به‌رخۆریی هزریی لهروناکبیری کوردی‌دا
نەوزاد جەمال
2019-08-10   1294
ئاڵوگۆڕکردنی زانین و زانیاری له‌نێوان شارستانیه‌ت و
گه‌لاندا، نه‌ک هه‌ر ئاساییه به‌ڵکو پێویستیشه. له‌کاتێکدا گهلهسهردهستهکان
به‌هۆی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزه‌وه، یان به‌هۆی ئایینێکی زاڵه‌وه یان ئایدۆلۆجیاکی
گشتیرهوه، یان به‌هۆی زانست و ته‌کنۆلۆجیا، یان له‌ڕێی ئابورییه‌کی به‌هێزه‌وه،
توانیوانه هه‌ژمونیان به‌سه‌ر گهلهبندهستهکاندا بسه‌پێنن. بۆیه، زمان،
کولتور‌و نویسن و کتێبیش له‌و باڵاده‌ستییه بهدهرنهبووهو بهباوهربهخۆبوونهوه
گوتاری کولتوری خۆیان سه‌پاندووه. به‌رده‌وام کولتوری خۆیان به‌سه‌رچاوه‌ی هونه‌ر،
زمان، بیر‌و زانست داناوه. له‌گێڕانه‌وه‌کانی خۆیاندا گهلهبندهستهکانیان به‌هه‌ژاری
کولتوری، نه‌فامی و نه‌زانی و پاشکه‌وتوویی وێناکردووه.
ئاسۆی کوردیش له‌ئاڵوگۆڕی کولتوریی و شارستانیدا، ئه‌گه‌ر
خاڵیش نه‌بێت له‌رۆڵی کارا، ئه‌وا راسته‌وخۆ له‌ژێر کاریگه‌ری گه‌لانی سه‌رده‌ستدایه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی، نکوڵی له‌رۆڵی هه‌ندێ زانای ناسراوی کورد له‌نێو شارسته‌نیه‌تی
ئیسلامی‌دا ناکرێت. وه‌لێ کورد نه‌ک هه‌ر له‌رووی خاک و جوگرافیا‌و ئایین و سیاسه‌ته‌وه
ژێرده‌سته‌بووه، به‌ڵکو له‌ڕووی هزریی، هه‌ست و مهیلیشهوه داگیرکراوبووه.
ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدابێ، نه‌یتوانیوه له‌رووی هزرو روناکبیرییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی رابگرێت.
چه‌نده ئه‌مه بۆ باڵاده‌ستی و خۆسهپێنهریی ئه‌ویتر بگه‌ڕێته‌وه، هێنده‌ش کزی
متمانه به‌خۆبوون هۆکاره. داگیرکردنی کوردستان به‌داگیرکردنی بیروهه‌ستی گه‌له‌که‌یدا
ره‌تبووه.
ئه‌گه‌ر بواری
روناکبیری و رۆشنبیری نووسین و خوێندنه‌وه وه‌رگرین، ده‌بینی زه‌بوونی، وابه‌سته‌یی
و خۆڕاده‌ستکردنی بیروهزری ئه‌ویتری باڵاده‌ست(کولتوری عه‌ره‌بی/ئیسلامی، فارسی و
تورکی به‌وپێیه‌ی ئه‌ویتره زهوتکهرهکهی زاتی کوردن) به‌زه‌قی دیاره. دیارده‌ی
به‌رخۆریی رۆشنبیری و وه‌رگرتن له‌ده‌ستی سێوودوووی زمانی عه‌ره‌بی( به‌مدواییانه‌ش
فارسی)، سهلمێنهرهکهیه. زاتی که‌مده‌ست و زه‌بوونی کورد له‌خوێنده‌وارو نووسه‌ره‌کانیدا،
خۆی لهراگوێزانهوهو وه‌رگرتنێکی هه‌ژارانه‌ی نووسهرهعهرهبهکاندا ده‌بینێته‌وه.
خۆبه‌که‌مزانی وه‌ک گرێیه‌کی کولتوری و شارستانی، ره‌گێکی
ئاینی هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌درێژایی هه‌زاران ساڵ مرۆڤی ئێمه دهسهنگهو
گوێڕایه‌ڵی ئایدۆلۆجیای ئایین بووه. هه‌رچییه‌ک له‌زمان و گوتاری عه‌ره‌بیدایه،
به‌چاوی مه‌زنایه‌تی و پیرۆزییه‌وه په‌سه‌ندیکردووه. ئیدی، نوسه‌رو رۆشنبیرانیش،
لهکۆپیکردنهوهی ئه‌وه‌ی له‌و زمانه‌دا ووتراوه چڕبۆته‌وه. ئه‌م زاته کوردییه-نوسه‌ر/رۆشنبیر-
که خۆی ئه‌وه‌نده به‌که‌م و بچووک ده‌زانێ، تاپێیبکرێ به‌چاویی مهزنێتتهوه
لهنووسهرێکی عه‌ره‌ب بڕوانێ، ده‌ئه‌وه‌نده‌ش نوسه‌رێکی هاوزمانی به‌سوک ده‌بینێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئهویترهکهیدا، وه‌ک سێبه‌رو گه‌دایه‌کی چه‌ماوه، به‌ڵام وه‌ک
ئاغایه‌ک هاوزمانه‌که‌ی به‌که‌مزان و ئاستنزم پێناسه‌ده‌کات.
