حیبر، نەخشە و داربەڕوو

سەمیر میرانی
  2026-11-07   

لە سەرەتادا حیبر بوو، حیبرێکی ڕەش لە قەڵەمی پیاوێکی ئینگلیزەوە دەڕژا، لە چادرێکدا لە نزیک بەغدا دانیشتبوو و بێ ئەوەی لە خاوەن خاکەکە بپرسێت، ھێلی بەسەر کاغەزدا دەکێشا. پێرسی کۆکس بە ناوی بەریتانیاوە ئیمزای لە سەر چارەنووسمان دەکرد، لە کاتێکدا ئێمە لە بناری زاگرۆس داربەڕوومان دەچاند، بە زمانێک گۆرانیمان دەگوت کە ھەرگیز نەبییستبوو، و خەونمان بە نیشتمانێکەوە دەبینی کە ھێشتا نەکێشرابوو. نەخشەکان پێیان گوتین: « تێکەڵ بن»؛ لە عێراقی نوێدا تێکەڵ بن، لە دەوڵەتێکی ناوەندیدا. و کەرکووک و نەوت لە دڵی چیرۆکەکەدا مانەوە.
سەدەیەک تێپەڕی، پاشان تۆم باراک ھات. پرسیارەکە زۆر نەگۆڕا، ئەگەرچی ناوەکان گۆڕان. لەو سەردەمەی کۆکس بە ناوی بەریتانیاوە قسەی دەکرد، ناوچەکانمان بە دەوڵەتی نوێی عێراقەوە لکێندران و تێکەڵبوونەکە لە سەرووی سەرمانەوە ھات.دوای سەدەیەکیش باراک بە ناوی ئەمریکاوە دێت، تا ناوچەکان و ھێزەکانمان بخاتە ناو ڕێکخستنەکانی دەوڵەتی نوێی سوریاوە، و تێکەڵبوون جارێکی تر دەگەڕێتەوە.
لە نێوان عێراق و سوریا، و لە نێوان سەدەیەک و سەدەیەکی تر، دۆزی کورد ھەر ھەڵواسراو ماوەتەوە لە نێوان بەرژەوەندییەکانی زڵھێزەکاندا. 
بەڵام ئەو تێکەڵبوونەی داوای لێ دەکەن، لە سەر چ بنەمایەک دەبێت؟ لەسەر بنەمای ھاوبەشی، یان توانەوە لە ناوەنددا؟ لە بەشێک لە خاکەکەماندا، ئیمە لەسەر کاغەز ھاوبەشین، بەڵام واقیع شتێکی تر دەڵێت؛ ئەی متمانە لە نێوان ھاوبەشەکاندا لە کوێیە؟
حیبر گۆڕا، چادرەکەش گۆڕا، ڕووخسارەکانیش گۆڕان. حیبر بوو بە دیجیتاڵ و نەخشەکان لە پشت شاشەکانەوە بەڕێوە دەبرێن. لەگەڵ ئەواندا جەنگاین، چەکمان لەگەڵ ئەواندا ھەڵگرت، و کاتێک شەڕ گڕی گرتبوو خاکمان بۆ ئەوان پاراست. پاشان ھەمان وشەمان بیست: «تێکەڵ بن». لە سوریای نوێدا تێکەڵ بووین، ھێزەکانمان ھەڵوەشێنرانەوە و خاکەکە گەڕایەوە بۆ ناوەند.
لە عێراقیشدا داربەڕوو ھەر ڕاوەستابوو لەسەر بەشێکی تری کوردستان. پاشان دەسەڵاتەکان کورت بوونەوە؛ لە نەوت و بودجەوە، پاشان دەروازە سنوورییەکان و داھاتەکان ، و چاوێکیش لە سەر فڕۆکەخانە. ئەمەش مەودای نێوان ھەرێم و ناوەند بەرتەسک دەکاتەوە؛ بەڵام جارێکی تر پێیان گوتینەوە:»تێکەڵ بن».
‏‎لە ھەموو ئەمانەشدا سووتەمەنی ھەبوو، بەڵام سووتەمەنی تەنھا نەوت نەبوو؛ نەوت بوو و جوگرافیا، ئاسایش و سنوور و ھاوپەیمانییەکان. خاک سووتەمەنی بوو کاتێک پێویستیان بە جوگرافیاکەی بوو، نەوتیش سووتەمەنی بوو کاتێک پێویستیان بە سامانەکەی بوو، کوردیش سووتەمەنی بوو کاتێک پێویستیان بە جەنگاوەرەکانی بوو. و دۆزەکەمان ھەر چاوەڕێی بەڵێنێکی نوێ مایەوە.
سووتەمەنییان برد و بەڵێنیان پێ داین؛ بەڵێنێک لە ساتی پێویستیدا دەدرەوشێتەوە، پاشان لەگەڵ  گۆرانی بارودۆخەکان کز دەبێت. ئێمە  بەڵێنمان بە پەێمان زانی، ئەوان بە ساتێکیان زانی؛ ئێمە لە یادەوەریدا پاراستمان، ئەوان لە دۆسیەکاندا پاراستیان.
کاتێک شەڕ پێویستی بە ئێمە بوو جەنگاین، بەڵام لە ساتی ڕێککەوتندا چاوەڕێمان کرد. لە جەنگدا ھاوپەیمان، لە ئاشتیدا بارگرانی . زلھێزەکان ھەمیشە دژی ئێمە نەبوون؛ ھەندێک جار نزیکترین ھاوپەیمانمان بوون، پاشان زمانەکە گۆڕا.‏‎
بەڵام ناتوانین ھەموو شتێک بخەینە ئەستۆی کەسانی تر. ناکۆکییە درێژەکانمان دەرگایەک بوون و زۆر جار لێیەوە ھاتنە ژوورەوە. ھەر جارێک لەسەر ڕێگاکە ناکۆک بووین، نەخشەش لەگەڵمان ناکۆک بوو، و ھەر جارێک بڕیارمان دابەش بوو، دەرگاکان بەرامبەر ئەوانی تر فراوانتر بوونەوە.‏‎
ھاوپەیمانییەکانمان لە نێوان خۆماندا گۆڕان و لەگەڵیاندا شوێنەکانیشمان گۆڕان، تا (ئەوی تر ) توانی لە ھەموو ناکۆکییەکی نێوان کوردەکاندا ڕێگایەک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بدۆزێتەوە. لەو کاتەشدا کە دۆزەکەمان پێویستی بە یەک دەنگ بوو، ئێمە دەنگی زۆرمان پێشکەش دەکرد.
لێرەدا پرسیارەکە ئازارمان دەدات: ئەگەر ئێمە لەسەر کوردستان ڕێک نەکەوین ، چۆن دەمانەوێت جیھان وەک دۆزێکی یەکگرتوو مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە تەنھا قوربانی نەبووین. ئێمە ئەو کەسانەین کە داربەڕوومان چاند؛ ئێمە ئەوانەین کە ناوەکەمان ھەڵگرت کاتێک نەخشەکان گۆڕدران؛ ئێمە ئەوانەین کە مانەوە کاتێک دەوڵەتەکان گۆڕان. لەوانەیە سووتەمەنییەکە ببەن، سنوورەکان بگۆڕدرێن، ھاوپەیمانییەکان و پەیمانەکان بگۆڕێن، و بەڵێنی نوێ بە ڕووی نوێ و حیبرێکی نوێوە بێت؛ بەڵام ئەو داربەڕووەی ئێمە چاندوومانە، نەخشەکانی ئەوان ناخوێنێتەوە.
کورد دەمێنێتەوە؛ ئێمە ئەوانەین کە داربەڕوومان چاند، ھەر ئێمەش بەروبوومەکەی دەچنینەوە.

