یەکێک لەو بیرمەند و رووناکبیرانەی عەرەب کە بە نووسینەکانی سەرسام بووم، نووسەرو بیرمەندی سوری هاشم ساڵح بوو، بەشێکی زۆری وتار و کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، تەنانەت پێش چەند ساڵێک کۆمەڵێک وتاریم وەرگێڕاو لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "کۆمەڵی مەدەنی" چاپم کرد. راستە من پێشتر دەمزانی کە هاشـم ساڵح زۆر هۆگری شارستانی خۆرئاواییە و بە چاوێکی رەخنەگرانەشەوە سەیری دونیای خۆرهەڵات دەکات و بەتایبەتی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات، بە قەولی فارسەکان کەسێکی " غەربزادە" یە.
بەڵام لە پاش خوێندنەوەی دوایین کتێبی بەناونیشانی " لە دیمەشقەوە بۆ پاریس" کە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کردوویەتی بەکوردیی و دەزگای جەمال عیرفان چاپی کردووە. کاتێک هەندێک بیروبۆچوونیم خوێندەوە، تووشی نیگەرانی کردم بەتایبەتی کاتێک هەستم بەو خۆبەکەمزانینەی کرد بەرامبەر خۆرئاوا.
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک وتار کە تێیدا نووسەر وەکو بیرەوەری نووسیویەتی لەپەنا ئەوەشدا بەڕوونی بیروبۆچوونی خۆی لە بارەی شارستانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەرخستووە. لە هەندێک شوێندا هەست بە بێزاریی و تووڕەیی ئەم نووسەرە دەکەیت لە وڵاتەکەی بەتایبەتی و خۆرهەڵات بەگشتی، لەبەرامبەریشدا زۆر بەسەرسامیی و باشییەوە باسی شارستانی خۆرئاوایی دەکات. لەهەمووشی سەیرتر بەلای منەوە، ئەو کەبتە سێکسییە زۆرەیە کە لە نووسەردا دەردەکەوێت، ئەمەش مایەی سەرنج و تێڕامانی زۆرم بوو.
خۆرئاواپەرست
ئەڵمانییەکان وشەیەکیان هەیە " Westorientierung ڤێستئۆرەینتیرونگ" ئەوانەی کە ئاڕاستەی خۆرئاواییان هەیە، وشەی orientierung زیاتر بۆ ئاڕاستەی شوێن بەکاردێت، West مانای خۆرئاوا دەگەیەنێت. بەڵام هەردوو وشەکە پێکەوە لەرووی فیکرییەوە مەبەستێکی تری هەیە، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە هەموو شتێکی خۆرئاوا سەرسامن و بەسەرچاوەی شارستانی مرۆڤایەتی دادەنێن. من وشەی " خۆرئاواپەرست" دادەنێم، پێموایە ئەم وشەیە زیاتر دەگونجێت، چونکە وەکو چۆن خوداپەرست و نەتەوەپەرستمان هەیە، خۆرئاواپەرستیش هەیە، چونکە تۆ هەموو شتێكی باش و جوانت لە خۆرئاوا بینییەوە، ئەوا دەچێتە قاڵبی پەرستنەوە، هاشم ساڵحیش دەچێتە قاڵبی خۆرئاواپەرستەکانەوە.
خۆرهەڵاتی خراپ و خۆرئاوای باش
ئەوەی هەستم پێکرد نووسەر رقی لە هەموو شتێکی خۆرهەڵات دەبێتەوە، تەنانەت رقیشی لە بنەماڵەکەی دەبێت، لەبەرامبەریشدا زۆر شەیدا و هۆگر و سەرسامی خۆرئاوایە. لای ئەو خۆرهەڵات مانای بیری توندڕەویی، دواکەوتوویی، ستەمکاریی، لەبەرامبەریشدا خۆرئاوا مانای ئازادیی" بەتایبەتی ئازادی سێکسی" خۆشگوزەرانی، پێشكەوتن، لێبوردەیی و کۆمەڵی مەدەنی دەگەیەنێت.
