ڕەنگە دەستبەسەرکردنی شارەوانیە کوردەکان یەکێک بێت لە ئەو یارییانەی کە ئەردۆغان دەیکات بۆ لابردنی فۆکەس لە سەر ناوچەی ئارام. ئەردۆغان زۆر باش یاری میدیا و سەرقاڵبونی جەماوەر دەکات. بەڵام ھەرچۆنێک بێت دانوستانێکی چڕی فرە لایەنی ئاڵۆز لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و کورد دا ھەیە لە سەر ناوچەی ئارام.
دانوستان ھەمیشە پەیوەستە بە دۆخی باوەڕ لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا. پەیوەستە بە ھاوسەنگی ھێز، ھەروەھا پەیوەستە بە مێژوو و ئەگەرەکانی داھاتوو. ھەمو ئەمانە لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا لە قەیراندایە لە ئیستادا، چەند شتێک تورکەکانی دڵخۆشکردوە، یەکەم، دانوستانەکان لە لایەن سینتکۆمەوە بەڕێوەناچێت بەڵکو لە لایەن ئیوکۆمەوە بەڕێوەدەچێت.
سینتۆکم کە بنکەکەی لە قەتەرە بنکەی سەربازی گەورەی ئەمریکایە و بەرپرسی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. بەڵام ئیوکۆم بەرپرسی کیشوەری ئەوروپایە. لە سیستەمی ئیدارەدانی سەربازی ئەمریکا بۆ دونیا چەند ناوەندی ھەیە، کە بەگشتی بە سەر کیشوەرەکاندا دابەشبون، بەڵام سینتکۆم تایبەتە. کورد چانسی ھەبو کە سینتکۆم بەرپرسی سوریا بوو.
لە سەرەتای جەنگی سوریاوە سینتکۆم کە بەرپرسی ئەو جەنگە بووە کێشەی ھەبووە لەگەڵ تورکیادا. بە پێچەوانەوە ئیوکۆم زیاتر مەیلی بەرەو تورکیا پێشان داوە. بەڵام ئەمە پرۆسەیەک نیە کە تەنھا لە لایەن پەنتاگۆن یان ئیوکۆمەوە بەڕێوەبچێت. بەڵکو کۆشکی سپی و ئاسایشی نیشتمانی و سی ئای ئەی تیایدا بەشدارن.
لە دانوستانەکاندا چەند ئەگەرێک لە ئارادان کە ھەردولا یاری لە سەر دەکەن. یەکەم، تورکەکان وەھا بیردەکەنەوە کە ئەوەی بەدەست ھاتوە، کە بریتیە لە کردنەوەی بنکەیەکی چاودێری و ڕێگەدان بە تورکیا بەھاتنە ناو خاکی سوریاوە کە ھەتا ئیستا مەوداکەی دیار نیە، جۆرێکە لە بەرەوپێشچون. بەڵام لە ھەمانکاتدا لە مەترسی ئەوەدان کە پرۆسەکە ببێتە ھۆکاری ئەوەی کە لە ڕێگایەوە شەرعیەت بدرێت بە کوردەکان.
وەھا دیارە ئەمە ئامانجی ئەمریکایە کە ئەم دانسوتانە دەرئەنجامەکەی ئەوەبێت کە ڕۆژئاڤا شەرعیەت وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکیەکان وەھایان پێباشە کە ڕۆژئاوا ناوێکی جوگرافی تەکنیکی ھەبێت وەک باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا. بەو مانایە تورکیا لەگەڵ حکومەتی باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریادا مامەڵە بکات. ئەم ناوە جوگرافیە نائیتنیکیە بەشێکە لە تەکنیکی دانوستان و قبوڵکردن. پەیەدە خۆی لەمە ئاگادارە، بەتایبەتی لە ڕەھەندی ترەوە، کاتێک ناوی ڕۆژئاڤای لە خۆی کردەوە، کە زیاتر مەبەستی ڕەواندنەوەی مەترسی خێڵە عەرەبەکان بوو. ئەمەش لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا ڕونە کاتێک سڵاو بۆ خێڵە عەرەبەکان دەنێرێت.
