هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە رێککەوتنی مەککە لەسەر بنەمایەکی تەواو بەرگریكارانە دامەزراوە و هیچ ئامانجێکی هێرشبەرانەی لە پشتەوە نییە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، روبەڕوی هەڵوێستی یەکگرتووی ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانییەکە دەبێتەوە و بە توندی پاڵپشتی لە وڵاتە هێرشکرابەسەرەکە دەکرێت.
ئاوێنە: فیدان لە لێدوانەکانیدا روونیکردەوە کە ئەنقەرە هێزی سەربازی رەوانەی خاکی هیچ وڵاتێکی دیکە ناکات بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنە سەربازییەکانی سەر بە هاوپەیمانییەکە لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو رێگایانەی کە دەبنە هۆی پشتیوانیکردنی عەرەبستانی سعودیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی لەلایەن حوسییەکانەوە دەکرێنە سەری.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا سەرلەبەیانی هەمان رۆژ ئاشکرای کرد کە لیژنەی ستراتیژی و بەرگری سەر بە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە، تاوتوێی ئەو رێوشوێنانەی کردووە کە پێویستن بۆ دابینکردن و بڵاوەپێکردنی ئەو هێز و ئامێرە سەربازییانەی کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە لە ناوخۆی عەرەبستانی سعودیدا.
زەکی ئاکتورک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لیژنەی سیاسی و بەرگری هاوپەیمانییەکە لە کۆبوونەوەی رۆژی ٥ی تشرینی یەکەم لە ڕیاز، پێشهاتەکانی ناوچەکە و رێکارەکانی پەیوەست بە بەرگری بەکۆمەڵی تاوتوێ کردووە.
بەیاننامەکە ئەوەشی خستوڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دیاریکردنی پێکهاتەی سەرەتایی ئەمینداریەتی گشتیی هاوپەیمانییەکە، داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە بواری پیشەسازییە بەرگرییەکان، و بەدەستهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو لە بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانییەکەدا کراوە. هەروەها بڕیاردراوە کارەکان لەسەر میکانیزمە سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و پیشەسازییە بەرگرییەکان بەردەوام بن، بە شێوەیەک کە لەگەڵ رێککەوتنی لایەنەکان و رێکارە نیشتمانییە کارپێکراوەکاندا بگونجێت.
وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێز و کەرەستانەی کە تورکیا دەتوانێت دابینیان بکات، بەپێی حوکمەکانی دەستووری تورکیا و ئەو یاسا و رێنماییانە بەڕێوەدەچێت کە لە وڵاتەکەدا بەرکارن.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە وڵاتانی "هاوپەیمانی مەککە" لە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ڕیاز لە رۆژی دووشەممە، دەستپێکردنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بەرگری هاوبەش و دابینکردنی خێرای هێز و توانای سەربازی و بڵاوەپێکردنیانیان لە ناوخۆی عەرەبستانی سعودیە راگەیاند.
لە هەمان کۆبوونەوەدا، بڕیاردرا بە دیاریکردنی فەریقی یەکەمی خانەنشین، نۆعمان مەحمود لە پاکستان، وەک یەکەم ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانییەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ.
رێککەوتنی بەرگری هاوبەشی مەککە لە ٧ی ئابی رابردوودا لەلایەن هەریەک لە عەرەبستانی سعودیە، تورکیا و پاکستانەوە واژۆکرا، کە بنەمای سەرەکییەکەی بریتییە لەوەی کە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە لایەنەکان بە هێرش بۆ سەر سەرجەم لایەنەکانی دیکە هەژمار دەکرێت.