لە ناوەندە ئەدەبی ومێژووییەکانی کوردییدا، چەندین بابەتی کۆمەڵایەتی ومرۆیی هەن کە بەهۆی هەستیاریی ئایینی، کۆمەڵایەتی یان نەبوونی سەرچاوەی مێژوویی پێویستەوە، هێشتا وەک پێویست نەکراونەتە باسی توێژینەوە وگفتوگۆ. یەکێک لەو بابەتە فەرامۆشکراوانە، مێژوو وپێگەی چینێکە کە لە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکاندا بە "مخنث" ناسراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە مێژووی کوردی خۆیشی کەمتر تیشکی خستۆتە سەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی ئەم چینە لە سەردەمە ئیسلامییە سەرەتاییەکاندا، وسەرچاوە کوردییەکان زۆر جار لەم بابەتە بێدەنگ بوون یان بە پێویستیان نەزانیوە باسی بکەن. پێش ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکانی ئەم وتارەوە، پێویستە ئاماژە بە چەند دەستەواژە و زاراوەیەکی سەرەکی بکەین کە لە دەقەکەدا دووبارە دەبنەوە و ناسینیان بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحی سەردەمەکە زۆر گرنگە:
مخنث المخنث: زاراوەیەکە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بۆ ئەو پیاوانە بەکارهاتووە کە لە شێوەی ڕوخسار، ڕەفتار، دەنگ یان قسەکردندا لاسایی ژنانیان دەکردەوە. لە سەردەمە کۆنەکاندا ئەمە هەمیشە هاوتای هاوڕەگەزبازی نەبوو، بەڵکو زیاتر وەک شێوازێکی جەندەری یان نازی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرا، هەرچەندە لە سەدە دواکەوتووەکاندا واتاکەی گۆڕا.
دیوانی عەتا ديوان العطاء: سیستمێکی دارایی وئیداری بوو لە مێژووی ئیسلامیدا کە لە سەردەمی خەلیفە عومەرەوە بنەمای دابنرا بۆ دابەشکردنی مووچە وهاوکاری بەسەر موسڵمانان ودانیشتووانی دەوڵەتدا، کە لە سەردەمی ئەمەوییدا بۆ ئەشرەف ودەوڵەمەندانی شارەکان سەرچاوەیەکی گەورەی سەروەت بوو.
غەیرە أولی الإربة غير أُولي الإربة: ئەم دەستەواژەیە لە قورئانی پیرۆزدا لە سورەتی النور، ئایەتی ٣١) هاتووە بە شێوازی: أَوِ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُولِي الْإِرْبَةِ مِنَ الرِّجَالِ واتای ڕستەکە ووشەکان:
الأرب الإربة: بە مانای پێویستی، حەز، ئارەزوو، یان مەبەستی سێکسی دێت.
أولو الإربة أولي الإربة: واتە ئەوانەی حەز وئارەزووی سێکسیان بە ژنان هەیە.
غير أولي الإربة: واتە ئەو پیاوانەی کە هیچ حەز، ئارەزوو یان مەبەستێکی سێکسیان بە ژنان نییە وەک پیاوە نەخۆشە قوروەکان، ئەوانەی نەتوانای جەستەییان هەیە، یان کەسانی بەساڵداچووی بێئارەزوو. لە سەردەمی سەرەتای ئیسلامدا، مخنثەکان بەهۆی ئەوەی لە ڕووی جەستەیی یان دەروونییەوە هیچ حەز وئارەزوویەکیان بە ژنان نەبوو ووەک پیاوانی ئاسایی سەیر نەدکران، لە ڕووی فیقهییەوە خرایە چوارچێوەی "غير أولي الإربة"، بۆیە مۆڵەتیان پێدەکرا بچنە ناو ژووری ژنانەوە بێ ئەوەی وەکو پیاوی نامەحرەم سەیر بکرێن.
مۆجون المُجون: دەرچوون لە سنوورەکانی شەرم وئەخلاقی گشتی بەهۆی قسەی خۆش، نوکتەی زبر یان ڕەفتاری سەرپێچییەوە کە لە کۆڕی خۆشیدا باو بوو.