بەو مانایە ئیدارەی کوردی دەبێت بە ڕێگایەکی زۆر ھەستیاردا بروات لە نێوان ناوەوە و دەرەوەدا.
گەرچی ڕونە تورکەکان ئامانجی بەرفراوانیان ھەیە لەوەی کە ناوچەی نفوزیان لە حەلەبەوە بۆ کەرکوک فراوان بکەن. یەکێک لە ئامانجەکانی ھێنانی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان تەنھا ئەوەنییە کە کورد بکاتە کەمینە بەڵکو ئەوەشە کە لە ڕێگای ئەو ھێزانەوە ناوچەی نفوز دروست بکات. خەونی تورکی کۆنە، ئەردۆغان بە ڕاشکاوانە بە برێت مەکگۆرکی ووتبو. بەڵام ئامانجی ھەنوکەیی لە ھاتنە ناو خاکی سوریا لە ھەمانکاتدا دەستگرتنە بە سەر ڕێگایەکدا کە بە ڕێگای ڕۆدکۆ ناسراوە کە نزیکەی سی کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دورە کە باشوری کوردستان بە حەلەبەوە دەبەستێت.
دیارە مەترسیەکی تری تورکەکان ئەوەیە کە ھیچ ڕونەدات یان ڕێکەوتن ئەگەر ڕوشبدات ھەر لایەن بەجۆرێک لێی تێبگات. لەمەوە گلەیی ئەوەیان ھەیە کە جێمس جێفری لە تورکیا بە جۆرێک قسە ئەکات و لە واشنتۆن بەجۆرێک و لەگەڵ کوردەکاندا بەجۆرێکی تر. ئەم نەبونی دڵنیاییە وەھا لێکدەدرێتەوە کە ھەرلایەک ئامانجی خۆی ھەیە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە بەدەستی بھێنێت، بەبێ بونی ھیچ ئامانجێکی ھاوبەش لە نێوانیاندا.
ئەمە لە ئاستی مامەڵەکردن لە گەڵ یەکتر و ھێڵە گشتیەکاندا. بەڵام لە ئاستی تەکنیکی یاریەکی تر بەڕێوە دەچێت. ئەم یاریە بریتیە لەوەی کە چۆن ناوچەی ئارام دروست بکرێت و درێژی وپانتایی چەند بێت.
لێرەدا پێشنیاری ئەوە ھەیە کە لە پێنج کیلۆمەتری یەکەمدا ئەمریکی و تورکەکان پێکەوەبن، لە نۆ کیلۆمەتری دوای پێنج کیلۆمەترەکە ئەمریکییەکان بن و پەیەدە لیی بکشێتەوە، بەڵام تورک بۆی نیە بێتە ناویەوە. لە چوار کیلۆمەتری پاشتر ئەمریکییەکان و پەیەدە بەڵام پەیەدە چەکی قورسی پێنەبێت. لە ھەمانکاتدا سوپای تورک بۆی نیە کە بچێتە ناو شارەکانەوە، بەڵکو دەبێت تەنھا لە دەرەوەی شارەکانەوە بێت.
ھەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێن:
یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت فشاری تورک نەھێڵێت و بەجۆرێک ڕازی بکات کە کاریگەری نەبێت لە سەر گۆڕینی دۆخەکە.
دووەم، ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگای ئەم پرۆسەیەوە دەروازە بۆ کورد بکاتەوە لە ڕێگای تورکیاوە ھەتا مامەڵەکردنی لە ڕوی لۆجستی و سەربازی و زۆر بواری ترەوە ئاسان بکات.
ئەمە ئاماژەیە بۆ پرۆسەی درێژخایەن، چونکە لە ھەمانکاتدا لە ھەوڵی ڕێکخستنی ناوەوەن. وەک فەرەنسیەکان دەڵێن پرۆسەکە جۆرێکە لە دی جا ڤۆ لەگەڵ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و تورکیادا.