پرۆفایلی وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا: ئەنتۆنی بلینکین
سەردار عەزیز
2020-11-30   902
ناوی ئەنتۆنییە، هاوڕێکانی پێی دەڵێن تۆنی. بە قسەی سەمەنتا پاوەر بێت تازە مناڵیان بووە. لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧دا لە ڕۆژنامەی نیورک-تایمز ئیدۆتۆڕیاڵێک دەنوسێت داوادەکات کە ئەمریکا دەبێت پەیەدە چەکدار بکات. چەند مانگێک لەمەوپێش لە دیدارێکدا پەیوەندی نیوان ئەمریکا و تورکیا و بە پەیوەندییەکی پڕ لە ئالانگاری لە قەڵەم دا. ئەگەر سێنات ڕەزامەندی لە سەر بدات ئەنتۆنی بلینکن دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. بە دیدی چاودێری جیوپۆلەتیکی ناسراو ئیان برێمەر هەڵبژاردنی وەزیری دەرەوەی لە لایەن سەرۆکەوە دەرخەری تێگەیشتن و بایەخ پێدان یان بایەخ پێنەدانی سەرۆکە بۆ ئەو پۆستە. دەکرێت ئەم دیدە لە پەیوەندی نیکسۆن و فۆرد بە کیسنجەرەوە بخوێنرێتەوە، بۆشی باوک بە جەیمس بەیکەرەوە، ئۆباما بە کلینتۆنەوە.
هەندێک جار کایەی دیپلۆماسی بۆ دوورخستەوەی کەسێک بە کاردێت، بە تایبەتی لە باڵوێزیدا. بۆ نمونە نوخبەی سیاسی پاریس حەزیان بە سیگۆلین ڕۆیال نیە، بۆیە کردیان بە باڵوێزی فەرەنسا لە کیشوەری بەستەڵەکی باشور، ئەنتارتیکا. ئەویش لە داخاندا کتێبێکی دەربارەی خیانەتە ناکۆتاکانی کۆشکی ئیلێزی نوسی. مادەم باسی فەرەنسامان کرد، با باسی ئەوەش بکەین کە ئەنتۆنی بلینکن فەرەنسی زانە. باوە پیارەی ئەو فەرەنسی زمان بوە. باوەپیارە بە زمانی فەرەنسی بو-پێغ، یانی باوکی جوان. باوەپیارە ئەو کەسەیە کە دوای جودابونەوەی دایک و باوکی بایولۆجی دەبێتە مێردی دایک. لە نێو کورددا وێنەیەکی ترسناک هەیە بۆ باوەپیارە و باوەژن. کە لە ساڵی ١٩٧٠باوانی بایولۆجی تەڵاق لەیەکتر دەسێنن، دایکی شو دەکات بە سامۆئێل پیسار و پاشان کۆچ دەکەن بۆ پاریس. پیسار کەسایەتیەکی ناسراوە لە دونیادا، لە کامپی نازییەکانەوە دەگاتە ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، لە سەردەمی کەنەدیدا. لە هارڤەرد نامەی دوکتۆراکەی دەنوسێت. لە زۆر جێگا و ناوەندی دونیادا کاردەکات. دەبێتە هاوڕێ و هاوەڵی تۆنی. چاودێرانی ئەم ڕوداوە لە ژیانی ئەودا بە هێند وەردەگرن بۆ سەر لە قاڵبدانی دیدی سیاسی. باوەپیارە جولەکەکەی ڕەنگە کاریگەری هەبێت لە سەر ئەوەی کە بەهێز دەبێت هاوکاری لاواز بکات. ئەمەش بنەمای دیدی دەستێوەردانە. دەستێوەردان چەمکێکی ئاڵۆزە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تەواو بە پێچەوانەی چەمکی سەروەریی وێستڤیلیاییە. هەموو کوردێک لە نەوەدەکان ژیابێت لە بیری دێت عدم التدخل فی الشوءن الداخلیە، یانی چی. گۆڕینی سەروەری دەوڵەت لە پاش وێستڤیلیا زۆر بە سودی کورد شکاوەتەوە. یەکێک لە ترسەکانی