پێشکەوتن، بەمانا لۆجیکیەکەی واتە، تێپەڕاندن و بەردەوام بوون، یان هەنگاونان بۆ دەرچوون لەدۆخێکی خراپ و وەستاو، بۆ قۆناغێکی باشترو گەشاوەترو پێشکەوتووتر.
هەرکایەو لایەنێک بگری و بەپێوەرە زانستیەکان، هەڵسەنگاندنت بۆئەنجامدا، ئەنجامەکەی ئەوە دەرئەخات، تاچەند توانراوە، گۆڕانکاری بەپێی پلان و بەرنامەی زانستی بەئەنجام بگات، ئەم هەڵسەنگاندنە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک و لە ووڵاتێکەوە، بۆ ووڵاتێکیتر، جیاوازە بەپێی ئەو نەخشەو سیستەم و یاسایانە، ئاستی زۆری و کەمی و باشی و خراپی ئەو گۆڕانکاریە، دەردەخات.
دنیای شارستانی وپێشکەوتن، وابەستە وگرێدراوی پەروەردەیە، هیچ ووڵاتێک گەشەناکات و پێشناکەوێت، تا خەمی پەروەردە و فێربوون نەکاتە، ئامانجی یەکەم، مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وانانەی کە بایەخی پەروەردە و گرنگیپێدانی شادیکردوون بە سەرفرازی و لوتکەی پێشکەوتن و ژیانی شایستە.
هەر نەتەوەومیللەتێک ڕووەو ئاسۆهەنگاوینا، هیج گومانێک نامێنیت، بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئاکام.
وەک (نەک براون) دەڵێ: (بۆ مانگ بڕۆو هەنگاو بنێ، ئەگەر شکستت هێنا، لە نێو ئەستێرەکاندا دەنیشیتەوە) ئەم وتەیە ئاماژەیەکی ڕاست و ڕوون و ڕەوانە، کاتێ مرۆڤ بە پلان و بەرنامەو هیواوە، کاربکات و هەنگاوبنێ، بە خواستەکەی دەگات، (کامەران موکری) شاعیری کورد بۆ ئەم مەبەستە، دێڕێکی جوانی هەیە دەڵێ:
هەر کاروانێ، بۆپڕشنگی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر، لەئەنجاما ئەگەنە خۆر
کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، لەئێستادا وەک کۆمەڵگاکانی سەدەی شانزەو حەڤدەی ئەوروپا وان، کە خۆیان وابەستەی پەروەردەی کۆن و دواکەوتووکردوە، بۆیە تا ئەو دۆخە نەگۆڕن و ئاراستەکەیان ڕووەوهاوچەرخ بوون نەکەن، هەربەوجۆرە دەمێننەوە، هیچ شتێک لەچاوەڕوانی بێ کرداردا نایەتە بەر دەستت، بۆیە(بیل کۆسبی)دەڵێ:( چاوەڕێی ئەو دەرفەتە نائاساییە مەکە بێتە لات، بەڵکو دەرفەتە ئاساییەکان وەربگرە وگەورەیان بکە).
بۆساڵی ٢٠٢٣ لەپۆلێنکردنی دە دەوڵەتی جیهان کە ئاستی پلەبەندیان بۆ گەشە کردن و پێشکەوتوویی بواری پەروەردەو فێربوون، لەلایەن زانکۆی(سێنتراڵ کوینتیکت)ی ئەمریکی ئەنجامدراوە، ڕیزبەندیەکە بەمجۆرەی خوارەوەیە:
* کۆریای باشوور پلەی یەکەمی گرتووە
* ژاپۆن پلەی دووەمی پێدراوە
* سەنگافورا لە پلەی سێیەمدایە
* هۆنک کۆنگ پلەی چوارەم
* فینلەندا پلەی پێنجەمی گرتوە
* ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پلەی شەشەمدایە
* کەنەدا پلەی حەوتەمی گرتووە
* هۆڵەنداش کەوتۆرە پلەی هەشتەم
* ئێرلەندا لە پلەی نۆهەمدایە
* پۆڵەندا دوا پلەی پێدراوە کە ژمارەی دەهەمە
ئەم پۆلێنکردنە بۆ ئەو ووڵاتانەیە کە گرنگی زۆر بە پەروەردە وفێربوون ئەدەن، ئەم ووڵاتانەی لەمەڕ خۆمان ناچنە ناو چوارجێوەی ئەم پۆلێنانە، چونکە لێرە ئەوەی جێناگرێ و نابێتە جێی سەرنج وبایەخی پێنادری، رەخنەو پێشنیاری زانستییە، بەڵام ئەو ووڵاتانەی دەچنە پلەبەندی و پۆلێنبەندی گرنگی زۆر بە پیسنیاروڕەخنە دەدەن و کاری لەسەردەکەن بۆ گەشەسەندن و ڕەخساندنی دەرفەتی باشترتا دەگەن بەوەی مەبەستیانە، کە پەروەردەیەکی هاوچەرخ و مۆدێرنە، لە پێناوشادبوون بە خۆشنوودیی و دادپەروەری .
کاتێ گویی خۆمان لەئاستی ڕەخنە بئاخنین، هیچ هەڵوێستێکمان نەبێت ، دەگەین بەوەی کە ئێستایە و ناومان ناچیتە ناو کولەکەی تەڕیش، بۆ ئەم حاڵەتە وتەیەکی (ئەلبێرت هابارد) دەهێنمەوە، کە دەڵێت:
( بۆ ئەوەی لە ڕەخنە دوور بکەویتەوە، هیچ مەکە، هیچ مەڵێ و هیچ نەبیت).
بەو هیوایەم ئێمە شت بین، ئەویش کاتێک کە، شت بکەین و شت بڵێین، بەڵام کەی و چۆن و بەچی دەگەین بەو ئامانجە بەرزە؟ دڵنیام هەرکات ئەوەمان کرد وئەنجامماندا، لەخەم دەڕەخسێین وشاد دەبین بەو خەونەی لە ئێستادا لامان مەحاڵە.