الإخصاء خەتەنەکردن / نێرینەبڕین: سزایەکی دڕندانە یان توند بوو کە لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دژی گۆرانیبێژان یان مخنثەکان بەکاردەهێنرا بۆ بڕینی ئارەزوو یان کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتارەکانیان.
کشانەوەی سیاسیی مەدینە وگەشەسەندنی کۆمەڵگەی تێر وتەسەل
لە درێژەی سەدەی یەکەمی کۆچییدا، هەردوو شارە پیرۆزەکە، مەککەی پیرۆز ومەدینەی منەوەرە، زۆربەی قورسایی سیاسیی خۆیان لەدەست دا. چونکە لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەری دەوڵەتی ئیسلامی و خستنەسەرەوەی هەرێمە دەوڵەمەندەکان بە دانیشتووان لە عێراق و شام، پایتەختی خەلافەت سەرەتا گواسترایەوە بۆ کووفە، پاشان بۆ دیمەشق.لە پاش شکستخواردنی عەبدوڵڵا کوڕی زوبێر لە ساڵی 692ی زایینیدا، ڕۆڵی سیاسیی حیجاز کۆتایی هات و تەنها لە یاخیبوونی پەرشوبڵاودا کورت بووەوە کە هاوسەنگیی هێزەکانی نەگۆڕی.ئەم کشانەوە سیاسییە نەبووە هۆی ئەوەی کە ئەم دوو شارە گەشە نەکەن؛ چونکە حەجی ساڵانە بۆ مەککە، شانبەشانی سیستمی دارایی، بۆ چینی دەوڵەمەند و ئەرستۆقراتی ناوخۆیی لە قورەیش و ئەنصار، سەرچاوەیەکی نەبڕاوەی سەروەت و سامانی دابین کرد، کە تا ڕادەیەک قەرەبووی زیانە سیاسییەکانی کردەوە.لە سایەی ئەم خۆشگوزەرانییەدا، کۆمەڵگەیەکی ئاوساو بە ناز و تێر و تەسەل دروست بوو کە بەشێکی زۆری ژیانی بۆ خۆشگوزەرانی و هونەر تەرخان کرد. ژیانی ئەدەبی ومیوزیکی گەشەی کرد؛ هۆنراوەی غەزەل سەربەخۆ بوو، ومیوزیکژەنە نوێکارەکان سەرکەوتوو بوون لە هێنانی ئامێر وڕێبازی نوێ بۆ نیمچە دوورگەی عەرەب، وسەرچاوە سەرەتاییەکان هەندێکیان بە ناسراوترین ناوزەند دەکەن بە "مخنث". پێناسەی هەندێک وشە ودەستەواژە لەم تەوەرەیەدا:
حیجاز الحجاز: ناوچەیەکی مێژوویی وجوگرافییە لە ڕۆژئاوای نیمچە دوورگەی عەرەب کە هەردوو شاری مەککە ومەدینە دەگرێتەوە.
غەزەل الغزل: ڕەچەشکێنێک یان جۆرێکە لە هۆنراوە کە باسی خۆشەویستی، جوانی وهەست وسۆز دەکات.
پێناسە، چەمک وڕەهەندە فیقهییەکانی "تخنث"
وشەی "مخنث" لەکرداری "خَنَثَ"وە سەرچاوە دەگرێت، کە بە مانای توندکردن وچەماندنەوەی دەمی مەشکەی ئاو دێت بۆ خواردنەوە. لەم مانگە ماددییەوە واتاکانی نەرم ونیانی وشێواندن وناسکی وباری مێینە وەرگیراون کە گرێدراوی چەمکی "تخنث" بوون.مخنثەکان لە سەردەمی پێغەمبەردا بە زمانێکی تێکشکاو قسەیان دەکرد، دەست وپێی خۆیان بە خەنە ڕەنگ دەکرد، ویاری “الكُرَّج"یان دەکرد، وڕێگەیان پێدەکرا بچنە ژووری ژنانەوە، چونکە ئەوان لە "غَير أُولي الإربة" ئەوانەی پێویستییان بە ژنان نییە بوون.