نووسەر دەڵێت:
ماوەی نێوان دیمەشق و پاریس بە فرۆکە، چوار سەعاتە، بەڵام بە حیسابی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوویی، چوار سەدەیە!ل9
لەوانەبێت ئەو قسەیە راست بێت کە ئەمڕۆ خۆرئاوا لە زۆر بواردا پێشكەوتنی بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە رووی " پیشەشازیی،ئابووریی، تەکنۆلۆژیا" هەروەها لە رووی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانیشدا، پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لەهەمانکاتیشدا خۆرهەڵات هێشتا بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و بەو شێوەیەی خۆرئاوا نییە. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە دەبێت ئێمە کە خەڵکی خۆرهەڵاتین، خۆمان لێ بێبەری بکەین و رقمان لێی بێتەوە؟ لەهەمانکاتیشدا هەموو شتێکی خۆرئاوا بە جوان و باش ببینین، خۆرهەڵاتیش بەسەرچاوەی هەموو ناشیرینی و خراپەیەک دابنێین؟ ئەی باشە هەر خۆرئاوا نییە کە سەرچاوەی فیکری فاشیزم و پۆپۆلیزم و دیکتاتۆریی و میلیتاریزم وکۆڵۆنیالیزمە ؟ هۆکاری سەرەکی دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانی جیهانی بووە، کە ملیۆنان کەسی تێدا کوژراوەو بریندارو ئاوارە بووە. هەرچی شێوازی دڕندانە بووە لە دژی نەتەوەو گەلانی کیشوەری ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا بەکاریانهێناوە. دەبێت لایەنە ناشیرینەکانیشیان باس بکەین و رەخنەشیان لێبگرین، لەهەمانکاتیشدا ئاساییە کە ستایشی لایەنە جوانەکانیان بکەین، بەڵام نەک هەموو خۆرئاوا بە جوان و خۆرهەڵاتیش بە ناشیرین دابنێیت، ئەمە ناچێتە هەڵوێست و تێڕوانینی کەسێکی رۆشنبیر و ئەکادیمییەوە.
راکردن لە منداڵیی و خۆرهەڵات
پاش دوورکەوتنەوەم لە نیشتمان بۆ ماوەی چل ساڵ، ئەوەم بە بیردا نایەت تەنانەت بۆ پێنچ خولەکیش بگەڕێمەوە،،ل13
نووسەر لەم کتێبەیدا لە چەندین شوێندا باس لە ژیانی ناخۆشی منداڵی خۆی دەکات، بەتایبەتی ئەو ئازارانەی کە بەدەست باوەژنەکەی و باوکییەوە جەشتوویەتی. ئەمەش کاریگەری ئێجگار خراپی بەسەر کەسایەتی و فیکری نووسەرەوە بەجێهێشتووە. دیارە نووسەریش وەکو هەموو تاکێکی تری کۆمەڵگە، دەوروبەر کاری تێدەکات بەتایبەتی خێزان، قۆناغی منداڵیش رۆڵی گەورەی هەیە بۆ پەروەردە و کەسایەتی تاک.
