وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وتارێکی بۆ پشتیوانی لە کورد لە سوریا پێشکەش کرد و ڕایگهیاند، بە فەرمی بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاریس لە 13ی ئهم مانگهدا، دهشڵێت، "کورد هاوپەیمانی دڵسۆز و برای چەکدارمانن، هەرگیز دەستبەردارییان نابین، فڕەنسا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی دۆخی کۆبانی تێکناچێت".
ئاوێنە: ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لهمیانی وتارێكدا له پهرلهمانی فەڕهنسا، ڕایگهیاند، "كوردانی سوریا بە فەرمی بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاریس لە 13ی (شوبات/2)ی 2025، کورد هاوپەیمانی دڵسۆز و برای چەکدارمانە، هەرگیز دەستبەردارییان نابین".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا چەپڵەی بۆ شەڕی قارەمانانەی کورد لە دژی داعش لێدا و ڕایگەیاند، "فڕەنسا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی دۆخی کۆبانی تێکناچێت و ناوچهكه به پارێزراوی دهمێنێتهوه".
فەڕەنسا تاکە وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە کە پشتگیری خۆی بۆ کوردەکان دەربڕیوە لە کاتێکدا ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە "نیگەرانییە ئەمنییەکان"ی تورکیا دەکەن لە دژی هێزە چەکدارە کوردییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
دانوستانەکانی نێوان هێزە چەکدارە کوردییەکان (هەسەدە) و حکومەتی سوریای ڕوخا هیچ ئهنجامێكی نهبو، کورد پێداگری لەسەر خۆسەری فیدڕاڵی دەکات، لەوانەش هێشتنەوەی چەک و پێکهاتە چەکدارەکانیان لە سوپای سوریا، هەردو ئەم هەڵوێستانە لای حکومەتی نوێی سوریا قبوڵکراو نین، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا وتی، "فڕەنسا نێوەندگیری لەنێوان لایەنەکاندا دەکات".
فەڕەنسا ساڵانە کۆنفرانسێکی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی نزیک بە ئامادەبون و پشتیوانی کەسایەتییە بیانییەکان لە ناوچەکەدا سازکردوە و کۆنفرانسی ساڵی ڕابردو سەبارەت بە لوبنان بوە، کۆنفرانسی پێشوش سەبارەت بە غەززە و فەڵەستین، ئەمساڵ کۆنفرانسەکە سەبارەت بە سوریا دەبێت.