وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ و نمایشكردن بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركرد و دەڵێت، هەر فەرماندەو ئەفەسەرو پێشمەرگەیەك سەرپێچی بكات، سزای یاسایی دەدرێت.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی ئەرک و کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نمایشکردن بە جلوبەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست و هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە (60) لە 6ی کانونی دوەمی 2025 ژمارەیەک بڕیار و راسپاردەی دەرکردون.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە فەرمانەكەدا ئەم بڕیار و راسپاردانە هاتون:
1.هەمو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە نمایش و خۆدەرخستنێک بەشێوەی چالاکی کەسی ئەفسەر و فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.
2.هەمو جۆرە ناوزڕاندنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا "كۆمێنتی نەشیاو یان پۆست و بڵاوكردنەوەی وێنەی نەگونجاو"، ئەنجامدەرەكەی روبەڕوی سزای یاسایی دەكاتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەك بەدەر لەو رێنوێنییانەی كە لە فەرمانەكەدا هاتون ئەو كارانە ئەنجام بدات، روبەڕوی سزای یاسایی دەبێتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی.
3.ئەنجامدانی ئەو کارانە قەدەغەیە کە لە خاڵی (1-2)ی بڕیارەکەدا هاتون، هەر فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بەدەر لەو ڕێنماییەی کە لە فەرمانەکەدا هاتوە، ئەنجامیان بدات ئەوا سزای یاسایی دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگە چاودێری و بەدواداچونی بەردەوام بۆ ئەو بابەتە دەکەن.
4.پێویستە هەردو بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هەواڵگری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن کە سوکایەتی بە ناو و ناوبانگی پێشمەرگەو فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بەپێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.