سەرچاوە میراتییەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مخنث پیاوێکە کە لە هەندێک لە سیماکانی ژناندا لاساییان دەکاتەوە، هەرچەندە لە دیاریکردنی سنوورەکانی ئەم لاساییکردنەوەیەدا جیاوازن. ابن حبیبی ئەندەلوسی بە "مۆدێلی مێینە لە پیاواندا" پێناسەی دەکات، وکرمانەیی جیاوازی دەکات لە نێوان تأنثی "خلقي" سروشتی و "تکلفی" خۆدروستکراو، ولۆمەکردن لە حاڵەتی دووەمدا نەبێت بە ڕەوا نابێت. بەڵام بەدرەدینی عەینی وابن حەجەری عەسقەلانی، بۆیان وایە کە هەرکەسێک کە تأنث لە سروشتیدا زاڵ بێت بەسەریدا، پێویستە جیهادی نەفسی خۆی بکات بۆ ڕزگاربوون لێی، ئەگەرنا شایەنی لۆمەیە، بەتایبەت ئەگەر دەرکەوت کە چێژی لێ وەردەگرێت.لە کاتێکدا سەرچاوە سەرەتاییەکان "تخنث" ناکەنە هێمایەک بۆ ئارەزووی سۆزداری بۆ پیاوان، بەڵام دیارە ئەم تێگەیشتنە لە سەدە دواکەوتووەکاندا گۆڕا. عەینی لە کتێبی "عمدة القاري شرح صحيح البخاري"دا دەگێڕێتەوە کە وشەی مخنث لە سەردەمی خۆیدا بەو کەسە دەگوترا کە هاوبەشی وەرگرە لە جووتبوونی هاوڕەگەزدا، وهاوڕەگەزبازی بە درێژبوونەوەیەکی توندتر وتوندوتیژتری تخنث دەبینێت، هەروەها جیاوازی دەکات لە نێوان "مخنث" و "مخنیث"، کە یەکەمیان دەکاتە مێینە و دووەمیان "مأبون. پێناسەی هەندێک وشە ودەستەواژە لەم تەوەرەیەدا:
الكُرَّج: جۆرێک بوو لە یاری وسەرگەرمی کە لەو سەردەمەدا باو بوو وهەندێک جار بە چاوی ناڕەزاییەوە سەیر دەکرا.
المأبون: زاراوەیەکە بۆ ئەو پیاوەی کە لە پەیوەندییەکی هاوڕەگەزبازیدا لایەنی وەگر مێینە پێکدەهێنێت.
ڕۆڵی مخنثەکان وەک نێوەندگیر وپێشڕەوی میوزیک هێت وطُوَيْس
لە سەردەمی ئەمەوییدا، هەندێک لە مخنثەکان ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتیی هەستیاریان گێڕا وبوونە نێوەندگیر لە نێوان پیاوان وژناندا. نموونەی دیاری ئەمە کەسێک بوو بە ناوی "هێت" هيت، کە بەهۆی نەبوونی حەزی سێکسی بۆ ژنان، متمانەی پێدەکرا ولە ماڵەکاندا وەک نێوەندگیر لە نێوان لایەنە عاشقەکاندا بەکار دەهات، تا ئەو کاتەی پاش ئاشکرابونی سیخوڕییە سۆزدارییەکانی، لە شاری مەدینە دەرکرا.سەبارەت بە هونەری میوزیک وگۆرانی، مخنثەکان بوونە پێشڕەوی گۆڕانکارییەکی گەورە لە شارەکاندا. دیارترین کەسایەتی لەم بوارەدا "طُوَيْس" طويس بوو، کە لە مێژووی ئیسلامیدا بە یەکەم کەس دەژمێردرێت کە تخنثی بە ئاشکرا بڵاو کردەوە وشانازیی پێوە کرد. طُوَيْس تەنها کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو یەکەم میوزیکژەنی نوێکار بوو کە ئاوازە سووک وخێراکانی وەک هَزَج ورَمَلی هێنایە ناو هونەری عەرەبییەوە وئامێری دەف وزەربی بەکارهێنا. سەرەڕای ڕەخنەی زانایان وپیاوانی ئایینی، طُوَيْس وهااوەڵانی لەلایەن گەورە پیاوان وچینی دەسەڵاتداری قورەیشەوە پشتگیریی دەکران، ولە ئاهەنگ و بۆنەکاندا پێشەنگ بوون. پێناسەی هەندێک وشە ودەستەواژە لەم تەوەرەیەدا:
