ئیتالیا وڵاتی جوانیو شارستانیی
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2020-03-29   908
لەماوەی پێشوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوی جیهانی گرتەوە، مردن و توشبوونی هەرکەسێک و نەتەوەیەک لە لای من مایەی نارەحەتی بوو، بەراستی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە جگە لە مردن، ماڵوێرانی گەورەشی بۆ مرۆڤایەتی هێناوەو چەندین ساڵیشی دەوێت، تاوەکو قەرەبووی ئەو زەرەرو زیانە گەورەیە بکرێتەوە کە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە تووشی جیهان بوو.
بەڵام یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆر بە قوورسی ئەم ڤایرۆسە پەلاماری داوە ئیتالیاییە، بەراستی زۆر کاریتێکردم، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار. ئیتالیا نەک بۆ من بگرە لەلای هەموو جیهانیش جوانە، چونکە لێرەوە چرای رێنانساز هەڵکرا و ئەوروپای لە تاریکی سەدەکانی ناڤین رزگارکرد، لێرەوەش بوو هونەری وێنەکێشان، ئۆپێرا، زانستی مۆدێرن،بانک، زانستی سیاسی و حوکمداری، چیرۆکی نوێ، زمانی لۆکاڵی، رۆژنامەگەری و زۆر شتی تریش لێرەوە لەدایک بوون، بۆیە مرۆڤایەتی خۆی بە قەرزارباری ئیتالییەکان دادەنێت.
ئیتالیا چەندین وێنەی جوان و مەزنی لەلای من هەیە و ئەوانەشی ئیتالیا ناسن، دەزانن چەندە ئەم وڵاتە جوان و مەزنە. لەوانەبێت هیچ وڵاتێک هێندەی ئیتالیا دیمەنی جوانی نەبێت، سروشتەکەی، گەلەکەی، شارستانیەتەکەی، هەمووی جوانە.
لێرەوە بوو، یەکێک لە گەورەترین شارستانیەکانی مرۆڤایەتیی لەدایک بوو کە ئەویش شارستانی رۆمانییە، ئەم شارستانیەتە لە چەندین رووەوە خزمەتی زۆری بە مرۆڤایەتی کردووە بەتایبەتی لە رووی شێوازی حوکمداری، زانست و فکرو فەلسەفەدا. لەکاتێکدا ئیتالیا خاوەنی شارستانی بوو، بەشێکی زۆری ئەوروپا لە قۆناغی بەربەریەتدا بووە، تەنانەت کاتێکیش خێڵە جێرمەنییە بەربەرییەکان، ئیتالیا داگیردەکەن، ناتوانن گەل و کولتوورە مەزنەکەی داگیر بکەن.
لێرەوە بوو، شۆڕشێکی فکریی و هونەریی و سیاسی گەورە لە دژی تاریکبینی و دواکەوتووی سەدەکانی ناڤین بەرپابوو کە ئەویش رێنانسازە. ئەوە بیرمەندان و هونەرمەندانی ئیتالی بوون، کە چرای رێنانسازیان هەڵگرت و دواتریش نەک ئیتالیا بەڵکە هەموو ئەوروپا و جیهانیشیان رۆشنکردەوە.
لێرەوە بوو، دانتی لەدایک بوو، کە جگەلەوەی " کۆمیدیایی خوایی" کەی لە رووی ناوەرەۆکەوە زۆر گرنگە و بەیەکێک لە دەقە جوانە شیعرییەکانی ئەدەبیاتی جیهان دەژمێرێت، لە هەمانکاتیشدا لە رووی زمانەوانییەوە گرنگە، چونکە لێرەوە گرنگی درا بە زمانی لۆکالیی و لەژێر هەژموونی زمانی لاتینی ئەوروپا رزگاری بوو.
لێرەوە بوو، جۆڤانی بۆکاچیۆ شۆڕشێکی ئەدەبی گەورەی بەرپا کرد و بەردی بناغەی چیرۆکی ئەوروپی نوێی دانا، هەتاوەکو ئێستاش کتێبی "دی کامیرۆن" بە یەکێک لە کتێبە مەزن و دانسقەکانی ئەدەبیاتی ئەوروپا و جیهان دادەنرێت.
لێرەوە بوو، مایکل ئەنجیلۆ و لیۆناردۆ داڤینشی هاوەڵەکانی، شۆڕشی گەورەی هونەریان کردوو، هونەریان لە چنگی سەدە تاریکەکان رزگار کرد. تەنانەت هەر ئەوانیش بوون کە پەرەیان بە زانستی ئەندازیاری دا.
لێرەوە بوو، گالیلۆ بناغەی زانستی نوێی جیهانی داڕشت و دژایەتی کڵێسای کرد و زانستی لە ژێر عەبای دواکەوتووی سەدەکانی ناڤین زرگارکرد ، هەربۆیە بە باوکی زانستی نوێ دادەنرێت لە جیهاندا. ستیڤ کۆهینگ کە لەئێستادا مەزنترین زانای جیهانە دەڵێت: گالیلۆ، باوک و مامۆستا و دامەزرێنەری زانستی نوێی جیهانە. "
لێرەوە بوو، بانک و سیستەمی بانکی لەدایک بوو، کە لە ئێستادا بە بڕبڕەی ئابووری جیهان دادەنرێت.
