داوا سەیرەکەی وەزیری پێشمەرگە

گۆران هەلەبجەیی
  2021-09-16     765
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی سەربە یەکێتی ،چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی هەنگاریدا کۆبووەتەوە ، شاندەکە تێکەڵەیەک بووە لە کەسانی ئەکادیمی و سەربازی لە کونسوڵخانەی هەنگاریا لە هەولێر.
تا ئێرە کارەکە ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نیەو جێگەی سەرسووڕمان و پێکەنیە ،ئەو داوایەیە کە وەزیری پێشمەرگە ئاراستەی شاندەکەی کردبوو.
فەرموو  بزانن کاکی وەزیر  چ جۆرە داواکاریەکی ئاراستەی شاندەکە کردووە :
{لە دیدارەكەدا وەزیری پێشمەرگە، باسی له خراپی دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و به‌رده‌وامی پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و راگواستنی زۆره‌ ملێ كرد، بۆ ئه‌مه‌ش وتی: {هه‌نگاریا دۆستی  دێرینی كورده‌ و خوازیارم له‌رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانتانه‌وه‌ به‌رۆڵی ئه‌رێنیی خۆتان هه‌ڵسن بۆ رێگه‌گرتن له‌و پڕۆسه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ كه‌ دژ به‌ به‌به‌هاكان و مافی مرۆڤه -هاوڵاتی 9.7}.
بەڵێ داوای لە هەنگاریەکان کردوە [لەڕێگەی کەناڵە دیبلۆماسیەکانەوە] ڕێگە لە پرۆسەی بە عەرەبکردنی ناوچە دابڕاوەکان بگرن.
بەڕاست داواکاریەکەی ئەم وەزیرە بیرتیژە لاتان سەیر نیە؟
بەهۆی ئەوەی حەوت ساڵ لەو وڵاتە ژیاوم،هاوژینکەم هەنگاریە،پەیوەندی بەردەوامم بە دۆستانی هەنگاریم هەیە ،لە ڕێگەی کەناڵ و ماڵپەڕە هەنگاریەکانەوە ئاگاداری دۆخی سیاسی و ئابوری و لایەنی تری هەنگاریام،جا لەسەر ئەم بنەمایانە سەرنجەکانم لە بارەی ئەو داوا سەیرەی وەزیر دەخەمە ڕوو.
هەنگاریا وڵاتێکی گچکەیە لە چاووڵاتە زلهێز ودەوڵەمەندو خاوەن کاریگەریەکانی ئەوروپاو جیهاندا.
لە پاش هەڵوەشانەوەی [ئیمپراتۆریەتی نەمساو هەنگاریا ]ئەو وڵاتە هیچ پێگەو سەنگ و کاریگەری و ڕۆڵی نەماوەو نیە.
تابۆی کرابێت خۆی بەدوور گرتوە لە دەستتێوەردانی سیاسی لە دەوروبەرو وڵاتانی دیکە.
تەنها شتێک کاری بۆ دەکات لەگەڵ وڵاتاندا مەسەلەی بەرژەوەندی ئابوریە،هەر ئەوەشە دەیجوڵێنێت.
هەنگاریا وەک دەوڵەت و دەسەڵات دۆستی هیچ وڵات و نەتەوەیەک نەبووەو نیە بە کوردیشەوە.
بەهیچ جۆرێک نایەوێت پەیوەندی تووندووتۆڵی لەگەڵ هەرێمدا هەبێت،ئەو کونسوڵگەرەیش هەیانە زیاتر بۆ کاری بازرگانی و ئابووری و کەلتووریە.
کەسێک کە سەر بە یەکێک لە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمە و چەندین ساڵ لەوێ ژیاوە ،زۆر هەوڵیدا نوێنەرایەتیەکی حکومەتی هەرێم بکاتەوە ،لە ئاکامدا هەوڵەکانی شکستی هێنا و دەسەڵاتدارانی هەنگاری نەچوونەژێرباری،ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوان مامەڵەی فەرمی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن نەک هەرێم.
لە نێو هەموو نەتەوەیەکدا کەسانی ئەکادیمی و نووسەرو هونەرمەند و هاوڵاتی هەن کە پشتگیری گەلانی چەوساوە دەکەن ،لەهەنگاریاش بەهەمان شێوە ،بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە کەسانە کاریگەریان نیە لەسەر ڕەوتی سیاسەتی حکومەتەکانیان .

بەدەر لەمانە  چ حکومەت و چ کەسانی ئەکادیمی و سەربازی هەنگاریا ،تەواو بێئاگان لەو کێشانەی ئەم وەزیرە باسی کردوون،هاوکات دڵنیام هەرگیز  ناچەنە نێو کێشەیەکەوە  کە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە.
دەپرسم لە وەزیر مەبەستی کەناڵی دبلۆماسی چیە؟ یانی حکومەتی هەنگاریا داوا لە حکومەتی عێراق بکات تا ئەو زەویانە بگەڕێننەوە بۆکورد؟ئەی بۆچی خۆتان ئەو کارە ناکەن؟
لەکۆتیدا دەڵێم دۆسیەیەکی گرنگ و هەستیار کە حیزبەکەت و پارتی خیانەتتان لێ کردوە، چەندین ساڵە پشتگوێتان خستوە و بێدەنگیتان کردوە لێی ،کردتانە قوربانی ململانێی ناشەریفانەی حیزبی و گۆڕیتانەوە  بە بڕێک نەوت ،ئێستا دەتەوێت چەند کەسێکی بێدەسەڵاتی ووڵاتێکی بێکاریگەر بۆتان بگەڕێنێتەوە؟ بەڕاستی جێگەی پێکە نینە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×