی و چروکیشمان لەو شتانەدا کرد کە پێویست بوو بیزانین و بە گرانمان زانین.

.................

کاتێک گەنجێک دانامەزرێ و نایخەینە بەردەم هەلی کار ، ئەوکات بەناچاری ئەکەوێتە بەردەم لایڤ و تیکتۆک و کۆمێنت و قومار و خواردنەوە و مەستی بە مەرجی مردنی خۆیی و ئەوانی تریش ، ژیانی خۆیی و هەموو خەڵکیش دەکات بە دۆزەخ ،بۆیە تێچووی دۆزەخ و پرسە لەسەر کۆمەڵگا و دەوڵەت زۆر زیاترە لە تێچووی شادی ، چون ئیتر مرۆڤێکت دروست کرد کە بەزەیی بە داهاتووی خۆی ووڵات و کەسوکارەکەشیدا نەیەتەوە.

مرۆڤێک بەلای درەختدا دەروات دەیشکێنێتەوە ، بەلای ئاژەڵدا دەڕوات کلکی ئەبڕێت ، بەلای پۆستێکدا ئەڕوات پڕی ئەکات لە جنێو ،

ئەگەر پێتان وایە ، لەگەڵ مندالەکانتان کارێکی سەختە بچن بۆ پیاسە و یاری بکەن ، ئەو کاتە دەبێت شاشەی مۆبایلەکان و نۆڕینگەکان پڕ بکرێن لە چاویلکە.

........

(کاتێک دایک نەبێت ، هەمووان دەبنە باوە پیارە)

کاتێک کەسێک هیچت تیا سەرف نەکات و بەزیادت بزانێت ، تۆش هەمووان وەک دوژمن و باوە پیارە تەماشا دەکەیت و بەزەیت بە هیج شتێکدا نایەتەوە ، هیچمان تیا سەرف نەکرا ، بۆیە ئێستا خەرجیمان زۆر بەرزبۆتەوە ، ئەکرا دۆخەکە لەمە باشتربوایە

..................................

ئەگەر پێتان وایە تێچووی زانکۆ و نەخۆشخانە و گەنجەکان و خانەنشین و مرۆڤە باشەکان و ئەوانەی خزمەتدەکەن زۆرە و بەرزە و قسەی قۆڕ و کاری نەکردەیە ،

ئەو کاتە ناجارن ئەبێت تێچووی مقەڕ و کچەمۆدێل و کەناڵ و شەڕە کەو و لایڤ و تیکتۆک بەرز بکەنەوە ، ئەوانەش لەو جۆرەن کە تێچووەکەیان هەمیشە لە زەرەردایە ، ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەر میللەتێک تەنها پەیوەست نییە بە سیستەمی پاتریۆت و درۆن و دووربینی شەو ، دوژمنێک کە نابینرێت لەناو خۆدایە ،

کورد ئەڵێت (پیاو لە کوانووی خۆیەوە ئاو دەجیتە ژێری) قوڕی سواغی هەر ماڵ و ئاگردانێک بۆ ئەوەی ئاوی دوژمن زەفەری پێنەبات زانینە، سنوور چەند بەهێزیش بێت بۆ پارێزگاری لە شتێکی (داخورا) و ڕزیو ، زیاتر پاراستنی بەڵایە وەک لە خێر.

.................................................

ئەگەر پێتان وایە خەرجی مانگرتن لەنان و ئاو زۆرە ، ئەبێت خەرجی شیرینی گرێبەست و کۆمپانیا بیانیەکان بەرزتر بکەنەوە ، ئەگەر پێتان وایە خەرجی رێگاوبانەکەن زۆرە ، ئەبێت بەردەوام خەرجی ماتەم و قەبر و خێمە و دڵتەنگی خێزانەکان بەرزکەنەوە

پەریونی ئیعتیصامی دەڵێت:-

(ز خوان جهان هرکه را یک نواله

بدادند و آنگه ربودند خوان را)

لەسفرەی دونیادا هەرکەسە و تۆزێکی بەردەکەوێت ، ئەگەر ئەو تۆزەش خەرجی تیا نەکەین و بەزۆر و دەستی دەرەکی و زیادەی بزانین ، کەسێکی تر ئەو تۆزەمان پێدەدات و بەڵام هەموو شتێکی ترمان لێدەستێنێت ، وەک ئەوەی کە هەموو شتێک لە ئێمە سەندرا.

نوقتە سەری دێڕ ...

.............

ئەگەر پێت وایە خەرجی هەژاری زیاترە ، ئەبێت بەردەوام خەرجی شۆڕش و شڵەژانەکان زیاد بکەین

ئەگەر پێتان وایە خەرجی ئاشتی زیاترە ئەوا ئەبێت خەرجی جەنگ زیاد بکەین

ئەگەر پێت وایە خەرجی ئەم جۆرە نوسین و بیرهێنانەوانە زۆرن ، ئەوا دەبێت خەرجی مادەی هۆشبەر و هەزار دەردی تر زیاد بکەین

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×