پەرلەمانی درۆزنەکان

شەهلا نەجمەدین
  2026-11-11   

شەهلا نەجمەدین

“بۆ شتراسبۆرگ” گفتوگۆیەکی نێوان ژاک دێریدا و ژان-لوک نانسی و فیلیپ لاکۆ لابارتە دەربارەی هاوڕێیەتی و فەلسەفە. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا دێریدا سیناگۆگ synagogue وەک شوێن، کۆبوونەوە، ڕووبەری بەیەکگەیشتن، جێیەک کە تیایدا یەکتری دەبینین و گفتوگۆ دەکەین، وەسف دەکات. هەڵبەت ڕیشەی وشەکە لە بنەڕەتدا گریکییە و بە مانای شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی بوونی سیاسی دێت، لە سەدەی سێی پێش زاییندا و کاتێک جووەکان کتێبی تەورات لە دەقە عیبرییەکەوە وەردەگێڕنە سەر زمانی گریکی، synagogue وەک هاوواتای edah یان bet-ha-knesset دیاری دەکەن، ئەمەش بەکورتی واتە پەرلەمان Parlement، هەمان ئەوەی هێشتا لە ئیسرائیل بە "کنێست" ناسراوە. 

شتراسبۆرگ وەک شاری پەرلەمانی ئەوروپا، وەک ناوەندێکی کراوە بۆ پەرلەمانی پەرلەمانەکان، پەرلەمانی نێودەوڵەتیی نووسەران، پەرلەمانی فەیلەسووفەکان کە دێریدا و چەند بیرمەندێکی دیکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دایانمەزراند و نووسەری کورد "سەلیم بەرەکات"ـیش ماوەیەک تێیدا ئەندام بووە، ئەو جێیەیە کە گفتوگۆی لەبارەی فەلسەفە، سیاسەت، مۆسیقا، شانۆ، وێنەکێشان، شیعر، هاوڕێیەتی، میواندارێتی، و خۆشەویستییەوە تیادا ئەنجام دەدرێت، بە واتایەکیتر، شوێنێک بۆ فرەیی وتاری سیاسی و ئازادی گفتوگۆ، شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی نووسەران و پراکتیکی وتاری “پەرلەمانی”، ئەمەش بە مانای مشتومڕی دیموکراتیک لەگەڵ "ئەویتر"دا و ڕاوێژ و لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی “پەرلەمانی” و پێدانی بوارێک بۆ زمان و بیرۆکەی ئەویترەکان لە ناوەندەکەدا. بەڵام هاوکات وشەکە، مەبەستم لە parlementer، زۆرجار ڕێگە بەو گەمە زمانەوانییە دەدات کە لە وشەکەدا هەیە و دەکرێت وەربگەڕێت بۆ parlementir کە بە واتای قسەی درۆ، درۆکردن، گفتوگۆی درۆزنەکان دێت.

بەهۆی ئەم دوو جەمسەرییەی کە لە وشەی پەرلەماندا هەیە، دێریدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە لەجیاتی وشەی Parle-ment، وشەی Parole- بەکاربهێنرێت کە وتەیەکی کردارییە، جۆرێک گفتوگۆیە کە خودی کردنەکەی لەناو وتنەکەیدایە. Parole لە فەرهەنگە ئینگلیزییەکەیدا جۆرێک بەڵێن یان سوێندە کە لە خۆیدا پابەندبوونێکی کردارییە، لەم بارەدا پەرلەمان ناوێکی دیکەیە بۆ سیناگۆگ synagogue کە لە جووداییزمدا شوێنی عیبادەتیشە: پەرستگە. پەرلەمان بەهۆی ئەو سوێندەوە کە پەرلەمانتاران دەیخۆن، بەهۆی ئەو بەڵێنی ڕاستگۆیی و وەفادارییەوە کە بە "ئەویتر/ئەوانیتر" (بە خودا یان مرۆڤ)ی دەدەن، دەبێتە جۆرێک پەرستگە، شتێکی وەک سیناگۆگ، ئەمەش بۆ پاراستنی ئەو شکۆیەی کە پێویستە پەرلەمان هەیبێت، بەو مەرجەی پەرلەمان وەک شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی دەنگە جیاوازەکانی ئەوانیتر و هاوکات وەک شوێنێک بۆ چالاکیی پراکتیکی لە جۆری ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، هاوپشتی و میوانداری تێبگەین. بۆ ئەمەش پێویستمان بە دادپەروەری هەیە لە بیرکردنەوەدا لە ئەخلاق، یاسا، سیاسەت… دێریدا ئاماژە بە یەکێک لە جوانترین دەقەکانی ژان-لوکی هاوڕێی دەکات دەربارەی “ڕاستگۆیی ئێمە”، ئەوەی کە پێویستە لەبارەی نەزاهەت و پاکی و ڕاستگۆییەوە بیری لێ بکەینەوە.