من لە سەر هەڵکشانی چین، وەک زلهێزێکی، گەڕانەوەیە بۆ سەروەریی وێستڤیلیایی. تۆنی دۆستی نزیکی بایدنە، ئەو کەسەیە کە بایدن بە go-to-guy وەسفی دەکات، بە مانای ئەوەی ئەو کەسەیە کە هەرچیت پێویست بوو بچۆ بۆ لای. لە کوردەواریدا دەڵێن چاوی ماریشی لایە. هەرچەندە تۆنی بیرۆکراتی سەردەمی ئۆبامایە بەڵام تەواو ئۆبامایی نیە. کاتێک ئۆباما لە لێدانی سوریا کشایە لە کاتی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی، تۆنی دژی بوو و ووتی، هێزی گەورە کەس فریو نادات، یان قسەی بەلاش ناکات، بڵەف. تۆنی ئایدەلۆجی نیە، وەک سەمەنتانیە. بەڵام خاوەن دونیابینیە. سەمەنتا ئافرەتێکی بەهێزە و یەکێکی ترە لە دۆستانی کورد. لە سەرەتای یەکەم کەمپەینی ئۆبامادا باوەشمان بە یەکتردا کرد، کاتێک سەردانی زانکۆکەمانی کرد. تۆنی بڕوای بە هاوپەیمانی گلۆباڵە. بەو پێیە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر کێشەیەک. ئەمە ڕەنگدانەوەی دیدی بایدنیش خۆیەتی. کارێک کە بلینکن دەبێت کاری لە سەر بکات گەڕانەوەی هەیبەتە بۆ وەزارەتی دەرەوە. مام ترەمپ بڕوای بە وەزارەت و ئەو شتانە نەبوو. ئەو تێگەیشتنی وەهابوو، کە خۆی نەبێت کەس هیچی پێناکرێت و ئەوەی بە خۆی دەکرێت بە کەسی تر ناکرێت. ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەبوو کە وەزارەتی دەرەوە، وەک وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی لێهاتوو، بودجەی زۆری بڕابوو، پلەی کەس بەرز نەدەکرایەوە. بە جۆرێک گۆڤاری ئەتلانتیک لە ساڵی ٢٠١٧ نوسیبوی کە زۆربەی کارمەندان کاریان بۆ ناکرێت چونکە نیگەرانی پۆستەکانیان. بلینکن دەبێت ئەمانە بگۆڕێت و ڕەنگە ئەو دیپلۆماتانەش بهێنێتەوە کە ترەمپ لەبەر جیاوازی بیروڕا دەریکردن. تۆنی لە ژینگەیەک و خێزانێکەوە هاتوە کە هەموان لە پێگە باڵاکانی حکومەتدا بوون. باوکی باڵوێزبوو، خێزانەکەی لە کۆشکی سپی کاری کردوە بۆ هیلەری لە کەمپەینی هیلەریدا یەکتریان ناسی و هیلەری چوەتە شاییەکەیان. پاشان کار بۆ بایدن دەکەن. بەڵام ئۆباما دانوی لە گەڵ تۆنیدا نەدەکوڵا. لە دوا کتێبیدا تەنها دووجار باسی دەکات. ئۆباما ڕۆشنبیربوو، بەڵام خاوەن ئەزمونی دەرەکی نەبوو، ئەمەش وەهایکرد کە بایدن و بایدنییەکان کاریگەرییان هەبێت. وەک ڕۆشنبیرێک ئۆباما بە خێرایی و دەستوبرد کاری نەدەکرد، زۆر لایەنی کێشەکانی دەبینی و بڕیاردان بۆی ئاسان نەبوو. لە نێوان کورد و جولەکەدا هاوشێوەییەکی زۆرهەیە، لە نێوان هۆلۆکۆست ئەنفالدا هاوشێوەیی زۆر هەیە. بەڵام ئەنفال چونکە بە زۆری خەڵكی لادێی هەژار قوربانی بون، نەبوەتە بنەمای ئەخلاق و دونیابینی. لە هەمانکاتدا ئێمە توانای ڕامان لە ڕوداوەکانی خۆمان زۆر کەمە. چینی بە ناو بیرمەندی ئێمە بە زۆری قەڵەمی شەڕی ناوخۆن. بەڵام