لێره‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی گشتی و
سیاسی ناهه‌قی به‌نووسه‌ر وروناکبیران کردووه، ده‌هێنده هاونووسهرو قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست
و خوێنده‌واره‌کانی، نوسه‌ری کوردیان بهبودهڵهو به‌هیچ زانییوه. سووکایه‌تی،
یه‌کترشکاندنه‌وه ئه‌نجامی ئێره‌یی، گیانی تۆڵهخوازی، و هیچ لهبارانهبوونێکه
که ناسنامه‌ی نووسین و نوسه‌رانی تاڕاده‌ی که‌مبایه‌خکردن بردووه. دواجار ئه‌مه، ئه‌نجامی خۆبه‌که‌مزانی ئه‌و
زاتهکوردیهیه.
لای ئێمه، روناکبیرو به‌توانا ئه‌وه‌یه که هه‌رچی له‌زمانی
عه‌ره‌بیدایه، بۆ کوردی راگوزاێت. وه‌کئه‌وه‌ی تاکه ده‌رچه‌و ده‌روازه‌ی
روناکبیری هه‌ر ئه‌و تاقهزمانهبێ که "ئه‌و" ده‌یزانێ. یا لێزانی هه‌ر
دووباره‌کردنه‌وه‌یه‌کی فوودراوی ووته‌و بۆچوونه‌کانی ده‌ستی دوووسێیه. ئه‌و تایپه
نوسه‌رو خوێنه‌ره، له‌ئاسۆی توانای زمانیی و باگڕاوندی به‌رته‌سکی خۆیه‌یه‌وه، پێیوایه
هه‌رچی لهعهرهبییدایه، باش و به‌رزه. ئیتر، ئێمه قه‌رزاربارین و بۆیه ده‌بێت
بێسێودوو وه‌ریبگرین. به‌ڵام، هه‌رگیز بیر لهدانهوهو به‌خششی خۆمان بۆ ناوه‌ندی
عه‌ره‌بی یان فارسی ناکه‌ینه‌وه.
ئه‌مه، واناگه‌یه‌نێ که زمانی عه‌ره‌بی به‌به‌راورد
به‌کوردی(نه‌ک زمانێکی ئه‌ورپی ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی) دهوڵهمهندنییه. به‌ڵام، من
به‌سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فه‌و زانستی نازانم. بێگومان، زمانی ئه‌ده‌به، زمانی
ئایین و زاستنهشهرعیهکانه. بۆیه، ئه‌گه‌ر روناکبیرو نوسه‌رێ، خۆی بهوزمانهدا هه‌ڵبواسێ، دواتر هه‌موومان لهتێگیشتن
و شرۆڤه‌ی فه‌لسه‌فه‌و زانست‌دا بهقهرزاربار دابنێ، ئه‌وه هه‌ژاری خۆیه‌تی به‌زمانه
جیهانیهکان.
له‌ڕووی مێژووییه‌وه،
نهوهخوێندهوارهکانی کورد تاپێش راپه‌ڕین، عه‌ره‌بی درهوازی دونیای ئه‌ده‌ب و
روناکبیرو ته‌نانه‌ت خویندنش بووه له‌زانکۆکانیشدا. ئه‌مه وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی
ئاڵوگۆڕی شارستانی ئاساییه. به‌ڵام، دانانی زمان و ده‌قی عه‌ره‌بی بهپێوری
روناکبیری و زانست و فه‌لسه‌فه، سته‌مه له‌خودی ئه‌و بوارانه‌و جۆره تهسلیمبوونێکه
به‌هه‌ژموونی بیری عه‌ره‌بی له‌ژێر په‌رده‌ی روناکبیرییدا.
