هە موو تێڕوانیەنەکانی بەختەوەری مرۆڤ سەبارەت بەخۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکان . ئەوەمان پێ دەڵی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بەبێ گوڕانکاری خودی مرۆڤ بوونی نیە ، چونکە گوڕانکاری وەکو ڕەچەتەیەکی پزیشکی نیە هەتا بتوانی لە ناو کایەکانی فەلسەفی و دیدگا ئاینیەکان و ئایدیۆلۆژیا سیاسیەکاندا بیدۆزیتەوە ، ئەگەر هاتوو مرۆڤ خۆی هەڵگر و بڕوای بە گوڕانکاری نەبێت، بۆ بەرهەم هێنانی بەختەوەری لە ناو کۆمەڵگادا.
لەراستیدا بۆئەوەی مرۆڤ بتوانی ئەو گوڕانکاریانە بکات . پێویستی بە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسی دیاریکراو هەیە کە بتوانێ ژینگەی بەختەوەری تێدا بنیادبنێ ، وە پێداویستیەکانی ئەو گوڕانکاریە لەناو ئەو چوارچێوە گشتیە کۆمەڵایەتیەدا جێگابکاتەوە. بۆ نمونە ئازادانە دیدگاکانی و تێڕوانیەنەکانی خۆی هەڵبژێری لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵی گورانکاریبدا لەسەر ئەو ئەو هەڵوێستە نەکوژرێت و ڕێزی لێبگیری ئەمە سەرەتاترین سەرەتاکانی دروستبوونی ژینگەی گوڕانکاریە.
دروستکردنی بەختەوەری لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لە ئێستادا زەحمەتە ، چونکە هەلی گوڕانکاری بۆ دروستکردنی بەختەوەری پێویستی بە فەزایەکی تایبەت بە تاك هەیە ، ئەو فەزایە دەبێت دوور بێت لە غەیبانێت و خورافیات و سیمبوڵ سیاسی دروستکراو وە بەتاڵ بێت لە چیرۆکی سیاسی ناڕاست و خۆهەڵخەتاندن بەناوی کۆمەڵی پرۆژەی وەهمیەوە تا بتوانێ جیهانێکی نوێ بخولقێنی و کاریگەری لەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگای کوردی هەبێ.
زەحمەتە بتوانین تاكی کورد بەختەوەر بکەین بەبێ ئەوەی کۆمەڵگایەکی خاوەن ئیرادەی گوڕانکاریمان هەبێ ، یان لایەنی کەمی ئەو چوارچێوە گشتیەمان ئامادە کردبێ کە تاکی ئێمە بتوانی ئازادانە گورانکاری ڕیشەی دروستبکات، بۆ لە دایکبوونی ژیانێکی نوێ.
دووبنەمای سەرەکی پێویست هەیە بۆ بەردەوام بوون و گوڕانکاری بەختەوەری کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵات بەتایبەتی هەرێمی کوردستان کە ئەویش بریتیە لە چاکردنی دۆخی ئابووری و سیاسی.
لەسەر ئاستی ئابووری پێویستمان بەئابووری سەربەخۆ بۆ تاك هەیە ، بەبێ جیاوازی لە نێوان ئافرەتان و پیاواندا وە دروستکردنی هەلی کار بە یەکسانی لەسەر هەموو ئاستەکانی ئیشکردن و خوێندن و گەشەپیدانی تواناکانی هەردوو ڕەگەز. چونکە هەتا تاکی کورد لەڕووی ئابووریەوە سەربەخۆ نەبێ توانای هیچ گورانکاریەکی بنەچینەیی لێناکری بۆ داهاتوو.
لەسەر ئاستی سیاسی مافی کارکردن بە یەکسانی لەناو هەموو ئورگانەکانی حیزب و حکومەتدا، دروستکردنی ئیرادەی سیاسی لەناو لوبی دەسەڵاتدا ، وە بەشداری تەواولەناو سەندیکاکانی پیشەی لەسەر بنەمای کەفائەتی تاك نەك لەسەر بنەمای دەستنیشانکردنی جەندەر و رەگەزی بەرامبەر، چونکە ئەوەی ئێستاکە لە کوردستاندا دەبنێری هێزی گوڕانکاری بۆ داهاتوویەکی بەختەوەر مایە پۆچە هیچ ئاسویەکی روون نیە بۆ داهاتوو.