نووسەر دەڵێت:
منداڵی من، تەنانەت لە دوای پەنجا ساڵیش هێشتا ناوچەیەکی ترسناکە، بۆمبێکی کاتییە، منداڵیم تا ئێستاش مۆتەیەکی مەترسیدارە، بەردەوام لە دەستی هەڵدێم و بەردەوام بە دوامەوەیە، ئایا من ئەو کەسەم قەپ لە خۆم دەگرم؟ ل92
بەڵام ئایا دەتوانین لە مێژووی خۆمان رابکەین؟ دەتوانین لاپەڕەی مێژووی ژیانی شەخسی خۆمان لە مێشکماندا بسڕینەوە؟ پرسیاری لەویش گرنگتر ئەوەیە، ئایا راکردن رێگە چارەیە؟ یان دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بددەین؟
نووسەر دەڵێت:
ناه، نەخێر، هەرگیز ناگەڕێمەوە، ئامادەم سەفەر بۆ ئوسترالیا و مەریخ بکەم، چونکە هێشتا زۆر دوور نیم لە سوریاوە، دەمەوێ بچمە دوورترین شوێن، دووربکەوەمەوە لە منداڵی و لە ژینگەی یەکەم، هەموو رۆژێک حەسودی بەخۆم دەبەم کە من لە دەرەوەم و لەناوەوە نیم، هەموو رۆژێک بەخۆم دەڵێم، تۆ گەورەترین شانست هەیە لە مێژوودا،،،96
ئەمە هەمووی گوزارشت لەو رۆحی راکردنە دەکات کە لەناو ئەم رۆشنبیرەدایە، نازانم ئایا رۆشنبیر دەبێت لە کێشەکانی گەلەکەی رابکات، یان دەبێت لەگەڵیدا بژی؟ وەکو ئەوەی " گرامشی "فەیلەسوفی ئیتالیا ناوی لێناوە " رۆشنبیری ئۆرگانییک " کە هەڵگری خەم و کێشەکانی گەلەکەی بێت و لەناویدا بژیت، ئەگەر بشتوانێت رابەرێتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بکات بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش و ئیسلامی توندڕەو لە سوریا، دەرچوون و راکردنی بەشێکی زۆری نووسەران و رووناکبیرەکانی سوریا بوو، هەرچەندە هەموویان هەمان هەڵوێستی هاشم ساڵحیان نییە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە بەشێکی زۆری نووسەرە ناسراو و رووناکبیرانی سوریا وڵاتەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش وایکرد، کە مەیدانەکە بۆ فیکری فاشیستی بەعسیی و ئیسلامی توندڕەو بەجێبهێڵڕێت، لەکۆتاییشدا هەموو گەلانی سوریا باجی بڵاوبوونەوەی فیکری توندڕەیی ئایینی و نەتەوەیی بوونەوە.
وێنەی گشتگیری
هەرچەندە هاشم ساڵح خۆی دژی حوکمی توندڕەویی و تاکڕەوییە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆرجار حوکمی گشتگیریانە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆرهەڵات دەدات، حوکمی گشتگیریش زیاتر لە فاشیستییەوە نزیکە، چونکە تۆ بەیەکجار بڕیار لەسەر کۆمەڵێک کەس بددەیت جا بە باش یان بە خراپ، ئەمە هەڵوێستێکی ئەکادیمی و کامڵیش نییە. ئەوەی هەستی پێدەکەیت، نەک لەم کتێبەیدا بەڵکو لە کتێبەکانی تریشیدا نووسەر حوکمێکی گشتگیری داوە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا. خۆرهەڵاتی خراپ، خۆرئاوای باش.
نووسەر دەڵێت:
گرفتی رۆشنبیری عەرەبی ئەوەیە، کە رۆشنبیری رووت کردنەوە نییە، رۆشنبیری هەڵوەشاندنەوەو راشکاویی و شۆک نییە وەکو رۆشنبیری ئەوروپا، بەڵکو بریتییە لە رۆشنبیری ملکەچیی و کڕنۆش بردن، رامکردن و ماڵیکردن و وتنەوەیەکی بە بەغایی و تەسلیمبوون کۆڵدان،،ل122
ئەمەش حوکمێکی گشتگیرییە بەسەر رۆشنبیرانی عەرەب، چونکە زۆر نووسەر و رووناکبیری عەرەبمان دیوە، کە لەسەر هەڵوێستی خۆیان، رووبەڕووی زیندان و زوڵمی میرغەزەبەکانی خۆرهەڵات بوونەوە.
ئایا خۆرئاوا هەروا جوان بووە
نووسەر دەڵێت:
سوپاس لیسینک، هیگل، کانت، سوپاس بیرمەندە مەزن و گەورەکان کە چاوەڕێ دەکەین، کەسانی لەو چەشنە لای ئێمەش لە جیهانی عەرەبیدا دەربکەون تا لە تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ئازادمان بکەن ل 52
نووسەر لەبیری چووە نازیەتی ئەڵمانی کە دڕندەترین شێوازی حوکمرانی سیاسیی و ئایینی توندڕەو بوو، چ دۆزەخێکی بۆ گەلانی ئەوروپا نایەوە. چۆن بەناوی ئایینەوە ملیۆنان جوویان سووتاند. قسەی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، خۆ سەدان ساڵ بوو رۆشنگەری لە ئەوروپا و ئەڵمانیا کرابوو، بەڵام ئەمەش نەبووە رێگر لە هاتنە سەرکاری دڕندەترین و توندڕەوترین رژێم کە ئەویش نازیەتی ئەڵمانی بوو.
