بەهۆی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی” زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ دەستگیركران، یەكێك لەو منداڵانە دوای ئەشكەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، پاش نەشتەرگەری بۆی گیانی لەدەست دا.
میدیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویان كردەوە، بەرزین حەمزە زادە دوای ئەوەی لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەستگیركرا و ئەشكەنجە درا، ئێوارەی دوێنێ لە ژێر نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا.
بەرزین حەمزە زادە تەمەنی ١٦ ساڵ بووە و دانیشتووی پارێزگای سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە و بەشدار بووە لە بزووتنەوەكەدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراوە، بە پێی وتەی بنەماڵەكەی بەر لە دەستگیركرانەكەی هیچ نەخۆشییەكی نەبووە، لە كاتی دەستگیركرانەكەی لە ئەشكەنجەدا چەندین جار لە هۆش خۆی چووە.
بە پێی ئاماری میدیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە میانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە پارێزگا جیاوازەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی ٣٠٠ منداڵ دەستگیركراون و تا ئێستا ناسنامەی ١٩٣ یان ئاشكراكراوە.