لێرەوە بوو، رۆژنامەگەری " گەزەتە" لەدایک بوو، کە لە ئێستادا بە بەشێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵگەکان دادەنرێت.
لێرەوە بوو، ئۆپێرا لەدایک بوو، کە یەکێکە لە ژانرە جوانەکانی هونەر لە جیهاندا.
لێرەوە بوو، لێرەوە بوو،،، بەراستی هەتا بەیانی دابنیشین لە باسکردنی داهێنانەکانی ئیتالیا کە پێشکەشی جیهانی کردووە، تەواو نابێت.
بەراستی کاتێک سەیری مێژووی ئەم وڵاتە دەکەیت سەرسام دەبیت بەو هەموو داهێنانە جوانانەی کە پێشكەشی مرۆڤایەتییان کردووە، مێژووی ئیتالیا تەنها ساڵانی حوکمی بینتۆ مۆسۆلینی و فاشزیم نەبێت، کە دیمەنێکی ناشیرینی هەیە، ئەوی تری هەمووی جوانە. هەرچەندە لەپەنا فاشیزمیشدا، خەباتێکی زۆر مەزن و جوانیش دەبینین، کە گەلی ئیتالی لەدژی فاشیزم کردوویەتی، ئەمەش تاڕادەیەک ئەو دیمەنەی لاواز کردووە. من کاتێک کتێبەکەی بالمیرۆ تۆلیاتیم خوێندەوە سەرسامی کردم، ئیلهامی ئەوەشی پێبەخشیم، کە دواتر کتێبێک لەبارەی فاشیزمەوە بنووسم. باوەڕ ناکەم هیج کەسێک هێندەی تۆلیاتی، ناشیرینی فاشیزمی بە جیهان ناساندبێت.
سەرەتا لەرێگەی رۆمانەکانی " ئەلبێرتۆ مۆرافیی"وە کەمێک ئیتالیام ناسیم، بەتایبەتی ئاگاداری ژیانی کۆمەڵایەتیی بەشێکی ئیتالییەکان بووم، دواتریش لەرێگەی چیرۆک و شانۆکانی "پیراندیلۆ" شەوە، زانیاری زۆرم پەیداکرد، بەتایبەتی لەبارەی ناوچەکانی سیسلیا و باشووری ئیتالیا. هەرئەمەش وایکرد کە بەشێك لە شانۆ، چیرۆک و ژییاننامەکەی بکەم بە کوردی.
کاتێکیش بۆیەکەمجار سەردانی ئیتالیام کرد، بەراستی سروشتە دڵڕفێنەکەی سەرسامی کردم، بەتایبەتی دەریا جوانەکەی ئەدریاتیک، هەستێکی زۆر جوانی پێبەخشیم و جوانی دەریام بۆدەرکەوت، من لە شاری بارییەوە واتە لەباشوورەوە بە شەمەندەفەر بۆ تۆرینتۆی باکووری ئیتالیا چووم، شارەکانی رۆما، میلانۆ، ڤینسیا، جەنوا، تووشی سەرسامییەکی گەورەی کردم. کە دەچیتە ئەم وڵاتەوە، شارەکانی خۆی لە خۆیدا مۆزەخانەیەکی گەورەیە، لەپشت بەرد و داری ئەم وڵاتەشەوە، مرۆڤێکی هیلاک دەبینیت، تاوەکو دیمەنێکی جوان پێشکەشی تۆی گەشتیار بکات.
ئەو ماوەیەی کە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەژیام، خەڵكێکی زۆری ئیتالیم ناسی، کە هەموویان کەسانی بەرێز، کۆمەڵایەتی، میواندۆست، خۆش مەشرەب بوون. ئەمانیش هێندەی تر ئیتالیایان لا خۆشەویست کردم، بەتایبەتی زمانە جوانەکەی، کە مۆسیقایەکی زۆر جوانی هەیە.
بەڵام ئێستا کە دەبینم ئەم وڵاتە جوانە لەلایەن کوشندەترین ڤایرۆسەوە پەلامار دەدرێت، زۆرم پێناخۆشە. بەراستی پێم سەیربوو ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە چۆن دڵی هات پەلاماری ئەم وڵاتە جوانە بدات؟ چۆن دەستی چۆتە بینی هەزاران کەسی بێتاوانی ئەم وڵاتەوە، کە هەموویان خاوەنی کەسایەتییەکی مرۆڤ دۆست و میواندۆستن. لە کاتێکدا لە جیهاندا خەڵکی تاوانکار و خراپ زۆر هەیە، ئەم ڤایرۆسە پەلاماریان بدات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من دڵنییام ئیتالییەکان بەسەر ئەم دوژمنە کوشندەشدا سەردەکەون و لە کۆتاییدا جوانییەکی ئیتالیا، بەسەر ئەم ڤایرۆسە ناشیرینەدا سەردەکەوێت و دووبارە دەتوانین بڵێین " بێلا ئیتالیا ، جوانە ئیتالیا"