چەپاندنی سێکسی
بە حوکمی ئەوەی کە لە خۆرهەڵات و گێتی ئیسلامیدا، ئازادی سێکسی نییە، وایکردووە کە بەشێکی زۆری خەڵکی تووشی چەپاندنی سێکسی بن، ئەمەش بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی گرتۆتەوە. لەوانەبێت بۆ هەندێک کەس هەتا کۆتایی ژیانی لەگەڵ ئەم کەبتە سێکسییەدا بژی لە نموونەی هاشـم ساڵح.
نووسەر دەڵێت:
هەر کە پێم خستە خاکی فەرەنساوە، یەکەمین شت بۆی دەگەڕام ئافرەت و سێکش بوو،
من ماوەی چارەکە سەدەیەک، بەهۆی چەپاندنی سێکسی و ئایینی و ئامۆژگارییەوە، زەینم لە کار کەوتبوو. من کەمی رەوشت و کەمی پەروەردە نەیانکوشتوم، بەڵکو زۆری ئەخلاق و زۆری پەروەردە کوشتیانم، ل118
هەموو شتێک لە شەقامەکانی پاریسدا جوان و سەرنجراکێشە، ژنان لە هەموو لایەکەوە رێکپۆشن و جوانپۆشن، بەناو خۆبادانەوە رێدەکەن، جلی کورت لەبەردەکەن، ئەو هەموو پەیکەری ژنە رووتانە چەند جوانن لێرەولەوێ بڵاوبوونەتەوە،ل112
من زۆر بە شەقامەکانی پاریسدا گەڕاوم، راستە شەقامی جوانی تێدایە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەموو شەقامەکانی جوان نین، لەهەمانکاتیشدا نابێت جوانی شەقامەکانی پاریس لە دیمەنی رووتی ژنەکانیان ببینیتەوە، جوانی لە شتی تریشدا هەیە، ئەمەش گوزارشت لەو کەبتە سێکسییە دەکات کە هاشم سالح هەیەتی.
دواتر هەموو شتێکی پاریس جوان نییە، بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی بەدەست هەژاریی و بێکارییەوە دەناڵێنن. هەروەها لەو شەقامانەی پاریسدا زۆرجار بێگانەکان، رووبەڕووی سووکایەتی و جوداکاری دەبنەوە لەلایەن ئەو فەرەنسیانەی هەڵگری بیری فاشیستین، پاریس ئەم دیمەنە ناشیرینانەشی تێدایە.
دوا قسە
هاشـم ساڵح یەکێکە لەرووناکبیرە ناسراوەکانی سوریا و خۆرهەڵات، هەمیشە داکۆکی لە ئازادی بیرورا و دژایەتی بیری توندڕەوی ئیسلامی کردووە، هەموو ئەمانەش هەڵوێست و فیکری جوانن، بەڵام ئەوەی مایەی رەخنە و قبووڵکردن نییە، دژایەتییکردنی هەموو شتێکی خۆرهەڵات و وێناکردنی هەموو شتێکی جوان و باشی خۆرئاوایە، بەجۆرێک خۆرئاوا بە بەهەشتێک دابنێیت و خۆرهەڵاتیش بە دۆزەخ. لەوانەبێت ئاسایی بێت ئەگەر کەسێکی ئاسایی خۆرهەڵاتی وا سەیری خۆرئاوا بکات، بۆیە بەلێشاو گەنجی ئەم خۆرهەڵاتە بەرەو ئەوروپا دەچن، بەڵام ئەگەر کەسێکی نووسەر و رووناکبیر، ئەم تێڕوانینەی هەبێت، مایەی پرسیار و گلەییشە.