دژى بڕیارى دادگای فیدڕاڵی سێ پارێزگای عێراق دەوامیان راگرت
  2025-02-05       135       

عێراق چووە ناو قەیرانێكی سیاسی نوێوە، دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەركرد، كە بەم دواییە لەلایەن پەرلەمان پەسەندكرا و لەلایەن هێزە سوننەكانەوە داوای جێبەجێكردنی كرا، لە ئێستادا زۆربەی پارێزگا سوننییەكان ناڕازین لە بڕیارەكەی داداگای فیدراڵی.

ئاوێنە: وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بەو بڕیارە، چوار پارێزگاری عێراق، نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین و كەركوك، ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە دامودەزگا حكومییەكانیان ڕاگەیاند، بەڵام پەروەردەی كەركووك دەڵێت: بایكۆت ناكەین، ئەمەش وەك ناڕەزایەتییەك سەیر دەكرێت بەرامبەر بەو هەنگاوەی كە بە “نادادپەروەری یاسایی” وەسفیان كردووە، كە كاریگەری لەسەر زۆرێك لە زیندانیان و دەستگیركراوان هەبووە.

عەبدولقادر دەخیل ، پارێزگاری نەینەوا بڕیاری ڕاگرتنی دەوامی فەرمی دەركرد، بڕیارەكە بە وەڵامێك بۆ داواكارییەكانی خەڵكی پارێزگاكە دادەنرا، كە ڕەتكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوو.

جەختی لەوەشكردەوە، ڕاگرتنی دەوام پەیامێكی ڕوونە كە ئەم بڕیارە دادوەرییە وەك نادادپەروەرییەك سەیر دەكەن، هاوكات زۆرێك لە هاوڵاتیانی پارێزگاكەمان چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای لێبووردنی گشتی بوون.

محەمەد نوری ئەحمەد پارێزگاری ئەنبار، ڕاگرتنی دەوامی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕاگەیاند، جگە لە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی وەك دامەزراوەكانی تەندرووستی و شارەوانی.

وتیشی: ئەم بڕیارە وەك پاڵپشتی هاودەنگییە لەگەڵ خەڵكی پارێزگاكەمان، كە یاسای لێبووردنی گشتی بە تیشكێكی هیوا بۆ زۆرێك لە خێزانە زیانلێكەوتووەكان دەزانن، هەروەها وەستاندنی جێبەجێكردنی دەبێتە هۆی گرژی كۆمەڵایەتی زیاتر.

بەدر فەحال پارێزگای سەڵاحەدین، ڕاگرتنی دەوامی فەرمی ڕاگەیاند، بڕیارەكە ڕەنگدانەوەی دۆخی توڕەیی گشتی و ناڕازیبوونە لە بڕیارە دادوەرییەكەی ئەم دواییە، خەڵكێكی زۆر لە پارێزگاكە چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای لێبووردنی گشتی بوون، بەتایبەتی كە بەشێك لە زیندانییەكان و دەستگیركراوەكان بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە تاوانباریان نەسەلمێندرا، یاساكەش دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی بە دۆسییەكانیاندا بچنەوە.

محەمەد ئیبراهیم حافز سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگا حكومییەكانی ڕاگەیاند، وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بەو بڕیارە، وتیشی، ئەم هەڵوێستە هاوسۆزییە لەگەڵ پارێزگارەكانی دیكە.

بڕیاری ڕاگرتنی دەوام لە كەركووك كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، لە كاتێكدا هەندێك بە ڕێگەیەكی ڕەوایان زانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری دادوەری، هەندێكی تریان بە پەكخستنی كاتی دەوامی فەرمییان زانی، كە ڕەنگە كاریگەری لەسەر كاری دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان هەبێت و زیان بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بگەیەنێت، هەروەها پەروەردەی كەركووك بڕیاری دا بایكۆت نەكات و پابەندی دەوام بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، ئەم پارێزگایانە بە دیارترین ئەو شارانە دادەنرێن، كە داوای پەسەندكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەكەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە دەیان هەزار دانیشتوویان لە زیندانەكاندا ڕاگیراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×