ده‌وڵه‌ته‌کان، ته‌نها له‌ڕێی سیاسه‌ت و سه‌ربازیییه‌وه
هه‌ژموونیان به‌سه‌ر گهلانیتردانهبووه، به‌ڵکو زمان و ئه‌ده‌ب و راگه‌یاندنیان وه‌ک
دیوێکیتری ئامرازی داگیرکردنی بیر‌و پوکاندنه‌وه‌ی باوه‌ڕبه‌خۆبوونیان لای خوێنده‌وارانی
کورد به‌هێزکردووه. ئه‌وانه‌ی شاره‌زایی زمانهئهورپییه بهرفراوهنهکانیان(
ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی و ئیسپانی) هه‌یه، ده‌زانن به‌شێکی زۆری ئه‌وه‌ی له‌بواری
فیکر‌و فه‌لسه‌فه‌و زانست‌دا بهعهرهبین(فارسی) دووباره‌کردنه‌وه‌ی خراپ یان باشی
به‌رهه‌می شارستانیه‌تی ئه‌ورپیی بن. هه‌ڵبه‌ت، مه‌به‌ستم له‌وه‌ش نییه که به‌رهه‌می
زمانهزیندووهکان چه‌نده پێشکه‌وتوون، ئیتر بێخه‌وشن. به‌ڵام، به‌رهه‌می نوسهرهناسراوه
عه‌ره‌به‌کان(دیاره هه‌موویان نا) وه‌رگرتنی ئاشکرای پێوه‌دیاره.
ره‌نگه هه‌ندێ نوسه‌رو وه‌رگێڕ، قه‌رزارباری تێکیستی عه‌ره‌بی
ناوداربن. وه‌لێ، هه‌رگیز کایه‌ی روناکبیریی کوردی قهرزاربارهکه نییه. چونکه،
ئه‌و نووسه‌رو وه‌رگێڕانه زمانی روناکبیریان به‌ده‌قی عه‌ره‌بی پژاوه، که ده‌کرا
هه‌مان شت بۆ فارسی، تورکی یان زمانێکی ئه‌ورپیش راستبایه. وه‌کچۆن سه‌روه‌ختێ به‌شێکی
مارکسیسته کورده‌کان، هێنده‌ی خۆیان به‌قه‌رزارباری 'ئیحسان ته‌به‌ر'ی ده‌زانی،
ئه‌وه‌نده خۆیان به‌قه‌رزارباری مارکس نه‌ده‌زانی. چونکه، تاکه ده‌روازه‌ی
ناسینی مارکسیزم(نه‌ک مارکس خۆی) ته‌به‌ری یان ههرنووسهریکی کارای فارسی یان عه‌ربی
بووه.
سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، له‌نووسه‌رو روناکبیرو خوێنده‌واره‌کان
نهدهگیرام ئه‌گه‌ر له‌ژێر کاریگه‌ری فارسی و عهرهبیدابوون. به‌ڵام، ئه‌مڕۆ به‌نه‌نگی
و نیشانی کهمڕۆشنبیریی داده‌نرێ. چونکه، چیتر له‌مپه‌ری ده‌ستگه‌یشتن به‌زمانه
جیهانی و زیندووه‌کان له‌بواری زانست(کۆمه‌ڵایه‌تی/ مرۆیی)، ته‌کنۆلۆجیاو فه‌لسه‌فه‌و
روناکبیرییدا نه‌ماوه. سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ناوێت و به‌گه‌ڕانێکی ناو ئینته‌رنێت،
ده‌توانیت بۆ هه‌ر بابه‌تێک، هه‌زاران ژێده‌ری به‌ئینگلیزی و هتد... ده‌ستبکه‌وێ.
جگه‌له‌وه‌ی، بابه‌تگه‌لێکی فهلسهیی و زانستی و هزری نوێ ده‌دۆزیته‌وه که
هێشتا نوسه‌رانی ئه‌و زمانههاوسێیانه پێیڕانهگهیشتوون.
پێویسته نووسه‌رو
توێژه‌ر بۆ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی به‌زمانی ره‌سه‌ن نووسراون بگه‌ڕێنه‌وه. سه‌یره له‌زمانی
کوردی‌دا، وه‌رگێڕانی تێکستی جیهانی له‌زمانی نه‌ک دووه‌مه‌وه، به‌ڵکو سێههمیشهوهیه.
راسته، وه‌رگێڕه‌کان توانایه‌کی دیاریکراویان هه‌یه‌و وه‌رگێڕانیش پێویسته. به‌ڵام،
چیتر پاساوێکی گونجاونییه. جگه‌له، ده‌ستخۆشی بهکهموکورتیکانیشانهوه، ده‌بێ
ده‌قی دایک و شاکارو سه‌رچاوه‌کان له‌زمانی ره‌سه‌نی خۆیانهوهر وه‌ربگێڕدرێن(مه‌گه‌ر
لاتینی، یا یۆنانی کۆن بێت).