ئایا پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی دەسەڵاتی دیموکراتی دەتوانێت شتێکی وەک پەرلەمانی نووسەران بێت؟ لە ئاستی دامەزراوەییدا، بەوپێیەی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانی دەزگایەکی دەوڵەتییە و پەیڕەوی لە سیستەمێکی هیرارشی و دەسەڵاتی ناوەندیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەکات، مۆدێلێک کە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات ڕێکدەخات، نوێنەرەکانی نێو ئەم دەزگایە دەتوانن پابەندی سوێندەکەیان نەبن، بەڵێنی درۆ بدەن، گفت Parole بگۆڕن بە گفتی درۆ Parle-ment, خۆشیان ببن بەوەی کە دێریدا پێی دەڵێت پەرلەمانتیر parlementir، یان ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر بە تەوسەوە پێیاندەوترا "پەرلەمان-تێر"، واتە نەک تەنیا سوێندی درۆ و بەڵێنشکاندن بەڵکو کۆکردنەوەی سەروەت و سامانیش بە ئیمتیازاتە شەرعییەکان، یان بە سەفەقاتە نا شەرعییەکان. نوێنەرەکان دەتوانن دوور لەو دەنگانەی کە نوێنەرایەتییان دەکەن سەنگەری خۆیان بگۆڕن (ئەمەیان لە ڤێرژنە باشورییەکەیدا)، یاخود لەو ئامانجانە دوور بکەونەوە کە حیزب و پارتە سیاسییەکان بەر لە دەنگدان بانگەشەیان بۆ دەکەن، ئەمەش ڕێک بەو هۆیەی کە خودی بنەمای دامەزراوەی پەرلەمان چەندە بەشێوەیەکی دیموکراتیی بەشداریی سیاسیی خەڵک مومکین دەکات، هێندەش خەڵک لە سیاسەت دادەبڕێنێت. ئەم مەترسییە ئیمکانێکی بونیادیی پەرلەمانە، بەڵام لە وڵاتانی وەک ئێمەدا بووە بە تاکە بونیاد. لەم بارەدا پەرلەمان بۆ دابڕینی خەڵکە لە نوێنەرەکان، واتە فێڵێک بۆ هەڵمژینی توانای سیاسیی نوێنەرایەتیکراو لەڕێگەی نوێنەرەکانی نێو ئەم ڕێکخستە دەوڵەتییەوە بە ئامانجی کردنەدەرەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی سیاسییانەی خەڵک لە بڕیاردانی هاوبەش لە شێوازی ژیان و بەرهەمهێنان و پرسە ئابووری و ڕۆژانەییەکاندا و لێگەڕانی بۆ دەستەیەک لە “درۆزنەکان"، یان بۆ دەستەیەک لە "هەلپەرستەکان" یاخود بۆ تێکەڵەیەک لە هەردووکیان. جۆن هاڵۆوەی ئەمە ناو دەنێت قۆناغی گواستنەوە لە power-to بۆ power over. واتە گواستنەوەی هێزی کۆمەڵایەتیی بۆ دەسەڵات بەسەر خەڵکدا. “کاتێک ڕەوتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان تێکدەشکێنرێت، توانستی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی power-to دەگۆڕێت بۆ دژەکەی، واتە بۆ دەسەڵات بەسەر کۆمەڵدا power-over.” لێرەوە پەرلەمان داوێکە ململانێی نێوان خەڵک و شەقام لەگەڵ دەسەڵاتی سەروەر یان حوکمڕاندا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای بیرۆکراتی نێو هۆڵێکی داخراودا قەتیس دەکات کە ئێمە ناتوانین چاوەڕوانی بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری لێ بکەین، چونکە خودی پێکهاتەی حیزب شێوازی ڕێکخستنی پلەبەند و کۆنترۆڵی چینەکانی پێشوەختە لەخۆیدا هەڵگرتووە و کێبڕکێی نێو حیزبەکانیش لە پەرلەماندا دواجار بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و دەوڵەتە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا. دەوڵەت و دامەزراوەکانی ناتوانێت ببێتە “ئامڕاز"ێک لەپێناو بەرژەوندییەکانی خەڵکدا، ئەمەش بە هۆی ئەو سروشتی پلەبەندییەی لە مۆدێلی بەڕێوەبردنەکەدا هەیە 

زۆرترین بینراو
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
مه‌سرور بارزانی: له‌گه‌ڵ تۆم باراك هاوڕابوین كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌
کۆڕەک تیلیکۆم لە دادگای فیدراڵی دۆڕاندی و دەستەی گەیاندنی عێراق بردیەوە
فوئاد حوسێن وردەکاریی سەردانە نهێنییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران و هەوڵەکانی ڕاگرتنی جەنگ ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی لەسەر داوای ئەردۆغان دەچێتە تورکیا
لە وێستگەکانی ئاوەوە بۆ ساردکەرەوەی فرۆشگاکان؛ نهێنییەکانی گرووپی سایبەری "شەهید کاوە" و پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا دەکرێت
ئیکۆ عێراق وردەکاریی زیانە داراییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی کارەبا بڵاودەکاتەوە
حوسییەکان بۆ شەرع: لە بری شەڕی یەمەن، وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە
1. لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر؛ کەمبوونەوەی کارەبا و گرانبوونی بازاڕ ژیانی رۆژانەی لە سلێمانی قورس کردووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×