سەرنجێک لەسەر دیمانەکەی کاک مەسرور بارزانی؟
بەشێکی زۆری چاوپێکەوتنی کەناڵی شەمس لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، بە ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لێکدرایەوە. لە ناو ئەو چاوپێکەوتنەدا، پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی گرنگ دەکرا کە دەتوانن ببنە ڕێڕەوێک بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی، گەڕانەوەی ئارامی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی . ئەو بنەمایانە بریتی بوون لەمانە:
١. داننان بە بوونی جیاوازییە سیاسییەکان و دوورکەوتنەوە لە تۆمەتبارکردن و ھەڕەش و دەستبادانی سیاسی.
٢. گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ بە نیازی چارەسەری ڕاستەقینەوجدیی، نەک بە مەبەستی بەکارھێنانی قەیران بۆ قازانجی تاکلایەنە.
٣. دانانی بەرژەوەندیی گشتی و چارەنووسی ھاوڵاتیان لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسی.
٤. پابەندبوون بە دەستوور، یاسا، دامەزراوەکان و ڕێکارە دیموکراتییەکان بڕوابوون بە ئەنجامی ھەڵبژاردن..
بێگومان، ناکۆکیە سیاسیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەشێکە لە سروشتی ژیانی سیاسی و دیموکراتی کۆمەڵگای کوردی، چونکە جیاوازیی بۆچوون، بەرژەوەندی، بەرنامە و ئاراستەی سیاسی لە نێوان ھێزە سیاسییەکاندا شتێکی سروشتی و تەندروستە. بەڵام پرسی سەرەکی لەم قەیرانەدا بوونی ناکۆکی نییە؛ بەڵکو پرسی سەرەکی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکەدایە. ئایا ناکۆکی دەبێتە ھۆی گفتوگۆ،و ڕێککەوتن و پێشکەوتن، یان دەبێتە ھۆی دابەشبوونی، قەیرانو، وەستانی دامەزراوەکان و لەدەستدانی متمانەی گشتییە؟ چونکە ئەگەر ناکۆکی لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و بەرپرسیارییەتی سیاسی دەرچێت، ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە ھۆی کاولکاری، لەتبوون و زیاتر دوورکەوتنەوەی ھەرێمی کوردستان لە ئاسۆی چارەسەر..
لە لێدوانەکانی بەڕێز مەسرور بارزانیدا، بەردەوام ھەوڵ دەدرا لە زمانێکی فشار و توندوتیژیی سیاسییەوە بگەڕێتەوە بۆ زمانێکی نەرمتر و گفتوگۆ، و ئەوەش بە جۆرێک نیشانەی ئیرادەی گەڕانەوە بوو بۆ مێزی ڕێککەوتن . بەڵام لە ھەمان کاتدا، ئەو نیگەرانییەش بە ڕوونی ھەست پێدەکرا کە ئەگەر پارتی و یەکێتی، بەردەوام لەسەر ناکۆکی و ملمـلانێ بمێننەوە، زیانی ئەو ناکۆکییە تەنھا بە حیزبەکان ناگات، بەڵکو زیانەکە دەگاتە ھاوڵاتی، ئابووری، خزمەتگوزاری، ئاسایش، داھاتووی گەنجان و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە سیاسییەکان..
لە ڕاستیدا، خەڵک چیتر ناتوانن بەرگەی قەیرانێکی سیاسیی بەردەوام بگرن؛ کۆمەڵگە لە بەڵێنی سیاسی و وتاری ڕێککەوتن تێر بووە، ئەوەی پێویستی پێیەتی ئەنجامی کردارییە. ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە ھەر کاتێک پێویستی بە ئارامی سیاسی، جێگیری دامەزراوەکان و ڕێککەوتنی جددی ھەیە. بەڵام ئارامی بە وشە دروست نابێت، ڕێککەوتن بە کۆبوونەوەی بێ ئەنجام بەدەست نایەت و متمانە بە دروشم دروستنابێت بەڵکو بە کردارو، بڕیار و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان دروست دەبێت.
