٨١ ساڵ تەمەن و ٢٥٠ جەنگ، نەتەوە یەکگرتووەکان لە تەرازوی واقیعدا

هەڤاڵ عارف
  2026-10-24   

ئەمڕۆ ڕۆژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانە، کە (٨١) ساڵ پێش ئێستا لەسەر خۆڵەمێشی وێرانکارییەکانی دو جەنگی جیهانی و لەپاش شکستی (کۆمەڵەی گەلان) لە پاراستنی سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی ئاشتی هاتە کایەوە.

 

​لە بنەڕەتدا، ئەم دامەزراوەیە بە کۆمەڵێک ئامانجی باڵا لەدایک بو، چەسپاندنی دادپەروەری نێودەوڵەتی، یەکسانی لە سەروەریی دەوڵەتان، ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنوسینی گەلان و قەدەغەکردنی پەنابردنە بەر هێز لە یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا، تاوەکو نەوەکانی داهاتو لە نەهامەتی جەنگ بپارێزرێن، بەڵام هەر لە ساتی یەکەمەوە، ئەم پرەنسیپانە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەدا ڕەنگیان نەدایەوە.

 

ئەنجوومەنی ئاسایش، وەک بەرپرسی یەکەمی ئاسایشی جیهان، لەسەر پێدانی پێگەی تایبەت بە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا و فەڕەنسا) بونیاد نرا بەمەش، لە ڕێگەی مافی ڤیتۆوە، دەسەڵاتی پەکخستنی بڕیارە چارەنووسسازەکان لە دەستی ئەم پێنج زلهێزەدا قۆرخ کرا، بە شێوەیەک  تەنانەت کۆدەنگی زۆرینەی وڵاتانی دیکەش نەتوانێت سنورێک بۆ ئەو هەژمونە دابنێت.

 

بۆ هەڵسەنگاندنی قوڵتری ڕۆڵ و کاریگەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی (١٩٤٥)ەوە تا ئەمڕۆ، پێویست ناکات لە دەرەوەی خۆیدا بەدوای پێوەردا بگەڕێین، خودی پەیماننامەی ڕێکخراوەکە، کە بنەمای یاسایی کۆکەرەوەی (١٩٣) دەوڵەتە و هەر لە دەستپێکی دیباجەکەیدا، بەرپرسیارێتی بنەبڕکردنی جەنگ و پاراستنی ئاسایشی مرۆڤایەتی و نەوەکانی داهاتوی خستوەتە پێش هەمو ئەرکەکانی دیکەوە بەراورد بە کارنامەی مەیدانی و ڕوداوەکانی جیهان باشترین تەرازوە بۆ ئەو دادوەرییە، کە بەم میکانیزمەش ئەزمون و هەنگاوەکانی (٨١) ساڵەی ئەو دامەزراوەیە دەخەینە بەردەم ئاوێنەی واقیع، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، ئایا نەتەوە یەکگرتوەکان توانیویەتی لە ئاست ئەو پەیمانە مێژوییەدا بێت، کە لەسەری بونیاد نراوە بۆ ئەوەی جیهان لە دوبارەبونەوەی کارەساتەکانی جەنگ بپارێزێت؟ لێرەدا لە بری وەڵامێکی سەرپێی، داتا و ئامار دەکەینە سەنگی مەحەک.

 

لە دوای ساڵی (١٩٤٥)ەوە تا ئێستا، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، جیهان زیاتر لە (٢٥٠) ملمڵانێی چەکداریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها بەپێی دوایین ئاماری ساڵانەی پرۆگرامی داتای ملمڵانێی زانکۆی ئۆپسالای سویدیش لە ساڵی (٢٠٢٥)دا  (٦٥) شەڕ و ململانێی چەکداری لە جیهاندا هەبوە، کە بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوە لە دوای جەنگی دوەمی جیهانیەوە.

 

لەپاڵ ئەم داتایانەشدا، هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا و ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەریانخست کە سەردەمی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەتانیش کۆتایی نەهاتوە، لەڕوی تێچوی مرۆییەوە، لە جەنگی ڤێتنامەوە تا قەیرانەکانی ئەمڕۆ، ملیۆنان کەس ڕاستەوخۆ لە مەیدانی جەنگدا کوژراون و دەیان ملیۆن هاووڵاتی مەدەنیش بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەوە(وەک برسێتی، بڵاوبونەوەی نەخۆشی و وێرانبونی نەخۆشخانە و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە)؟بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستـداوە،

 