زۆرترین بینراو
به‌رپرسێكی پێشوی ئه‌مریكا: ناكۆكییه‌كانی نێوخۆی هه‌رێم ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌ده‌نه‌ به‌غدا بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی
وتاربێژی هەینیی نەجەف داوا لە بەغدا دەکات نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بکات
"داهاتی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی 71% كه‌میكردوه‌"
تره‌مپ جارێكی دیكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی وێرانكردنی ئێران ده‌كات
كه‌شناسی: له‌ ئه‌مڕۆوه‌ باران بارین ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌
قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی؛ میدیایەکی عەرەبی هۆشداری لە گەڕانەوەی سیناریۆی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان دەدات
ئایزنکۆت چوار مەرجی قورس بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل دادەنێت و پارتە عەرەبییەکان دابەش دەبن
به‌رگریی شارستانیی سۆران: پێنج شاخه‌وان له‌ چیای هه‌ڵگورد بێسه‌روشوێنن
وه‌زیری گواستنه‌وه‌: بەمزوانه‌ پاسی 2026 بە سیستەمێکی ئه‌لیکترۆنی لە هەولێرو شاره‌كانی تر دەکەوێتە کار
تۆم باراك: عێراق له‌سایه‌ی سه‌ركردایه‌تی زه‌یدیدا، سه‌روه‌ری هه‌ڵده‌بژێرێت له‌بری پاشكۆیه‌تی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×