لە بەرامبەردا، بانگەشەکردنی ڕێککەوتنی سیاسی وەک دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بە خۆی ھەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئەو ھەنگاوە تەنھا کاتێک مانای ڕاستەقینەی دەبێت کە ببێتە کردار و لە سنووری وتار و لێدوانە سیاسییەکاندا نەوەستێت. ڕێککەوتنی سیاسی نابێت ببێتە پردێک بۆ کات کڕین، ئەبێت ئامرازێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان وە نە بەشێک بێت لە تاکتیکی سیاسی بۆ بەدەستھێنانی قازانجی کاتی. ڕێککەوتن دەبێت بە مانای چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت ،یان ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و گەڕاندنەوەی دامەزراوەکان بۆ ئەرکە ڕاستەقینە کەی خۆیان..
ھەرچەندە ھەوڵ بۆ نەرمکردنەوەی زمانی سیاسی و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی جدی جێگەی پشتیوانییە، بەڵام بەشێک لە دیدگا و ھەڵوێستە سیاسییەکانیش نیگەرانییەکی جدی دروست کردوە؛ بە تایبەتی ئەوەی کە ئایا لایەنە بەرامبەرەکان بە ڕاستی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیانەیان ھەیە، یان ھێشتا سیاسییەت بە زمانی فشار، کاردانەوە و بەربەستدروستکردن بەڕێوە دەبەن؟ ئەو نیگەرانییە کاتێک زیاتر دەبێت کە لە دوای چالاککردنەوەی پەرلەمان و ئەو فشار سیاسی و ڕاگەیاندنییەی یەکێتی لە کاردانەوەی گۆڵەکەی پارتی بۆ پەرلەمان دروست بوو، بەڵام ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دوور کەوتوتەوە و ەگەڕانەوە بۆ دۆخی پێش چواری نۆڤەمبەر، بە ھەڵسەنگاندنی سیاسیی ئێستاوە، ئەستەمتر دەردەکەوێت وە بەڕێز کاک مەسرور بە دووری زانی دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش کاتی چاڵاک کردنی پەرلەمان..
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو نیگەرانییانەشدا، چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان بە ھەڵوێستی نەرم،وە زمانی گفتوگۆ و ئیرادەی ڕێککەوتنەوە دەست پێدەکات، نەک بە زمانی ھەڕەشە و فشار. نەرمبوون لە سیاسەتدا نیشانەی لاوازی نییە؛ بەڵکو نیشانەی ھێز،و دانایی و بەرپرسیارییەتییە. سەرکردەی سیاسیی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە بتوانێت ناکۆکی دروست بکات، قەیران بەرھەم بھێنێت یان ڕکابەرەکەی لە گۆشەیەکدا گیر بکات؛ سەرکردەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بتوانێت ناکۆکی بخاتە سەر ڕێگای چارەسەر، بەرژەوەندیی گشتی لە پێش بەرژەوەندیی حیزبی بەرزتر بزانێت و کۆمەڵگە بەرەو ئارامی، یەکگرتوویی و پێشکەوتن ببات وە بەشێکی زۆر وەڵامەکانی بەڕیز مەسرور بارزانی بەرەو ئاڕاستەی کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بوو بۆ گەڕانەوەی یەکێتی لە دەمارگیری حیزبی بۆ ململانیەی دیموکراسی لەگەڵ پارتی لە ناو پەرلەماندا.
لە کۆتایدا ئەگەر ئیرادەی ڕێککەوتن ھەبێت، مێزی گفتوگۆ دەتوانێت دەرفەتی چارەسەر بێت بۆ ھەموو لایەک؛ بەڵام ئەگەر گفتوگۆ تەنھا بۆ کات کڕین و بەڕێوەبردنی قەیران بێت، ئەوا ناکۆکییەکان ھەر بەردەوام دەبن و خەڵکیش ھەر قوربانیی یەکەم و کۆتایی ئەو ملمـلانێیە دەبێت..