هەر لە سەردەمی ئەم ڕێکخراوەدا، جیهان شاهیدی چەندین جینۆساید، کوشتاری بەکۆمەڵ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بوە،  لە کارەساتەکانی کەمبۆدیا (١٩٧٥–١٩٧٩)، کوشتاری حەما لە سوریا و سەبرا و شاتیلا لە لوبنان (١٩٨٢)، جینۆسایدی ئەنفال و هێرشی کیمیایی هەڵەبجە (١٩٨٨)، جینۆسایدی ڕواندا (١٩٩٤) و سربرێنیتسا لە بۆسنە (١٩٩٥)ەوە، تا جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە شنگال (٢٠١٤) نوێترین نمونەی ئەم کارەساتانەش، غەزەیە کە لە ساڵی (٢٠٢٣)ەوە جگە لەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی سیڤیلی تێدا بونەتە قوربانی،  وێرانکارییەکانیش بەشێکی فراوانی ناوچەکەیان لەگەڵ زەویدا یەکسان کردوە، بەپێی  هەڵسەنگاندنی خودی نەتەوە یەکگرتوەکانیش  (٨٢٪)ی بیناکانی کەرتی غەزە یان وێران بون یان زیانیان پێگەیشتوە. کەواتە تۆی خوێنەر پێمان بڵێ ئەمانە دەستکەوتن بۆ ئەم دامەزراوە نێو دەوڵەتییە یان شکست؟

 

هۆکاری ئەو روداوانەی سەرەوەش، کە بەژمارەو  دۆکیۆمێنت خستمانەڕو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو پێنج ووڵاتەی لە ڕێگەی مافی ڤیتۆوە بڕیاری شەڕو ئاشتییان بەدەستە، لە زۆربەی قەیرانەکاندا خۆیان لایەنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ململانێکانن و بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی خۆیان دەخەنە پێش بنەماکانی پەیماننامەکەوە، بۆیە کاتێک دوای تێپەڕبوونی (٨١) ساڵ و سەرەڕای گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە جیهاندا و پێشکەوتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، هێشتا پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش و قۆرخکاریی مافی ڤیتۆ هەر وەک سەردەمی دامەزراندنی ماوەتەوە، ئەوا چاوەڕوانی جیهانێکی سەقامگیر و عەدالەتێکی سەرتاسەری لەم ڕێکخراوە، تەنها وەک بانگەشەیەکی تیۆری و دور لە واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.

 

بەدیوێکی دیکەدا، ئەم  نادادپەروەرییە تەنها لە مۆنۆپۆڵکردنی بڕیاردا کورت نەبوەتەوە بەڵکو لە شێوازی پێکهاتەی ئەنجومەنەکەشدا بەتەواوی رەنگی داوەتەوە، هیچ ڕەوایەتییەکی تێدا نییە کیشوەرێکی وەک ئەفریقا، کە نزیکەی یەک ملیار و نیو دانیشتوی هەیە، لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەردەوام لەناو شەڕ و ئاڵۆزیدایە، کورسییەکی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا نەبێت بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانیان، کەچی پێنج دەوڵەت تەراتێنی تێدابکەن و مافی ڤیتۆ وەک ئامرازێکی تایبەت بۆ پاراستنی هەژموونی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان بەکاربهێنن.

 

گرێکوێرەی سەرەکی لە بەردەم ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییەش، لە خودی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان خۆیدایه، بەتایبەت لە ماددەکانی (١٠٨) و (١٠٩)دا، کە دەرگای بە ڕوی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستەمەدا داخستوەو خستویەتییە ناو تەڵەیەکی یاسایییەوە، بەپێی ئەو دو ماددەیە، هەر هەوڵێک بۆ هەموارکردنەوەی پەیماننامەکە یان دەستکاریکردنی مافی ڤیتۆ، جگە لە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامان، پێویستی بە ڕەزامەندی هەر پێنج زلهێزەکەش هەیە، واتە بەخشینی مافی ڤیتۆ بۆ پاراستنی خودی ڤیتۆ.

 

بۆیە تا ئەم بەربەستە یاساییانە تێکنەشکێندرێت،

ئەقڵیەت و هەیکەلیەتی پێکهاتەی ئەم ڕێکخراوە لە قاڵبی ساڵی (١٩٤٥) نەهێندرێتە دەرەوە و نەخشەی نوێنەرایەتی گەلان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا سەر لەنوێ دانەڕێژرێتەوە، ئەوا نەتەوە یەکگرتوەکان هەرگیز ناتوانێت بەڵێنەکانی ساتی دامەزراندنی بکاتە واقیع و لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەی گەلانەوە، جیهان لە هەڵگیرسانی جەنگەکان بپارێزێت.

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×