چیتر، نابێ وه‌رگێڕان پاشکۆی فارسی و عه‌ره‌بی بێت. چونکه،
هه‌موو زمانێک و وه‌رگێڕانێک لێوه‌ی، ملکه‌چی گوتاری شوناسی کولتوری و سانسۆری وه‌رگێڕان
و پێوهرهکۆمهڵایهتی و ئایینی و سیاسیه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیه‌تی. بۆیه، گومان
ده‌خرێته‌سه‌ر ئه‌و دهقهههستیارو ره‌خنه‌ییانه‌ی له‌بواری هزرو فه‌لسه‌فه‌و
زانستدان، ئاخۆ چه‌نده له‌وه‌رگێڕاندا شێوێنراون، ده‌نا لهساسنسۆری چاپ تێناپه‌ڕن.
لهتویژینهوهیهکمدا سه‌باره‌ت به(میری ماکاڤیکی-به‌عه‌ره‌بی و فارسی، یان
کتێبی چیرۆکی فه‌لسه‌فه وێڵ دۆرانت-عه‌ره‌بی) بۆمده‌رکه‌وت که بهمهبهستبێت یان
نا ده‌ستکاریکراون.
ره‌نگه، که‌سێک واتێبگات به‌رخۆری هزری خۆرئاواوییم
له‌هی فارسی و عه‌ره‌بی پێباشتره. نه‌خێر، مه‌به‌سته‌که زاتی بیرکه‌ره‌وه‌ی کورده
که ده‌بێت، سه‌ربه‌خۆییی له‌زانست، فه‌لسه‌فه‌و بیروهزرو ئه‌ده‌ب و بوارهکانیتردا
به‌ئامانجێکی شارستانی و روناکبیری(نه‌ک هزری نه‌ته‌وه‌ی به‌رته‌سه‌ک) سهرڕێخات. نه‌شیاوه
له‌سه‌رده‌مێکدا که جیهان له‌نێو تۆڕی ئینته‌رنێتدا واڵایه، نه‌توانین خاوه‌نی
بیر‌و هزرو جیهانبییه‌کی خۆمانه‌یی بین. ئیدی، له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌مارگیری گوتاری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه
باس له سه‌ربه‌خۆیی ئاگایی و به‌رهه‌می هزری ده‌که‌م، نه‌ک شهڕهنهتهوه. له‌به‌رئه‌وه،
ته‌ماشاکردنی نووسه‌رو توێژه‌رێکی خۆمانه، به‌چاوی نه‌وییه‌وه، گرێیه‌ک له‌که‌سێتی
ئێمه‌دا ده‌رده‌خات.
دیارده‌یه‌کیتر له‌ناوه‌ندی نووسیندا هه‌یه، له‌نوسه‌ر
واچاوهڕواندهکرێ ئه‌وه بنووسێ که خه‌ڵکی حه‌زی لێیه‌و پێی په‌سه‌نده. واته،
هه‌مان هه‌ڵوێست و میزاجی سیاسی و ناوچه‌گه‌ری و خێڵی هه‌بێت نه‌ک پراکتیزه‌کردنی
ئازادی بیری خۆی بکات. بۆیه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌نووسیت که خوێنه‌ر پێیخۆشه
بیبیستێ، ئیتر نووسینه‌که‌ی چه‌نده قوڵ و به‌پێزیش بێت، بێنرخه. له‌مه‌وه،
باشترین ده‌رفه‌ت بۆ نووسینی رۆژنامه‌یی و لێوان‌لێو له‌هه‌ڵوێستی رۆژانه‌و ووتنه‌وه‌ی
ئه‌و بابه‌تانه‌ی بازاڕیان گه‌رمه هاتۆته‌پێش. نووسه‌ر ده‌ربڕی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر
پێیباشهو رازیکردن مه‌یلییان نه‌ک ره‌سه‌نێتی بیری خۆی بۆته پێوه‌ر!
ئه‌وه‌شی به‌ناوی ره‌خنه‌وه ئاراسته‌ی هه‌ر نووسینێک ده‌کرێ،
نه‌ک هه‌ر ره‌خنه نییه، به‌ڵکو په‌لاماردان و سوکایه‌تیکردنه. چونکه، ئه‌گه‌ر
رهخنهبایه ده‌بوو ئه‌لته‌رناتیڤی بۆچوونه‌که له‌نووسینێکدا بخرێته‌ڕوو، نه‌ک پرته‌وبۆڵه
به‌ده‌م فڕکردنی پێک و چایه‌ک سه‌روپۆته‌ڵاکی نووسه‌رێک بکوترێته‌وه. نووسین و ره‌خنه
دیالۆگی جیدییه، نه‌ک هاشوهووش.