هَزَج و رَمَل: ناوی دوو لە کێشە سووک و خێراکانی ئاواز و میوزیک و عەرووز لەو سەردەمە
الدلال وتێکەڵبوونی نوکتە، مۆجون وژیانی کۆمەڵایەتی
یەکێکی تر لە کەسایەتییە هەرە ناسراوەکانی مخنثەکان کە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ناوی هاتووە، کەسێکە بە ناوی "الدلال". ناوی ڕاستەقینەی نافید بوو، بەڵام بەم نازناوە بانگ دەدکرا کە ئاماژە بوو بۆ جوانیی ناز وڕەفتار وشێوازی قسەکردنی.الدلال نموونەیەکی زەق بوو بۆ تێکەڵبوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، نوکتەی زبر، ومۆجون لەگەڵ چینی دەسەڵاتدار وگەنجانی قورەیشدا. ئەو لە کۆڕ وکۆبوونەوەکاندا بە قسەی خۆش ونوکتە وگاڵتەکردن لەگەڵ دەوروبەریدا ناسرابوو، وتوانایەکی سەرسوڕهێنەری هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە هەستیارەکاندا. کارکردنی الدلال وەک نێوەندگیر لە نێوان پیاوان وژناندا وشێوازی ژیانکردنی، چەندین جار بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕ وناڕەزایی لە شارەکەدا. لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە کاتێک لە لایەن دەسەڵاتداران یان والییەکانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرا، بە زیرەکی وقسەی خۆش دەرچەی ڕزگاربوونی دەدۆزییەوە وبەرگری لە خۆی دەکرد. پێناسەی هەندێک وشە ودەستەواژە لەم تەوەرەیەدا:
الدلال: نازناوێک بوو بۆ ناوەکەی نافید، کە ئاماژە بوو بۆ جوانیی ناز وڕەفتار وڕووخساری.
مۆجون المُجون: بەزاندنی سنوورەکانی شەرم وئەخلاقی گشتی بەهۆی قسەی هەڵچوو یان ڕەفتاری سەرپێچییەوە بێ سڵکردنەو
کۆتاییەکی دڕندانە: سزادان بە خەتەنەکردن وونبوونیان
ئەم قۆناغە ئارامە نسبییەی خۆشگوزەرانی وگەشەی هونەریی مخنثەکان، لە سەردەمی خەلیفەی ئەمەوی سولیمانی کوڕی عەبدولمەلیکدا کۆتاییەکی توند ودڕندانەی بەخۆوە بینی. لە ژێر گوشاری گۆڕانکارییە سیاسی وئایینییەکاندا، دەسەڵات بڕیاری دا هەڵمەتێکی توند دژیان ئەنجام بدات وسنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت.سولیمانی کوڕی عەبدولمەلیک فەرمانێکی دڕندانەی دەرکرد کە تیایدا سزای خەتەنەکردن یان نێرینەبڕین و بڕینی ئەندامی نێرینە بەسەر مخنثە گۆرانیبێژەکاندا سەپێنرا. ئەم سزادانە توندە وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە میوزیک وئەم چینە لەسەر تێکدانی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان وئەخلاقی گشتی دروستیان کردبوو. دوای ئەم هەڵمەتە دڕندانەیە، دەنگ وباسی مخنثەکان لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ خامۆش بوو وڕووبەڕووی جۆرێک لە ونبوون وپاشەکشەی گەورە بوونەوە. ئەمە سەرەتای کۆتاییەکی تراژیدی بوو بۆ ئەو چینەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشڕەوی هونەر وخۆشگوزەرانی بوون لە شارەکانی حیجازدا، تاوەکو لە سەدە وقۆناغەکانی دواتردا لە بەغدا وشوێنەکانی تر بە شێوازێکی جیاواز دەرکەوتنەوە.