بلینکن تەنها کەسێک دەبێت لە بڕیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. سیستەمی بڕیار لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنها لە دەستی وەزیر و یەک وەزارەتدانیە، بەڵکو هێز و لایەن و بەرژەوەندی زۆر بڕیار لە سەر ئەو بوارە دەدەن. سی ئای ئەی، تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، پەنتاگۆن، تەنانەت ناوەندێکی وەک سینتکۆم، بە تایبەت لە پەیوەندی بە کوردەوە، لۆبییەکان، سێنات و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، میدیا، لە سەروی هەمویەوە سەرۆک. سەرباری ئەم هەموو ئاڵۆزی و تێکچراژانە لە نێوان ناوەند و دەزگاکانی ئەمریکادا هەمیشە کێبڕکێ هەیە. بەڵام ئەوەی کاریگەریی لە سەر هەموو زیاترە دۆخی ئەمریکا و جیهانە. وەک دەبینرێت دونیا چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی. لە هەمانکاتدا خەڵکی ئەمریکاش، بە تایبەتی دەنگدەرانی کۆمارییەکان چاوەڕێی ئەوەن کە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی. لە نێوان ئەم دوو گەڕانەوەیەدا جیاوازییەکی زۆر هەیە. بەڵام ئەوەی هاوبەشە ئەوەیە کە هەردوو خوازیار و پیادەکەری سیاسەتی نۆستالیجیان. گەر سەرنجێک لە دروشمەکانی ترەمپ بدەیت گرنگترین وشە تیایدان دوبارە و جارێکی تر بون. ئەم وشانە ئاماژەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمێک لە ڕابوردودا. بایدن ناتوانێت ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەمریکای جاران. بەڵام دروشمی ئەمریکا پێش هەموانیش کۆتایی دێت، چونکە ئەو دروشمە لە ئەنجامدا یانی ئەریکا بە تەنها. ئەمە لە گەڵ بلینکن و بایدنیدا ناگونجێت. بلینکن لەو نوخبە لیبرالە باڵایەیە کە چوتە هارڤەرد و دونیای دیوە و ژیانێکی دەوڵەمەند و پڕ لە کەسایەتی گەورە ژیاوە، حەزی لە مۆسیقایە و وەها پەروەردە بوە کە دەوڵەتمەدار بێت. ئەم نوخبەیە لە لایەن زۆرێک لە خەڵكی ئەمریکاوە بێزراون. وەهایان دەبینن کە لە بڵقێکی داخراو و دابڕاو لە دونیادا دەژین و ئاگایان لە هەژاران نیە. ئەم ئاڵۆزییە یەکێک دەبێت لە فشارە گەورەکانی سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی بایدندا. پرسی ئەوەی سیاسەتی دەرەوە بۆ کێ؟ پرسێکی گەورەیە. بۆ تێگەیشتن لێی دەبێت هەندێک لە کارە ڕادیکاڵەکانی ڕۆبەرت ڤیتالیس بخوێنینەوە، ئەوە بۆ کاتێکی تر. بلینکن بۆ کورد باشە. بەڵام کورد دەبێت کاری زیاتری بۆ بکات و زەمینەی ئەوە برەخسێنێت کە بتوانێت لە باشییەکانی سودمەندبێت. بایدنییەکان واقیعی و پراگماتیکن، ئەمە هەمیشە بۆ کورد سودمەند نیە، چونکە پرسی کورد پێویستی بە سەرکێشی و دژایەتی هەیە. بۆیە نابێت پشتی لێبکەینەوە.
273Aram Rafaat, Shwan Mohamad and 271 others
22 Comments
3 Shares