شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت و بارستەهەوایەکی وشک و سارد ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
  2026-11-08     

بەگوێرەی نوێترین پێشبینییە کەشناسییەکان، شەپۆلی بارانبارینی ناوچەکە لە درەنگانی ئەمشەودا بە تەواوی کۆتایی پێدێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری حاجی ئۆمەرانیش ئەگەری بارینی بەفر هەیە. هاوکات لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەکی وشک و سارد، لە سبەینێوە ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێتەوە و پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا بۆ سفری سەدی دادەبەزن.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بە شێوەیەکی لاواز و پچڕپچڕ تا درەنگانی شەو بەردەوامی دەبێت، کە زیاتر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

​سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەر لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بارستەهەوایەکی وشک و سارد لە ناوچەکانی باکوورەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان. بەهۆی کاریگەریی ئەم بارستەهەوایەوە، پێشبینی دەکرێت بەفرێکی کەم لە سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەران و ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان لە سەرووی 1600 مەترەوەیە ببارێت، و دوابەدوای ئەوەش شەپۆلی دابارینەکە بە تەواوەتی کۆتایی دێت.

​بۆ سبەی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەم، ڕەوشی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیری دەچێت و ئاسمان ساماڵ دەبێت. بەڵام لەژێر کاریگەریی بارستەهەوا ساردەکەدا، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە ڕێژەی 3 تا 4 پلە نزم دەبنەوە، بە جۆرێک لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکاندا پلەی گەرما بۆ 0 پلەی سیلیزی (سفری سەدی) دادەبەزێت.

​ئەم نزمبوونەوەیەی پلەکانی گەرما و کەشە ساردە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە و ڕۆژی هەینی لە ناوچەکەدا بە جێگیری دەمێنێتەوە. لە ڕۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمەوە، لە ئەنجامی دروستبوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەک لە ناوچەکەدا، پلەکانی گەرما دووبارە بە شێوەیەکی کەم ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

​بەپێی خەمڵاندنە کەشناسییەکان، ئەم سەقامگیرییەی کەشوهەوا تاوەکو 20ـی ئەم مانگە درێژەی دەبێت، و پێشبینی دەکرێت لە دوای ئەو بەروارەوە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×